سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی (احتجاج)دا

12/11/2019 9:54:05 PM
6153 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

ھەرچەندە سۆشیال میدیا ڕۆڵی کارا و کاریگەر و ڕاستەوخۆی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و تاوەکو باکوری ئەفریقیاش ھەبوو، بەڵام لە عێراقدا کە دەسەڵاتداران تۆڕی  جاڵجاڵۆکەی ئینتەرنێتیان لە خەڵک دەبڕی گورزێکی گەورەیان لە خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازای دەدا لە کاتێکدا ئەم ھەنگاوە کردەوەیەکی دژ بە دیموکراسی و تەسکردنەوەی ڕادەربڕینە کە دژ بە دەستووری عێراقە کە ئەو مافەی بۆ گەلی عێراق مسۆگەر کردووە .

ڕۆژنامەی ( احتجاج ) واتە ناڕەزایی بە کوردی لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم بزاوتە جەماوەرییەوە لە لایەن دەزگای ئەلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و ھونەرەکان بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر چی باس لەوە دەکرێت کە ڕۆژنامەی کاغەزی ئەو برەوەی جارانی نەماوە، لە ھەمانکاتدا ھێشتا خەڵکێکی زۆریش تا ئێستا بە شەوق و زەوقەوە دەیخوێننەوە و لێی دەڕوان، بۆ عێراقیش کە تۆڕی ئینتەرنێت ھەڕەشەی لەسەرە و حکومەت وەکو چەکێکی کاریگەر بەکاری دەھێنێت دژ بە خۆپیشاندەران، لەبەرئەوە گرنگە ئەم بڵاوکراوە چوار لاپەڕەییە وەکو ئەڵتەرناتیفێکیش بۆ سۆشیال میدیا بڵاوبکرێتەوە.

ھەرچەندە دەزگای ئەلمدا بڵاوکراوەکەی وا ناساندووە  کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە و دۆکۆمێنتی ڕاپەڕینی عێراقییەکان دەکات .

لە ڕاستیدا من ھەموو ژمارەکانی ئەم بڵاوکراوەم نەدیووە، بەڵام ھەندێک لە ژمارەکانیم دەستکەوت بە سوپاسەوە لە لایەن ھاوڕێ ی ڕۆژنامەنووسم کاک ستران عەبدوڵا، بۆیە ھەوڵدەدەم گەشتێکی خێرای  بەناودا بکەم ھەر لە مانشێت و سەر وتارەوە تا ئەو چیرۆک و بەسەرھات و ڕووداو قوربانییانەی کە لە لایەن ھەموو چین و توێژەکانی ئەو شارانە و گۆڕەپانەکانەوە ئەنجامدراون .

مانشێتی ئەو ژمارانە ڕۆژانە لە سەر ھەواڵە تازە و گەرمەکانی خۆپیشاندان و گۆڕەپانەکانە، پێشھاتە نوێکانی عێراقە . وەکو :

١.بەیانێک لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی ( قەناس بەدەستەکان ) پێش ھەر گفتوگۆیەک لە گەڵ حکومەت، خۆپیشاندانێکی ملیۆنی نوێ کێشانەوەی ڕەوایەتی لە حکومەت.

٢. مانگرتنی دەوامی زانکۆ و خوێندنگەکان بەردەوامە (( ئەگەر نیشتمان نەبێت دەوامیش نابێت))

٣. ھێزەکانی بەگژاچوونەوەی ئاژاوە گولـە بەکار دەھێنن دژی خۆپیشاندەران (٧) کوژراو  و دەیان بریندار لە چوار پارێزگا .

٤. ڕێکخراوی لێبووردنی نێو دەوڵەتی: پێشھاتەکان لە بەسرە جەرگبڕن. 

٥. کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ: ھێزەکانی ئاسایش بەردەوامن لە بەکارھێنانی ھێزو توندوتیژی .

٦. خۆپیشاندەران: ناگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان تاوەکو ھەموو داخوازییەکانی گەل بەدی نەیەت. 

٧. دوای ڕۆژێکی خوێناوی حاڵەتێکی ئیفلیجی تەواو باڵی بەسەر شارەکانی ناوەڕاست و باشووردا کێشاوە .

٨. کۆی دوومانگ قوربانی خۆپیشاندەران ٤٣٢ کوژراو ١٩ ھەزار بریندار .

٩. خۆپیشاندەران: داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکەن و دەڵێن تەنھا گۆڕینی شۆفێری ئۆتومبێلی خراپ بەس نیە !

١٠. ھیومان رایتس وۆچ : داوای دادگاییکردنی نێودەوڵەتی سەرۆک وەزیران دەکەن و دەڵێن خۆدزینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران ھیچ پاساوێکی نیە .

ھەر لە لاپەڕەی یەکەم ستوونێکی تێدایە ھەموو ژمارەکان کە بەناوی خۆپیشاندەرێکەوە دەنووسرێت ڕۆژانە کەوەکو سەروتاریش وایە کە ناونیشانی سەرنجڕاکێش و تووڕەیی تێدایە وەکو تووڕەییەکانی شەقامی عێراق لە ھەمبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و نادادپەروەری و گەندەڵی  بە ھەموو جۆرەکانیەوە، لەو ناونیشانە جوانانەی ئەم ستوونە ئەمانەم بۆ ھەڵبژاردوون .

١. کاتێک شەیتان دەبێتە پاسەوانی دەرگای بەھەشت .

٢. سیستانی لە نێوان لایەنگرانی و لایەنی سێیەمدا .

٣. علوج لە بیرەوەری عێراقییەکاندا ..خەم و گاڵتە وگەپ .

٤. ڕاپەڕین ڕێچکەکانی خۆی دیاری دەکات  میکانیزمی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆن.

٥. سەرکردە سیاسییەکان بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە و ئاگایان لە ھەڵچوونی گۆڕەپانەکان و ناڕەزایەتیەکان نیە .

٦. خۆشەویستی و ھاوسۆزی نێوان بازرگان و بزنسمانەکان لە گەڵ  تاقمە سیاسیە دەستەڵاتدارەکاندا .

٧. کاتێک نیشتمان دەگری و ڕەشپۆشە .

لاپەڕەکانی ٢ و ٣و ٤ پڕن لە وێنە و چیرۆک و ھەواڵی تایبەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی شۆڕشی تشرین، ھەوڵدەدەم ھەندێک وێنە و ھەواڵی گرنگ و کاریگەری بخەمەڕوو بۆ خوێنەرانی خۆشەویست .

باڵەخانەی ڕێستورانتی تورکی

باڵەخانەیەکی چۆڵ لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ھیچ کەسێکی تێدا نەبوو دواتر دوای ئەوەی لاوانی بەغداد لە ١ی تشرینەوە بڕیاریان دا کە ٢٥ ی تشرینی یەکەم خۆپیشاندانێکی ملیۆنی ئەنجامبدەن، بۆ بەدەستھێنانی داخوازییەکانیان، ئەو ئاپارتمانە کە دەڕوانێتە سەر گۆڕەپانی تەحریر و ئێستا ناوی تری ھەیە وەکو چیای ئوحود یان قەڵای ئازدیخوازان و لە ھەموو ئاژانسەکانی ھەواڵ و میدیاکاندا بە بەربڵاوی دەنگی داوەتەوە و بووە بە سیمبوڵێکی نیشتمانی گەورە بۆ ھەموو ئازدیخوازانی عێراق .

بۆ خۆپیشاندەران چوونە  ئەم باڵەخانەوە؟

وەکو خۆپیشاندەران لە ڕۆژنامەکەدا باسیان کردووە ئەوەیە، چونکە ئەم باڵەخانە کە ١٢ نھۆمە سەرەتا ھێزەکانی ئاسایش بەکاریان دەھێناو لەوێوە بە قەناس و گازی فرمێسک ڕێژ پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دەدا، بۆیە ئەمانیش لە کاتی ھەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە پردی سنک کە ھێزە ئەمنییەکان پەلاماریان دەدان، وردە وردە چوونە ناو باڵەخانەکەوە و دەستیان بەسەردا گرت کە شوێنێکی ستراتیجی گرنگی ھەیە کاتی خۆیشی شوێنی یەکێک لە وەزارەتەکانی سەردەمی سەدام بووە، ئێستا ئەم باڵەخانە کە ھیچ بنەمایەکی ژیانی تێدا نەبوو، بە ھەوڵی ھەموو لایەک و بە یارمەتی ڕەوندی عێراقی لە دەرەوەی وڵات توانراوە دەستکاری بکرێت و شانۆ و پێشانگای ھونەری تێدا دروست بکرێت کە ھەموو خۆپیشاندەران ھانبدات بە ھەستی نیشتمانی و خۆشەویستی وڵات و ڕێزگرتن لە یاسا و سەروەر بوونی .

دیمەنەکانی یارییەکە لە گۆڕەپانی تەحریر

جەماوەر لە گۆڕەپانی تەحریر مانیان گرتووە و داوای مافەکانیان دەکەن بەو دروشمە سادەو ساکارەی وەکو داخوازییەکانیان دابەزییومەتە سەر شەقام و مافی خۆمم دەوێ، لە لایەکی ترەوە گۆڕەپانی تەحریر خاڵێکە ئەمڕۆ کە ململانێی ھەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکای لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، ململانێی لە مێژینەی عێراق و ئێران و شەڕی ھەشت ساڵەی نێوانیان ھەرچەندە ئیستا نەوەی نوێ ئەو شەڕەیان نەدیوە، بەڵام باوک وباپیریان قوربانی و کارکتەری ئەو جەنگە نەگریسە بوون تەنانەت لە یاری تۆپێنی نێوان ھەردوو تیپی عێراق و ئێراندا کە عێراق بردیەوە بە ڕوونی ئەمە بینرا .

چالاکی ڕۆژانەی گۆڕەپانی تەحریر

لە چوار چێوەی ئەو چالاکییە بەردەوامانەی لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدران جگە لە پاککردنەوەی گۆڕەپانەکە و ڕازاندنەوەی بە وێنە و تابلۆی جوان  و سینەما و یاری تۆپێن، ماراسۆنێکیش ڕێکخرا بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکان .

لە لایەکی تریشەوە چەندین ھەواڵ شرۆڤە و ڕاپۆرتی جۆراو جۆری لە خۆ گرتووە لە میدیا جیھانی و ئاژانسە ھەواڵیە ناودارەکانی دونیاوە.

ئەدەب و احتجاج

چەندین چیرۆک و  شیعرو وێنەی شیعری جوانی تێدایە کە نووسەران و شاعیران بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکان نووسیویانە، جگە لەوەی کە ڕۆشنبیران ویەکێتی ئەدیبان و  نووسەرانی عێراق و دەزگای ئەلمداو ھەموو ڕێکخراوە ھونەری و ڕوناکبیریەکان  ئامادەگی تەواویان ھەیە لە گۆڕەپانەکە چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن دوو ڕۆژنامە دەردەکەن  احتجاج و تک تک  لە باڵەخانەی ڕیستوڕانتی تورکی، کتێبخانەیەکیش بە ناوی کتێبخانەی شەھیدانی تەحریر کراوەتەوە کە کتێب بە خۆڕایی دابەشدەکات بەسەر خۆپیشاندەراندا، بۆ پشتیوانی ئەم بزوتنەوەیە و خێمەی تایبەتی بە خۆیان ھەیە وەکو بنکەیەکی گرنگ و ڕوویەکی شارستانیانەی خۆپیشاندانەکان دیارن .

ھەواڵی پردەکانی بەغداد

ھەروەکو لە ھەواڵەکاندا دەیبیستین خۆپیشاندەران بەرەو دەروازەکانی ناوچەی سەوز دەڕۆن لە پردەکانی سنەک وکۆماری ..ھتد بەرگرتنیان لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە، باسی گۆڕەپانەکانی وەسبە و خەلانی ئەو چیرۆکانەن کە ڕۆژانە ڕووبەرێکی زۆری ڕۆژنامەکەیان داگیرکردووە.

ئەم ڕۆژنامە توانیوویەتی ڕوماڵێکی وردی خۆپیشاندانەکانی عێراق بکات ھەر لە چیرۆکی تک تکەکانەوە کە بوونەتە پاڵەوانی ئەم فیلمە و ڕۆڵی کارایان ھەیە لە گەیاندن و فریاکەوتنی بریندارەکان و سەرجەم چالاکیەکانی تردا .

کاری ھاوکاری نان خواردنی خۆپیشاندەران

دەیان ژنی خۆبەخش خۆبەخشانە لە گۆڕەپانەکە سەرەڕای ھەموو مەینەتیەکانی مێژووی خۆیان و وڵاتەکەیان لە جەنگ و شەڕە نەبڕاوەکانەوە لە گەمارۆی نێودەوڵەتی و شەڕی ناوخۆو تائیفیەوە کەچی ھێشتا کەسانێک ھەن ھەموو ئەوانە کاری تێنەکردوون و گیانی ھاریکاری و خۆبەخشیان تێدایە و پارووی دەمی خۆیان لە گەڵ ھاو خەمەکانیاندا بەش دەکەن .

ھەواڵی دادگاکان

دەسەڵاتی دادوەری عێراق و دادگای تەمیزە عێراق ڕایگەیاند، ئەو سەرپێچیانەی کەلەسەر خۆپیشاندەران تۆمار کراوە تاوانی تیرۆریستی نین و بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت و سەرپێچی ئاسایین و تیرۆر نین .

ھەواڵی جیھانی دەربارەی خۆپیشاندان لە (احتجاج)ەوە

بەریتانیا بە توندی سەرکۆنەی بە کارھێنانی ھێز و توندو تیژی دەکات لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دژبە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی عێراق کە داوای مافەکانیان دەکەن.

بەیاننامەیەکی توند لە کۆمیتەی خاچی سووری نێو دەوڵەتیەوە دژ بە ھێرش و پەلامارە توند و تیژەکانی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق بۆسەر خۆپیشاندەران و کوشتن و بریندارکردنی ھەزاران کەس .

بیرو بۆچوونی تائیفی و ئتنیکی لە فەرھەنگی ھاوڵاتیانی عێراقدا نەما

سەروەرییەکی تری ئەم خۆپیشاندانانە و ئەوەی لەم ڕۆژنامە جوانەدا ڕەنگیداوەتەوە داماڵینی بەرگی تائیفی و ئتنیکیە و  شێوازێکی نیشتمانیە کە مایەی خۆشحاڵیە و ئومێدی دواڕۆژی گەشی لێدەکرێت، ئەوەی من بەرچاوم نەکەوت باسی کورد و ھەرێمی کوردستان بوو لەم ڕۆژنامەدا ھەرچەندە خەڵکی ھەرێم ھیچ پشتیوانیەکی جەماوەری ڕاستەوخۆیان نەکردووە سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی ھەرێم پشتیوانی داخوازی خۆپیشاندەران بوون، بەڵام لێرەو لەوێ ھەندێک دەنگی ناساز و نەشاز باسی ھەڵوەشانەوەی ھەرێمی کوردستان و مافەکانی کورد دەکەن، بەڵام ئەو قسە و ھەڵوێستانە لەگەڵ دروشم و داخوازییەکانی ئەم بزاوتە نیشتمانیەدا یەکناگرێتەوە.

پزیشک و کارمەندانی تەندروستی

ئەوەی چینەی کەزۆر ڕۆڵیان کاریگەرەوە پشت و پەناو ئومێدی خۆپیشاندەرانن ئەو پزیشک و دکتۆرە خۆبەخش و لێھاتووەکانن کارمەندە خۆبەخش و بەخشندەکانی تەندروستین کە ڕۆژنامەکە تیشکی باشی خستوونەتە سەر و ئەرکە مرۆڤایەتیەکەیان بەرز دەنرخێنێت .

لە کۆتاییدا چیرۆک و ھەواڵ و باس و خواستەکانی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە لەم ڕۆژنامەدا ھێجگار فراوان و گشتگیرن وکاردانەوەی خەڵکی بەشخوراو و پەراوێزخراوی و برسی و ڕەش و ڕووتە بەرامبەر دز و گوندەڵ و نمەک بەحەرام و مافیا و چەتەو ڕێگر کە سڵ لە ھیچ شتێک ناکەن لە کوشتن و ڕفاندن و گرتن و بێسەروشوێن کردن.