سەردێڕ:

عێراق لەنێوان بەرداشی ئەمریکا و ئێراندا

7/8/2020 4:06:30 PM
3250 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ گیرۆدەی قەیرانگەلی ئابوری و سیاسی و تەندروستی و ئاسایش و خزمەتگوزاری و نەمانی متمانەی ھاوڵاتیانە بە حکومەت و ئەو تاقمەی کە ساڵانێکە وڵاتەکەیان بەم دەردە برد.

ڕاستە عێراق لەدوای ٢٠٠٣ەوە دابەشبووە لەڕوی ئەتنیکی و تائیفی یەوە ھەرلایەک بەرەوخۆی ڕایدەکێشێت، بەڵێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئێستا گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی ڕۆم و عەجەم و ئەمریکا و ھەندێ وڵاتی عەربیشە، نەک بەرژەوندیی خەڵکی عێراق .

قەیرانی ئابوری

لەدوای دابەزینی نرخی نەوت ئابوری فشەڵی وڵات داڕووخا لەبەرئەوەی ٩٠%  داھاتی وڵات پشتی بەنەوت بەستووە ولەسەردەمی زێڕینی وڵات لە ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٤ کە پارە و داھاتێکی زۆربوو ھیچ ژێرخانێکی پیشەسازی و کشتوکاڵی بنیات نەنرا بۆ ئێستا کە نەوت دابەزیووە .

قەیرانی ئاسایش 

ئەوەی شەڕی تیرۆر و تائیفی لە عێراق بەرھەمی ھێنا تاقم وگروپی ملیشیاوی بوو کە ئێستا شەڕی تیرۆر کۆتایی ھاتووە خۆیان ڕۆڵی داعش دەبینن و بەدەر لە یاسا و سیاسەتی دەوڵەت دەجووڵێن و دەخوازن و عێراق بکەنە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و بێئەوەی بیر لەوەبکەنەوە ئاکامی ئەو وابەستەییە چ کارەساتێکە بۆعێراق .

قەیرانی تەندروستی 

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەعێراقدا کەرتی تەندروستیش وەکو ھەمووسەکتەرەکانی دی تووشی داڕمان و لۆدێکی زۆر بووەتەوە .
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە کابینەکەی مستەفا کازمی دەستبەکاربووە کە ئەرک و بەرنامەکەی خۆئامادەکردنە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە وڕوبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانە سەختانەی کە بەرۆکی عێراقیان گرتووە، کە ئەمەش ئەرکێکی قورسە و لە توانای کازمی دا نیە بە تەنھا ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی میانڕەو کۆمەک و پشتگیری نەکەن.

 لەلایەکی ترەوە ئێستا میلیشیا وەلائیەکانی سەر بە ئێران کازمی تاوانباردەکەن بەجێەجێکردنی ئەجێندای ئەمریکا لەعێراق، دەبێژن  لەبری ئەوەی بارودۆخی خەڵکی عێراق باش بکات و خۆی ئامادە بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، دەستی کردووە بە گۆڕینی بەرپرس و فەرماندەباڵاکانی دامودەزگا ئەمنیەکان کە لە حەشدەوە نزیکن .

لەبەرامبەر ئەم تۆمەت وتانەی ئەوبەرەیەشدا ئەوانەی کە پشتیوانی کازمی و کابینەکەی دەکەن و دەخوازن عێراق خاوەنی بڕیار و خواست و سەروەری خۆی بێت، وەڵامی لۆجیکی و پڕبەپێستیان پێیە و دەڵێن کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقە نەوەکو پارێزگارێکی  پارێزگایەکی ئێران، بەڵکو دەخوازێت سەرکردایەتی عێراق بکات لەم قۆناغە ھەستیار و پڕ تەھلوکەدا بۆ کەناری ئارام .