سەردێڕ:

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی

12/15/2019 4:23:50 PM
3058 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

دواجار لە ١/١٢/٢٠١٩ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  قایل  بوو بە دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێز عادل عەبدولمەھدی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەندی عێراق، ھەرچەندە عەبدولمەھدی وتی لە سەر بانگەوزای مەرجعیەتی باڵای شیعە عەلی سیستانی دەستم لە کارکێشایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە فشاری شەقام و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی عێراق بوو کە  قوربانی زۆری لێکەوتەوە، ناوبراویان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد، لە کاتێکدا ئەوەی ڕوون و بەڵگەنەویستە ئەوەیە کە عەبدولمەھدی بوو بەقوربانی گەندەڵی شازدە ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا ئەو لە یەک ساڵ و یەک مانگی کابینەکەیدا ھیچ بوارێکیان نەدا چاکسازی بکات و بەڵکو دەستیان بەستبووە و تەنیا گوناھی ئەوەبوو کە دەبوو زوتر دەست لە کاربکێشێتەوە وەکو جارانی پێشووی لە جیگری سەرۆک کۆمار و وەزارەتی نەوتیش.
ئێستا و لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی و بڕیاری عێراق لەوەناچێت سەربەخۆ بێت و خواستێکی وا لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە ھەبێت لە بەرئەوەی بۆ ھەموو  لایەکیش ڕوونە عێراق لە ژێر فشار و کاریگەری زۆری وڵاتانی ئیقلیمیدایە بە تایبەتی ئێران و دواتر ئەمریکا و مەرجەعییەتی تائیفی شیعەش لە نەجەف کە دەخوازێت لەم قوناغەدا فریای سیاسییە شکستخواردووە تائیفییەکان بکەوێت و حکومەتێکی تەکنۆکرات دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی کاربەدەستانی ئێستا و پێشتر تێکیانداوە چاکیبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی ڕایگەیاندبوو کە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم کە داوا لە گەورەترین فراکسیۆن بکات کاندید دەستنیشان بکات بۆ پێکھێنانی کابینەیەکی نوێ بە گوێرەی مادەی ٧٦ی دەستور کە کابینەیەکی نوێ پێکبھێنێت لەماوەی سی ڕۆژدا.
بەڵام ئەوەی لە شەقامەکانی عێراق دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەمەمان پێ دەڵێت، سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی دوای دوو ھەفتە ھێشتا گۆڕەپانەکان پڕن لە خەڵک و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان تاوەکو تەواوی مافەکانیان بە دەستنەھێنن. جگە لەوەش، پەلاماردانی گۆڕەپانەکان و ڕفاندنی چالاکوانانەکانی گۆڕەپانەکان و تیرۆرکردن و تۆقاندن لە لایەن لایەنی سێ یەم، خەڵکی زیاتر تووڕەکردووە و سوورتربوون لەسەر داخوازییەکانیان سەرەڕای ئەو ھێرش و پەلامارە ھۆڤیانەی میلیشیا و چەکدارە تائیفییە بەکرێگیراوانەی وڵاتانی دراوسێ.
ئەوەی ئێستا باس و خواستی گەرمی گۆڕەپانەکانە ھەنگاوی دووەمە، ئەویش ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی بەبێ بەشداری ھەموو لایەن و تاقمە تائیفییەکان کە تێوەگلاون بە گەندەڵی و وابەستەی وڵاتانی  ئیقلیمین و بەرژەوەندی ئەوان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندی عێراقەوە لە ھەمان کاتدا باس لە سیستمێکی سیاسی نوێ دەکەن کە جێگەی ئەمەی ئێستا بگرێتەوە.

کورد بۆ قۆناغی داھاتوو
ئەوەی گرنگە بۆ کورد خۆئامادەکردنە بۆ ھەموو ئەگەر و پێشھاتەکان، ھەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی بێجگە لە ھەندێ دەنگی ناسازی ناو گۆڕەپانەکان کە دژ بە ھەرێمی کوردستان لێدوان و بانگەشەی نێگەتیڤیان کردووە، ھیچ لێدوان و دۆکیومێنتێکی فەرمی نیە کە ئەو لێدوانانە بسەلمێنێت، بەڵام ئەگەر ئەو بزاوتەی کە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق سەریھەڵداوە باسی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دەوڵەتی ھاوڵاتیبوون و دژ بە تائفییەت و ئتنیک بێت، بێگومان ناتوانێت دژ بە مافی کورد و تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و مافە دەستوریەکانی بێت.
لە ھەمانکاتیشدا، زۆر گرنگە و پێویستە ھەموو ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییەکان ئەم بارودۆخە تازەی عێراق بە ھەند وەربگرن و دوورەپەرێز نەبن لێی، لینکی پەیوەندییان لەگەڵ درووستبکەن و ھەرچەند پشتیوانی داخوازییەکانیان کراوە، بەڵام ھەنگاوی زیاتر و لێک نزیکبوونەوەی باشتری گەرەکە و پێناچێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش ١ی تشرین.