سەردێڕ:

لوبنان نیشتمانپەروەری جێ بەتائیفیەت لێژ دەکات

10/27/2019 7:39:42 PM
2903 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

کە قوتابی بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ئەوکات بۆ یەکەم جار  بابەتی جوگرافیام بیست وبینی و خوێندمان , ھەر ئەوکات وڵاتی شامم بیست , مامۆستای وانەکەو کتێبی جوگرافیاش باسی ئەوەیان دەکرد کە وڵاتی شام لە چوار وڵاتی ئێستا پێکھاتووە  ( سوریا – لوبنان- ئوردن – فەلەستین ) .
لوبنان ئەو وڵاتەعەرەبیە یە کە کەوتوەتە خۆرھەڵاتی ناوینەوە و ھەروەھا کەوتوەتە خۆرئاوای کیشوەرەی ئاسیاوە , لە باکورو  خۆرھەڵاتیەوە  سوریایەو لە باشورییەوە فەلەستینە کە ئێستا بە شێکی ئیسرائیلە , لە خۆرئاواشی یەوە دەریای سپی ناوەڕاست .
سیستمی حوکمڕانی 
سیستمی حوکمڕانی کۆماری دیموکراسی و پەرلەمانی یە کە کەلە سەر بنەمای تائیفەو ئتنیک بەڕێوە دەبرێت کە بەشی زۆری گەلەکەی پێکھاتووە لە عەرەبی موسڵمان و کریستیان و موسڵمانەکانیش دابەشبوون بۆ دوو ئاینزای ( شیعەو سوونە ). بە پێچەوانەی وڵاتانی تری عەرەبی کریستیانەکان لە لوبنان ڕۆڵی کاریگەریان ھەیەو سەرۆک کۆمار ھەمیشە لەوانە , وسەرۆک وەزیران لە موسڵمانی سوونەو سەرۆکی پەرلەمان لە موسڵمانی شیعە .
لە مێژە لوبنانیەکان وەکو سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن ھەر لە سەردەمی فینیقیەکانەوە  بە زۆری کۆچیان کردووە بە دەوری جیھاندا بڵاوبوونەتەوە ھەربۆیە ئێستا ژمارەی لوبنانیەکانی ھەندەران دوو ھێندەی لوبنانیەکانی ناو لوبنانە.
لوبنان بە حوکمی پێگە جوگرافیەکی کە لە باکورەوە ئەوروپاو لە خۆرئاواوە ئەفریقیاولە باشورەوە عەرەب و لە خۆرھەڵاتەوە ئاسیا , وایکردووە کە ھەمەجۆرو فرە ئتنیک  و کەلتووربێت , ھەروەھا لە بەر ھەمان ھۆکار یش زۆرجار ان لە مێژوودا دووچاری شەڕو ململانێ بووەتەوە .
ئەگەر ئەوە پێشەکیەکی کورت بێت بۆ ئەم وتارە کورتە ئەوا مەبەستی سەرەکی من لەم باسە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە شارستانی و ھێمنانەکانی چەند ڕۆژ پێشووی خەڵکی لوبنانە بە ھەموو تائیفە و  ئیتنیکە جیاوازەکانیەوە کە ساڵانێکی زۆری بە شەڕی خوێناوی ناوخۆ و ململانێ توند تێژ لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تێپەڕاند , ئێستا گیرۆدەی حوکمی گەندەڵی تائیفەو ئتنیکە جیاوازەکانە کە ھاوپەیمانیان کردووە بە ناوی تائیفەو ئایین و نەتەوەو ە جەماوەری بەرینی ئەو وڵاتە دەچەوسێننەوە.
بۆ یەکەم جارە لە میژووی درێژی  ئەم وڵاتە بچکۆلەدا لوبنان ,  ھەموو لوبنانیەکان بە ھەموو ڕەنگە جیاوەزەکانیەوە ھاوڕاو تەبا بن و بڕیاربدەن و بێژن ئێتر گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان دەدات  و ھەموویان بڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و کووچەو کۆڵانەکان و بڵێن ئەوە ئێمە لێرەین و دوا وتەو دوا بڕیار بۆ ئێمەی گەلە .
وادیارە ئەزموونی حوکمڕانی تائیفیش شکستی ھێنا چۆن لە عێراقیش سەرەتاکەی دەرکەوتووەو تاقم و گروپە تائیفیەکانی بەلەرزە ھێناوەو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵێن و پێشنیاری ڕیفۆرم دەدەن و خوازیارن ڕقی پیرۆزی گەل دابمرکێننەوە.
بەڵێ حوکمڕانی تائیفی ئتنیکی دەرکەوت جگە لە پەرت وبڵاوکردن و لاوازکردنی گەلان ھیچ نیەو ناتوانێت دادی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان دابین بکات .
ھەرلەبەر ئەوەشە لوبنانیەکان ئێستا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەوان پێک نەھاتوون لە کۆمەڵێک لە  ئایین و تائیفەو خێڵی جیاواز بەڵکو یەک پارچەن یەک ئازاریان ھەیە و یەک ئامانجیشیان ھەیە کە زۆر ڕەواو پیرۆزە ئەویش دژی برسێتی و گەندەڵی و مۆنۆپۆڵی بازاڕو بە فیڕۆدانی سامان و داھاتی وڵاتە .
لوبنانیەکان زۆر شارستانیانە گوزارش لە داواکانیان دەکەن ئەوان دەڵێن خواست و ئارەزووەکانمان لێ زەوت کراوە, ئاوارەو دەربەدەری دەستی حوکمی تائیفی و لە ھەندەران و غوربەت کار بۆ خەڵکی بێگانە دەکەین و وڵاتی خۆمان لێکراوەتە زیندان و ئێمە بیگانەین لە ناویدا .
لە کۆتاییدا گەلی لوبنان بە ھێمنی دوورکەوتنەوە لە توندو تیژی و ڕێزگرتن لە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پاراستنی ماڵی گشتی ,  دەتوانن بەر لە پێکادان و بەریەکەوتن بگرن و بەدەردی شۆڕشەکانی سوریا و میسرو لیبیا و یەمەن و شوێنەکانی تریش نەبرێن.
ئەو ڕاستیەش وەک خۆر دەدرەوشێتەوەلە لوبنان  کە نیشتمان پەروەری جێ بە تائیفیەت لێژ دەکات .