سەردێڕ:

ھێزی کرێ گرتە کێن؟

10/18/2020 9:08:57 PM
4879 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لەدوای بەناو بەھاری عەرەبی  و شەڕ و ململانێکانی کە بە دوای خۆیدا ھێنا، دیاردەی  پێکھێنانی میلیشیا و دروستکردنی تاقم و گروپی چەکداری سەری ھەڵدا، ئەویش لە ئاکامی  بەرەڵایی و بێ سەروبەری و ئەو ئاژاوەی گەورەی کە ناوچەکەی گرتەوە، زەمینەسازا بۆ ئەو تاقم و گروپانە کە بە شێوازی جیا جیا خۆیان رێک بخەن و ببنە ھێزێکی تەحتە تەلەب بۆ ھەر دەوڵەتێک کە پارەیان بداتێ یان لە رووی ئایدیۆلۆژیەوە ھاودید بن .

کرێ گرتەکان ئەو کەسانەن کە وەکو سەربازی سایە ‌و سێبەری دەوڵەتان بەکاریان دەھێنن بۆ بەدیھێنانی ئامانج و ئاواتەکانیان، بۆ ئەوەی خۆیان بە دووربگرن لە لێپێچینەوەی یاسایی .
لە ساترەکانی پێشەوەی شەڕەکانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین لەم سەدەی بیست و یەکەدا جەنگاوەرانێکی بیانی دەرکەوتن کە شەڕ بە وەکالەت بۆ خەڵکی تر دەکەن، کە ئەمە دیاردەیەکە لە زۆرێک لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت و پێدەچێت بۆ قۆناغەکانی داھاتووش ئەم دیاردە قێزەونە بەردەوام بێت کە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ‌و جیھانیش بە گشتی .

ئەو چەکدار و جەنگاوەرە بیانیە بە کرێ گیراوانە دەکرێت بیانکەین بە دوو بەشەوە :-

١- جیھادییەکان ئەوانەن کە رێکخراو و تاقمە تیرۆریستییە مەزھەبی و ئایینیەکان ساز و ئامادەیان کردوون و پەروەردەیان کردوون بۆ مەبەستی خۆیان و بەکاریان ھێنان و دەھێنن لە ئایندەشدا بە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی و دەروونی، ئەمانە بەشێکی زۆری خاکی عێراق و سوریا و لیبیا و شوێنەکانی تری ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین یان داگیرکرد .

٢- جۆری دووەم ئەو چەکدار و جەنگاوەرە بیانیانەن کە بە بۆند و گرێبەست  شەڕ دەکەن، کە ھەندێک وڵات بەکاریان دەھێنن لە بەرامبەر پارە و ئیغرائاتدا کە کردەوەی جەنگی و لۆجستی ئەنجام بدەن، نمونەی ئەمانە سەرکەوتن کە دەست بگرن بەسەر بیرە نەوتەکانی لیبیادا .

لە بەرامبەر جیھادییە توندڕەوەکاندا کە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکھێنرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان وەک ئەوەی لە عێراق و سوریا و لیبیا روویدا و لەناوبران، بەڵام ئەوانەی کە بە گرێبەست وەکو کرێ گرتە دەجووڵێنرێن لە ھەر کوێ پێویستیان پێیان بێت، ئەمانە رەخنەی زۆر لە رۆڵیان دەگیرێت لەبەرئەوەی دوورن لە لێپێچینەوەی یاسایی و لە لایەن وڵاتانەوە بەکاردەھێنرێن تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە ھەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەمیشەیش بەکاریان دەھێنن.

کاری ئەم کرێ گرتە گرێبەستانەش بە دوو شێوەیە: شێوەی یەکەم بەشداری شەڕی دەرەکی دەکەن لە رێگەی وڵاتان و دەڵاڵی کۆمپانیاکانەوە، شێوەی دووەمیش بە بەشداری راستەوخۆ لە ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتان وەکو لە وڵاتانی کەنداو .
تورکیا و کرێ گرتەکان.

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ماوەی رابردوودا ھەموومان شاھید بووین لە رێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیاوە کە چلۆن ئەو بەکرێگیراوانەی دەگواستەوە لە سوریاوە بۆ لیبیا بەتایبەتی بۆ پشتیوانی حکو‌مەتەکەی سیراج دژ بە ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر، ئێستاش بە ھەمان شێوە ئەو ھێزە بەکرێگیراوانەی گواستووەتەوە بۆ ئازربایجان بۆ ئەوەی دژی ئەرمینیا لە ھەرێمی نەگۆرنۆ قەرەباخ بەکاریان بھێنێت .

لە بەرامبەر ئەمەشدا تورکیا نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێت ئەرمینیاش سوودی لە جەنگاوەرە کوردەکان بینیووە بۆ جەنگ و راھێنان .
ئەگەر چاوێکی خێرا بەم دیاردە قێزەونەدا بگێڕین کە گەلان و وڵاتان خۆیان بەرگری لە خاک و زێدی خۆیان نەکەن و پەنا بۆ بەکرێگیراو و خەڵکانی تر ببەن، ئەوا دەبینین ئەوە ھەر تورکیا نییە بە تەنھا ئەم کارە بکات، بەڵکو لیستێکی درێژ ھەیە لە وڵاتان بە تایبەتی عەرەبەکانی کەنداو کە ھەموو متمانەیان بە ھێزی بەکرێگیراوی وڵاتانی ھەژارە بۆ پاراستنی وڵاتەکانیان .

١- کۆمپانیای ( فاگنەر ) کە کۆمپانیایەکی ئاسایشی روسی تایبەتی پەیوەستە بە کرملینەوە کرێ گرتە کۆدەکاتەوە لە ھەموو جیھانەوە بە تایبەتی لە ئۆکرانیا و سوریا و لیبیا و ئەفریقیای ناوەند و تا ئۆگەندا .

٢- بەپارەی دەوڵەتی ئیمارات ھەزاران جەنگاوەری بەکرێگیراوی سودانی لە شەڕی یەمەن و لیبیا بەشداربوون .

٣- ئێران ھەزاران جەنگاوەری بەکرێگیراوی ئەفغانی نارد بۆ سوریا بۆ پشتیوانی بەشار ئەسەد .

٤- وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەھۆی کەمی ژمارەی دانیشتوانەوە پەنا بۆ وڵاتانی عەرەبی تر و ئاسیاوی و ئەفریقی دەبەن بۆ ھێنانی خەڵکی و جەنگاوەر بۆ ئەوەی لە ریزەکانی سوپاکانیان و ھێزە ئەمنییەکاندا کار بکەن