سەردێڕ:

قۆناغێکی نوێی ململانێی تورکیا و ڕوسیا لە سوریا

2/16/2020 3:09:49 PM
7108 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھیچ بەڵگەیەکی نوێ لە بەردەستدا نیە کە کە ئاماژە بەوە بدەن کە  ھێزەکانی سوپای عەرەبی سوری کە لە لایەن ڕوسیا و ئێرانەوە  پشتیوانیان لێدەکرێت پێشڕەویەکانیان بوەستێنن بۆ ئیدلبی باکور، کە دواپێگەی تاقم و گروپە تیرۆریستییەکانە، کە بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریان کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات

ئایا تورکیا و سوریا بەریەک دەکەون؟

لە ئێستادا کە ئەو دوولایەنە لە خۆئامادەکردن و کۆکردنەوەی ھێزو ناردنی ئامێرو کەرەستەی جەنگی پێشکەوتوودان و دۆخەکە لە ئاڵۆزبوون و ھەڵکشانێکی خێرادایە، بەتایبەتی لە سەرەتای ئەم مانگی شوباتەوە تا ئێستا ١٣ سەربازی تورکیا لە ناوچەی ئیدلب کوژراون

 ھەڕەشەکانی سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە وتی پێشڕەوییەکانی سوپای سوریا دەوەستێنین بە ھەر ڕیگایەک پێویست بکات ئیدی چ بە ھێزی ئاسمانی بێت یان زەمینی

 ھەر لەو چوارچێوەشدایە کە لە ٢ ی شوباتی ٢٠٢٠ وە تا ئێستا حکومەتی تورکیا زیاتر لە ١٨٠٠ بارھەڵگری گەورەی ڕەوانەی ناوچەی ئیدلب کردووە، کە چەکی جۆراو جۆری قورس و ەکو تانک و زریپۆش و سەربازھەڵگری دژ بە ڕەساس و ڕاداری لە خۆ گرتووە، سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە ٦٥٠٠ سەربازی لە ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب بڵاوە پێکردووە

 ھەرلە ئاکامی ئەم پێشووە چوونانەدا، وەکو پێشتریش باسمکرد لەم  مانگەدا ١٣ سەربازی تورکیا کوژراون و ھەروەھا ھێزەکانی ڕژێمی سوریا ئابڵووقەی خاڵە چاودێرییەکانی تورکیایان لە ناوچەی ئیدلب داوە بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانی ڕوسیا،  شایانی باسە ئەو خاڵە چاودێرییانە پێشتر بە ڕێککەوتنی نێوان روسیا و تورکیا دامەزراون، بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی، کە ئێستا ئەو خاڵانە وەکو بارمتەیەکە لە لایەن سوریاوە بەکاردەھێنرێن

 لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوانەی حکومەتی سوریاشدا، تورکیاش دەستەوەستان نەبووە و پەلاماری چەند پێگەو بنکەیەکی سوریایان داوە و فڕۆکەیەکی ھەلیکۆپتەری سوپای سوریایان خستەخوارەو و چەند سەربازێکی سوریاشیان کوشت و بریندارکرد

 پێکدادانی ڕوسی و تورکی

 وادیارە ئاڵۆزییەکانی سوریا و تورکیا بەو حاڵەوە ناوەستێت خەڵکی تریش ڕادەکێشێتە ناو ھاوکێشە ئاڵۆزو ناھاوسەنگەکەوە

 ھەروەکو ڕوون و ئاشکرایە لای ھەمووان، ڕوسیا ھاوپەیمان و ھاریکاری پلە یەکی ڕژێمی بەشار ئەسەدە لە سوریا و ھەر ئەو پشتیوانیەش بوو کە ڕژێمی لەو گەردەلوول و ڕەشەبا  سەختەی ساڵانی پێشوو پاراست

 بۆیە پێناچێت لە ئێستاشدا پشتی بەربدات و  ڕژێمیش کە ھەموو ناوچەکانی سوریای خستەوە بن دەستەڵاتی خۆی جگە لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ھەسەدە، پێناچێت دەستبەرداری پێشڕەوییەکانی ببێت بۆ ناوچەی ئیدلب لە باکوری خۆرئاوای سوریا و بە تایبەتی ھەموو ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانی  ڕوسیایە، ئەوەی بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کرد ھەڕەشەکانی ئەردۆغان بوو لە ١٢ ی شوباتدا

 لە بەرامبەر ئەم ھەڕەشانەی سەرۆکی تورکیادا سوپای سوریا و ڕوسیای ھاوپەیمانی لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشدا وەڵامی ھەڕەشەکانی  ئەردۆغانیان دایەوە و پێداگیریانکرد لە سەر ئەوەی کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژ بە ھەموو تاقم و گروپە تیرۆریستەکان کە ئارامی و سەقامگیری ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەیان خستووەتە مەترسیەوە

 ھەروەھا ڕوسیا  حکومەتی تورکیا تاوانبار دەکات بەوەی کە پابەند نابێت بەو ڕێکەوتنامانەوە کە لە گەڵ مۆسکۆ واژۆی کردوون لە سەر دۆخی سوریا، ھەروەھا وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتی، ھێزەکانی تورکیا  بارودۆخی مەیدانی ناوچەکە ئاڵۆزدەکەن و بەرەو خراپتری دەبەن

 لە لایەکی ترەوە، سورییەکان دەڵێن، شەڕەکە پێ ی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە ئەویش ئەوەیە تورکەکان شکستیان خوارد لە ڕێگەی شەڕی بریکارەکانیان بەڵکو ئێستا خۆیان ھاتوونەتە گۆڕەپانی جەنگ

 لە ڕاستیشدا ئەم ھەنگاوەی تورکیا لە ڕووی یاسا و عورفی نێودەوڵەتییەوە دەستوەردانێکی ئاشکراو ڕوون و ڕاستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتێکی تر کە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە و پێشێلکردنی سەروەرییەکەیەتی

 جگە لەوەش ئەم دەستوەردانەی ئەردۆغان لەکاروباری سوریاو دواتر لیبیاش ھەنگاوێکە بۆ ڕاکێشانی ھەست و سۆزی نەژادپەرستەکانی تورک، لە کاتێکدا لە ڕووی ئابوری گەشەکردنەوە ئابوری تورکیا پاشەکشەی زۆری کردووە کە لە ڕابردوودا تاکە شانازییان ئەوەبوو

 لە کۆتاییدا، ئەگەر نھێنی ئەم ھەڵچوونە لە ھەڵوێستەکەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە سوریا و ڕوسیا پابەند نەبوون بە ڕێککەوتننامەکانی پێشوەوە، ئەوە سوریا و ڕوسەکان دەڵێن ئەو ڕێکەوتنە کاتی  بووە،  سورییەکان و ڕوسیا  دەخوازن  ھەردوو ڕێگای ئیستراتیجی و گرنگی M٤ و M٥ بخەنە بندەستەڵاتی خۆیانەوەو تورکیاش تاوانبار دەکەن بەوەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ھەڵنەوەشاندووەتەوە، بە تایبەتیش کە ئێستا ئەردۆغان لە ھەڵوێستێکی لاوازدایە و ئیرەیی پێ نابرێت و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا و ناتۆشدا بە گوێرەی پێویست نییە.