سەردێڕ:

ئاوڕێک لە کەرتی تەندروستیی عێراق

7/13/2020 11:08:45 AM
1722 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھەرچەندە کەرتی ساغڵەمی بواری شارەزایی و پسپۆڕی من نیە، بەڵام لەکاتی سێرچ و چاودێری دۆخی سیاسی شێواوی وڵات و ناوچەکە بەسەر بابەت و زانیاری وادا دەکەوم ناتوانم پەردەپۆشیان بکەم و بۆھاوڵاتیانی مەینەتباری بەیان نەکەم .

لەپێش ئەوەی بچمە ناوباسەکەوە پێمخۆشە ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ھەرێمی کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە و ھەمان کێشە و کەمایەسی ھەیە لەکەرتی ساغڵەمیدا جگە لەکەرتی تایبەتی ئەگەر پێشووەچوونێک ھەبێت.

لەچل ساڵی ڕابردوودا کەرتی تەندروستیی عێراق پاشەکشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە دیووە بەھۆی شەڕ و ململانێ بەردەوامەکانی ڕژێمی ئەوسای عێراق، جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق- ئێران و داگیرکردنی کوەیت و گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی لەسەرعێراق و دوای ڕووخانی ڕژێم و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە کارەساتی گەورەی بەدواداھات.

عێراق سەرەڕای ئەوەی وڵاتێکی نەوتی دەوڵەمەندە و خاوەنی دووەم یەدەگی نەوتە لەسەرئاستی جیھان، بەداخەوە کەرتی ساغڵەمی لەدۆخێکدایە ئیرەیی پێ نابرێت ھێندە شپرزە و ماندووە بەتایبەتی ئەم ڕاستیە لەسەروەختی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا وەکو ڕۆژی ڕووناک بەدەرکەوت.

ئەگەر سەیری ژێرخانی تەندروستیی عێراق بکەین وەکو شارەزایانی ئەو بوارە باسی دەکەن ئەوا ٩٠% ئەو نەخۆشخانانەی لە عێراقدا ھەن لە سەردەمی حکومەتەکانی پێش٢٠٠٣ دروست کراون  تەنانەت ھەندێکیان لەسەردەمی حوکمڕانی پاشایەتیشدا بنیات نراون.

حکومەتەکانی دوای پرۆسەی ئازادی یان داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکیەکانەوە وەکو خۆیان دەڵێن نەیانتوانی سیستمێکی تەندروستی شایستە بەگەلی عێراق دابمەزرێنن وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا کە عێراق یەکێک لەوڵاتە زەنگینەکانی جیھان، بەڵام بەپێچەوانەوە وەبەرھێنان کرا لە کەرتی تەندروستی لەسەر حسابی ئێش و ئازاری ھاوڵاتیانی ھەژار و بێدەرەتانی وڵات ئیتر بەقۆرخکردنی بازاڕەکانی دەرمان و گەندەڵی و فەسادی کارگێڕی و دارایی زەبەلاح لەوبوارەدا کەدیارترین ئەنجامەکانی بڵاوبوونەوەی ھەڵکشانی نەخۆشی شێرپەنجەیە لەعێراقدا کە پێشترعێراق ئاستی بەرزی وای لەتۆمارکردنیدا بەخۆەوە نەدیووە.

لەلایەکی ترەوە ئەگەر چاوێک بەپارەی تەرخانکراو بۆ کەرتی ساغڵەمی لە بوودجەی ساڵانەی عێراقدا بخشێنین وەکو لە لێکۆڵینەوە و ڕاپۆتە پەیوەندیدارەکاندا ھاتووە، ئەوا دەبینین بەداخەوە عێراق یەکێک لەچرووکترین و ڕەزیلترین و دەستقایمترین وڵات واتە دەست داخراوترینیانە بۆ کەرتی تەندروستیی ژیانی ھاوڵاتییەکانی، بەشێوەیەک لەبوودجەی ساڵی ٢٠١٩ لە ١٠٥ ملیاردۆلار تەنھا ٢.٥% تەرخانکراوە بۆ کەرتی ساغڵەمی، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە زۆرکەمە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەھەمانکاتدا زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ( WHO)  باس لەوەدەکەن کە لە دە ساڵی ڕابردوودا ئەوەی حکومەتی ناوەندیی عێراق بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان کردووە زۆر لە بودجەی تەرخانکراوی تەندروستیی وڵاتانی دراوسێی عێراق کەمترە کە ئەوان لەعێراق ھەژارترن.

بۆ زانیاری زیاتر ھەر بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بەرکەوتووی تاکی عێراقی لەبودجەی تەندروستیدا ساڵانە ١٦١دۆلارە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری نزیک لەعێراق  وەکو ئوردن ٣٠٤ دۆلار ساڵانەیە، لوبنان  ٦٤٩ دۆلار، کە ئەمەش پێشھاتێکی سامناکە بۆ عێراقیەکان.

ھەربەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی عێراق و پسپۆرانی ئەوبوارە عێراق کەمتر لە ٢٥٠٠ قەرەوێڵەی ھەیە بۆ چاودێری چڕ و ھەوروەھا ژمارەیەکی زۆرکەم لە ئامێری ھەناسەدانی دەستکردی ھەیە کە لەم سەردەمی کۆرۆنادا نەخۆشخانەکانی عێراق پێویستیان زۆر پێ ھەیە.

ھەروەھا جگە لە کەمبوونی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی و نەبوونی پزیشک و کارمەندی تەندروستی  و گەندەڵی لەگرێبەستەکانی کڕینی دەرمان، زۆرھۆکاری ترھەن کە پێویستیان بە پلان و کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورەی تەنانەت نێودەوڵەتیش ھەیە بۆ ڕزگارکردنی کەرتی ساغڵەمی عێراق بەھەرێمیشەوە لەڕووخان و ھەرەسھێنانی تەواو.

لەوانەش مەترسیدارتر زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کەھەر لە٢٥ مناڵی عێراق یەک مناڵ لەپێش تەمەنی پێنج ساڵیدا دەمرن بەھۆی خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی.

لەکۆتاییدا لەبەردەم ئەم مەشھدە تاڵ و سامناکەی عێراقدا لەبواری تەندروستیدا خەڵکی دڵسۆز و بەتوانای زۆرھەن کەچەندین پلان وپێشنیاری خێراو گونجاوییان بۆکورت مەودا و درێژمەوداخستۆتەڕوو کە دەکرێت کاریان لەسەربکرێت و فریادڕەسێکی خۆشدەست بن ئەگەر گوێیان لێ بگیرێت لەو پێشنیارانە:-

١ .پێشخستنی  بەرنامەیەکی زانیاری وردی ئامار بۆ وەزارەتی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتگیر و دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ساغڵەمی ئەلیکترۆنی.

٢. پێویستە وەزارەتی تەندروستی ستراتیژیەتێکی نوێ دابڕێژێت لەسەر بنەمای لامەرکەزی لە پلاندانان و جێبەجێکردندا و ھاوبەشی و بەتایبەتیکردن و بیمەی تەندروستی ...ھتد.

٣. سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیکەری وەزارەتی تەندروستی لەڕووی کارگێڕی و دارایی و تەکنیکیشەوە.

٤. ھەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی عێراق و دەستنیشانکردنی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە دێنە ڕێی .لەئێستا و داھاتووشدا. 

٥. دانانی میکانیزمی نوێ بۆ ھێنان و ھەڵگرتن و دابەشکردنی دەرمان و ئامێرەپزیشکیەکان.