سەردێڕ:

شەیتانەکانی مەسعود محەمەد

4/2/2020 11:46:11 AM
21240 جار خوێندراوەتەوە
زاموا محەمەد
+ -

بەشدارییەکی بچووک لە داڕشتنەوەی میراتێکی بەریندا

١
دەمێک نووسەرێکی بەھێز دەگات و دەبینێت پێش خۆی، چەندین نووسەری مەزن ھەبوون و ھەمووشیان لەو بەھێزتر بوون، دەمێکیش بە پزیسکی ئەو ھەموو نووسەرە مەزنەی پێش خۆی داغ دەبێت و دەشزانێت کە ھیچی لەدەست نییە، بەو پێیەی کڵپە و گڕی ھەموو نووسەرانی پێش خۆی تازە لە ڕابوردوودایە، ڕابوردووش ئەو ڕەھەندەی زەمەنە کە چیدی ئەگەر و کردار ناتوانن لەناویبەرن، ئەوسا ئەم نووسەرە نوێیە دەتوانێت -یان دەشێت- چی بکات؟

لە ھەموو مێژووی مرۆڤدا، بە خەیاڵی و ئەدەبی و ئاینییشیەوە، خودای لێدەربچێت، ھیچ نووسەرێکی مەزن نییە بە توناوتوونی نووسەرە مەزنەکانی پێش خۆیدا تێنەپەڕیبێت(چونکە خودا ھەمیشە بە ڕابوردوودا دێتە ئێستاوە، جیھان ھەمیشە پێشتر خوڵقێندراوە، دێڕی یەکەم ھەردەم کەسێک پێش ئێمە نووسیویەتی)؛ ئەوانەی ناتوانن نووسەری وەھا بن ھەرگیز دەرگای چوونەژوورەوەی توناوتوونەکەیان پێنادۆزرێتەوە، ئەوانەی ناتوانن بەرگەی پێشینانی خۆیان بگرن ھەرگیز لە توناوتوونەکە نایەنە دەرەوە، ئەوانەی دێنە دەرەوە بەڵام دەبینین کە لە پێچاوپێچی سەفەرەکیاندا عەقڵی خۆیان/دەنگی خۆیان/خودی خۆیانیان بە تەواویی لەدەستداوە، ئەوانەن کە شەڕی پێشینانی خۆیانیان پێ نەکراوە- ئەوانەش کە پێشینانی خۆیانیان بەزاندووە، ھەر ئەو شێتانەن کە لەودیوی توناوتونەکەوە دێنە دەرێ و چیرۆکی جەنگانی خۆیانمان لەگەڵ چەندان دێوی مەزن و سامناکدا بۆ دەگێڕنەوە، لە چیرۆکەکاندا خۆشیان ھەن و دێوەکانیش - نووسەرە مەزنەکە و پێشینانیشی، ژیاننامەی خۆیان ھەیە و دەنگی سەدان نووسەریش کە ژیاننامەکە دەگێڕنەوە، دەنگی خۆیان ھەیە و شکۆی سەدان نووسەری تریش کە پێشتر بەوێدا تێپەڕیون: بەمە دەگوترێت داھێنانی ئەدەبی.

لە لایەکی تریشەوە، ھیچ نووسەرێکی ڕاستەقینە شکۆی خۆی لەگەڵ ھیچ نووسەرێکی دیدا بەش ناکات. ئەدیب یان ھەموو سەردەمەکەی خۆی دەبات یان ھیچی ناوێت، "ئەو شاعیرانەی کە بەڕاستی بەھێزن تەنیا دەتوانن خۆیان بخوێننەوە"(١)، وەک بڵووم دەڵێت. بەم پێیە، ڕەنگە داھێنانی ئەدەبیی ھیچ نەبێت جگە لە بەخێوکردنی ئیگۆیەکی زەبەلاح ھێندەی ھەموو جیھان، ئیگۆیەک کە گەردوون تەسک بێت بە بەری -مارکۆس گابریێل پێی وایە کە جیھان لە گەردوون بەرینترە-. کەواتە داھێنان تەنیا تێپەڕاندنی پێشینان نییە لەلایەن ئەدیبێکەوە، نووسەر ئەو جەللادە نییە کە لەوسەری زۆرانەکەوە بە سەری بڕدراوی پێشینانیەوە دێتە بەردەممان، با جەللادەکەش مەیدانەکە تەنیا شایەن بە خۆی بزانێت، با ئەدیبەکەش بیەوێت ھەموو زەمەن بۆ خۆی بەرێت، با ئیگۆش زەبالاح بێت ھێندەی ھەموو جیھان.

خودمەحکوومکردنەکەی کیرکێگارد لە کافکادا ھێندە بەرجەستەیە دەتوانین بە دەست بیگرین، بەڵام کافکا تەنیا گیڕانەوەی کێرکێگارد نییە لە فۆڕمی ئەدەبییدا؛ وەک چۆن لە "کۆشک"دا کافکا تەنیا خەریکی وەرگێڕانی پارادۆکسەکەی جووڵەی زینۆن نییە بۆ ناو فۆڕمی ئەدەبیی ڕۆمان(ئەم دوو لێکچوونە بۆرخیس تێبینییان دەکات). پەیوەندیی نێوان "ھەرا و توڕەیی"ی فاوکنەر و "سەد ساڵ تەنیایی"ی مارکیز لەوە زیاترە کە ھەردووک داستان بن لەبارەی بەسەرھاتی خێزانێکەوە، یان ھەردووک لە سەرزەمینی خەیاڵییدا ڕووبدەن(یەکەمیان جێفێرسۆن-ی یۆکنەپاتاوفا و دووەمیان ماکۆندۆ)؛ لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی مارکیزدا وەختە بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ماکۆندۆ ھیچ نییە جگە لەو ڕەسەنێتییەی نێو ترادسیۆن کە لە ئەدەبی فاوکنەردا ئاگاداردەکرێینەوە لە لەناوبردنی لەلایەن مۆدێرنێتیەوە؛ یەکێک ھەرگیز لە وەھمدا نابێت گەر تا گەیشتن بە دوا بەشی ڕۆمانەکەی مارکیزیش، چاوەڕوانی ئەوە بێت کە "بێنجی"ی کەسێتیی نێو "ھەرا و توڕەیی" وەک پاڵەوانێکی سەرەکی لە "سەد ساڵ تەنیایی"دا دەربەکەوێت؛ وەک ئەوەی فاوکنەر ئەو کەسێتیەی لە "سەد ساڵ تەنیاییەوە قەرز کردبێت"، ئەو ڕۆمانەی سیوھەشت ساڵ پاش "ھەرا و توڕەیی" بڵاوبووەوە: مارکیز فاوکنەرێکی ترە کە بەتەنیا فاوکنەر نییە، فاوکنەر مارکیزێک بووە کە نە تەنیا مارکیزیش بووە و نە چیدی تەنیا فاوکنەریشە.

بەم جۆرە، ئێمە لە بەردەم پارادۆکسێک، یان لایەنی کەم جووڵەیەکی جووت‌ئاراستەداین ھەردووک پێچەوانەی یەکدی: نووسەرە مەزنەکە ھەم دەبێت پێشینانی خۆی بوێت و ھەم نەشیەوێت، کوڕەکە دەیەوێت باوکی بکوژێت و ھێشتا پیویستی بە پەروەردەکەشیەتی ... کەواتە چی دەکات؟

لە قۆناغی یەکەمدا کوڕەکە/نووسەرە مەزنەکە، باوکان/پێشینانی خۆی دەناسێت، لە قۆناغی دووەمدا مەفتوونیان دەبێت و لەناویاندا دەتوێتەوە، لە قۆناغی سێیەمدا ھەست دەکات لەلایەن پێشینانیەوە وەلادەنرێت، لە قۆناغی چوارەمدا ئەو پێشینانی وەلادەنێت، لە دوایین قۆناغدا نووسەرە مەزنەکەی بە خودێکەوە دێتەوە کە ھەم پێشینانیەتی و ھەم پێشینانیشی نییە، ھەم خۆیەتی و ھەم خۆیشی نییە؛ نووسەرەکە پیشینانیشی لەگەڵ خودی خۆیدا دەخوڵقێنێتەوە.  لە کتێبی "دڕدۆنگیی ئیلھام"دا ھارۆڵد بلووم ئەم دیاردەیە لە پێنج قۆناغی گریمانەییدا تیۆریزە دەکات و وەک مۆدێلێک بەکاری دەھێنێت بۆ خوێندنەوەی مێژووی شیعری ئینگلیزی، بە پشتبەستن بە فیگەری شەیتان لە نێو "بەھەشتی لەدەستچوو"ی جۆن میڵتۆندا: ڕەدکردنەوەی مەسیح و کەوتنەخوارەوەی لە بەھەشت و پاشان ھەڵگەڕانەوەکەی وەک مێتافۆڕێک بۆ دۆخی شاعیری مۆدیرن.  بە ھەرحاڵ، لەبەر جیاوازیی مەبەستەکەی من، ھەروەھا جیاوازیی سیاقەکانیش، لە پەیوەندییدا بە کارەکەی ئەوەوە، من ئەم نووسینەم لە ھەڵوێستی ئیلھاموەرگرتنێکی دووربەدووردا ھێشتووەتەوە و پەیڕەوی مۆدێلەکەم نەکردووە، ھەڵبەت بە ئاماژە پێدانەوە.

لێرەدا دەمەوێت ھێڵی سەرەکیی باسەکە ڕابگرم و لە سایەی ئەو دێڕانەی سەرەوەدا ئاوڕ لە چرکەساتیکی کەمێک ناڕوونی نێو ئەدەبی خۆمان بدەمەوە..

حاجی قادری کۆیی لە بەیتێکدا دەڵێت: "بەجێما نالی وەک ناڵی، بەپاش کەوت کوردی وەک گەردی/کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی". ئەوەی سەیرە، ئەوەیە کە لە ھەمان سەروادا و لە شیعرێکی تریدا، ئەم بەیتەی ھەیە: "بە تەزمین فەردەکی نالی دەھێنم تا ڕەفیقانم/بزانن فەرقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوھەر نابێ". لە بەیتی یەکەمیاندا نالی وەک ناڵی ئەسپەکەی حاجی قادر بەجێدەمێنێت، کاتێک دووەمیان ئەسپی خۆی تاودەدات، بەڵام لە بەیتی دووەمدا نالی لەلایەن حاجی قادرەوە "تەزمین" کراوە و دواتر بەیتەکەی نالی لە شیعرەکەدا دانراوە، کە تەکنیکێکی کۆنی شیعرییە و زۆرێک لە شاعیرانی کێشی عەرووزی بەکاریان ھێناوە؛ تێیدا گوتراوی شاعیرێکی پێش خۆیان، یان حیکمەتێکیان ھێناوە و تێھەڵکێشی دەقەکەی خۆیانیان کردووە تاکو ببێتە تەواوکەری، یان ببێتە بناغەی و لەسەر ئەو بناغەیە شیعرەکەی خۆیان ھەڵببەستن؛ ئەوەی گرنگە لەبارەی تەزمینەوە، ئەوەیە کە شاعیر لە ڕێز و قەبووڵکردنی شاعیری پێش خۆیدا ئەنجامی دەدات، واتە جۆرێکە لە دانپێدانان. ئەگەرچی لێکۆڵەرەوە و لێکدەرەوەی دیوانەکەی حاجی لە پەراوێزدا نووسیویەتی: "... بەم بەیتەدا دیارە حاجی قادر زۆر باوەڕی بەخۆی بووە و لەوانەیە مەبەستی لە بەجێھێشتنی نالی و کوردی لە بواری شیعری نیشتیمانپەروەری و شیعری ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە بووبێت؛ دەنا نالی پێغەمبەرێکە لەناو کورددا کەس شانی لە شانی نەداوە...". من ھەست ناکەم مەسەلەکە تەنیا باوەڕبەخۆبوونێکی سادە بێت. بەڵێ، "حاجی قادر زۆر باوەڕی بەخۆی بووە"، ھەر لەبەر ئەمەش شیعری نووسیوە. بەڵێ، "نالی پێغەمبەرێکە لەناو کورددا کەس شانی لە شانی نەداوە"، ھەر لەبەر ئەمەشە زۆر بە ئاسانی و بێچەندووچوون لە ھەموو سەردەمەکانی ئەدەبی پاش خۆیدا یەکێک بووە لە باوکە شیعرییەکان.

حاجی قادر شاعیرێکە زۆر باوەڕی بە خۆیەتی، لە بەردەم نالیدا کە "کەس شانی لە شانی نەداوە": کەواتە ئێمە لە بەردەم درووستبوونی خودی شیعریی حاجی قادری کۆییداین ... ئەگەر بەیتێکی تر لە نێوان ئەو دوو بەیتەی سەرەوەدا دابنێین، ئەوسا جەستەیەکی دەلالی درووست دەبێت کە بە ڕوونی ئاماژە بە تێپەڕینی حاجی قادر دەدات لە توانەوە لە نالیدا و دواتر بەرھەڵستییکردنی تا دەگات بە خوڵقاندنەوەی:

بە تەزمین فەردەکی نالی دەھێنم تا ڕەفیقانم

بزانن فەرقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوھەر نابێ

زاھیرە بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە

تالیعم بەرگەشتەیە و بەدبەختە بەختم نوستووە

بەجێما نالی وەک ناڵی، بەپاش کەوت کوردی وەک گەردی

کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی(٢)

لە بەیتی یەکەمدا، بەپێی ئەو مانایانەی "تەزمین" ھەڵیدەگرێت، خودی شیعریی حاجی سەر بۆ نالی دادەنەوێنێت. لە بەیتی دووەمدا ھەوڵێک دەبینین بۆ بەرھەڵستی، ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە بەیتی سێیەمدا ڕوودەدات: کاتێک حاجی ئەسپی خۆی غاردەدات، نالی و کوردی، وەک ناڵ و وەک گەردی ھەڵساوی ژێرپێی ئەسپەکە بەجێدەمێنن. لەویش سەرنجڕاکێشتر جیاوازیی نێوان بەجێمانی ناڵ و بەپاشکەوتنی گەردە. لە وێنە شیعرییەکەدا ئەو گەردەی بەجێماوە، ئیدی بەجێماوە و ئەسپەکە تێیپەڕاندووە؛ بەڵام ناڵ کە جێدەمێنێت، مەرج نییە تەنیا لەسەر زەوییەکە بکەوێت و ئەسپەکە تێیپەڕێنێت، بەڵکو دەشێ ھەر بە ئەسپەکەوە مابێت، بەڵام تیژڕەویی لەڕادەبەدەری ئەسپەکە پێش قاچەکانی دەداتەوە، سەری ئەسپەکە پێش ناڵەکان دەداتەوە؛ غارەکەی حاجی، کوردی لەپاش خۆی جێدەھێڵیت، بەڵام نالی لەدوای خۆیەوە دەبات، بەکێشی دەکات. وابزانم مەبەستەکەم ڕوونە...

لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا ھەوڵ دەدەم لە دەروازەیەکی تروە بچمەوە نێو باسە سەرەکییەکە، بەڵام لەگەڵیشیدا، دەمەوێت پەیوەندیی نێوان بەیتی یەکەم و سێیەمی حاجی قادر زیاتر ھەڵبکۆڵم، تا لە پەیوەندی شاعیر و نووسەری پێشینانیەوە بگەم بە سەرەداوێک لەبارەی ڕەخنەگر و پێشینانیەوە. نمونەکەشم بۆ ئەمە، مەسعوود محەمەد دەبێت؛ دواجار پێم وابێت ھەرکەسێک بە کوردیی سۆرانی خوێندبێتیەوە دان بەوەدا دەنێت کە نووسینەکانی ئەم پیاوە لەبارەی نالی و حاجیەوە، نووسینگەلێک نین ئینسان بەسەریاندا تێپەڕێت و نوقمی تێڕامان نەبێت. من لە چەندان کەس، لە ڕۆشنبیر و خوێنەران، بیستوومە کە گوتوویانە لە حاجی و نالی تێدەگەین، بەڵام لە حاجی و نالیی نێو کتێبەکانی مەسعوود محەمەد ناگەین؛ یان گوتوویانە حاجی و نالی لە نووسینەکانی مەسعوود محەمەددا جیاوازن لەو حاجی و نالیەی ئێمە خوێندوومانەتەوە ... پێم وا نییە کەسیان بە ھەڵەدا چووبن، پێشم وا نییە ئەمە ڕێکەوت بێت.

٢

لە کۆتایی بیستوحەوتەمین سروودی کۆمیدیای یەزدانییدا دانتی لەخەو ڕادەبێت و دەبینێت دوو مامۆستاکەی بەخەبەرن، ئیدی دانتی دەست دەکاتەوە بە سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکانی بەرزەخدا، بەرەو بەھەشت و بەرەو کتێبی سێیەمی کۆمیدیا. بەڵام بەر لەوە، ڤێرجیلۆ ماڵئاوایی لە دانتی دەکات و پێی دەڵێت: "کوڕم ئاگری کەم خایەن و ئاگری جاویدانت دی/ئێستا گەیشتوویتە شوێنێ/من خۆم لەوە بەولاوەتر نابینم". ئەم دێڕانەش جێی سەرنجن: "بە زانست و ھونەری خۆم، تۆم گەیاندە ئێرە/لەمەودوا شەوق و شادیی خۆت بکە بە بەرابەر". ھەروەھا دوایین دێڕیش: "ئەوەتا تاجت دەنێمە سەر و داروەکازت دەدەمە دەست"(٣).

دانتی لە دۆزەخەوە ڤێرجیلۆ دەکاتە ھاوڕێی خۆی لە داستانەکەدا، بەڵام لێرەدا ڤێرجیلۆ لێی جیادەبێتەوە. بە قسەکانی ڤیرجیلیۆشدا ڕوونە کە دانتی گەیشتووەتە جێیەک کە ئیدی ئەو -واتە ڤێرجیلۆ- ناتوانێت ھیچی بۆ بکات، "زانست و ھونەر"ی ڤێرجیلۆ چیدی دانتی ناگەیەنێتە ھیچ کوێ، بۆیە لەلایەن ڤێرجیلۆوە دانتی ئازاد و سەربەست و سەربەخۆ دەکرێت و تاج و داروەکازی پێ دەدرێت. مەسەلەکە، دیسانەوە تەنیا ئەوە نییە کە دانتی ڤێرجیلۆی مامۆستای تێدەپەڕێنێت و جێدەھێڵێت، بەڵکو دانتی داھێنەری ڤێرجیلۆیە، دانتی نووسەری ڤێرجیلۆیە.

لە وتارێکیدا سەبارەت بە کافکا و پێشینانی، بۆرخیس دەنووسێت: "ڕاستییەکە ئەوەیە کە ھەر نووسەرێک پێشینانی خۆی درووست دەکات. کاری ئەو دەستکاریی تێگەیشتنی ئێمە دەکات لەبارەی ڕابوردووەوە، وەک چۆن دەستکاریی داھاتوو دەکات. لەم پەیوەندییە دوولایەنەیەدا، ناسنامە و فرەیی مرۆڤ گرنگ نییە"(٤).

گەر پێداچوونەوەیەک بە نمونەکانی سەرەوەدا بکەم، ئەو نمونانەی لە مێژووی ئەدەبیاتەوە ھێنران، دەکرێت بڵێم: لە "بەھەشتی لەدەستچوو"ی میلتۆندا خودایەک ھەیە لە ئاینەکانەوە وەرگیراوە و ھەموومان دەیناسین، خودایەکیش ھەیە داھێنراوی شەیتانە و شۆڕشی بەسەردا دەکرێت. فاوکنەرێک ھەیە خوێندوومانەتەوە و دەیخوێنینەوە، فاوکنەرێکیش ھەیە لە گێڕانەوەی مارکیزەوە بەرجەستە دەبێت. کێرکێگاردێک ھەیە لە مێژووی فەلسەفەدا و کێرکێگاردێکیش ھەیە کە سەداکانی لە کافکادا بە کزی دەبیسترێن؛ ھەر فیگەرێک کە دەبێتە پێشینانی فیگەرێکی تر لە داھێناندا، ئەو فیگەرە پێشینانە لەلایەن ئەوەی دواتریەوە دادەھێنرێت و دەخوڵقێنرێتەوە، بە جۆرێک کە ھەم پێشینان و ھەم نوێکەشە؛ مردووەکان ھەرگیز ناڕۆن جێمان ناھێڵن، بەڵکو یەنیا دەخزێنە نێو دەقەکانمانەوە. نالی ھەم نالییە و ھەم ناڵێ بەجێماوی حاجییشە، ھەم باوکی سەردەمەکانی دواتریش ... نالی و حاجیش، ھەردووک نووسەری مەزن/خودا/باوک/پێشینانن و ھەردووک شەیتانیشن بەوەی لە پێشینان یان خودایەک لایان داوە؛ ھەردووک، ھەم نالی و حاجین و ھەم داھێنراو و دیسانەوە خوڵقێندراوی فیگەرێکی تریشن، دوو شەیتانی نێو نووسینەکانی پیاوێکن بە ناوی مەسعود محەمەدەوە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە مەسعوود محەمەد شاعیر یان ڕۆماننووس نییە، مەسعوود محەمەد وتار و فیکر دەنووسێت،

ئەو بیردەکاتەوە، ھەر لەو بیرکردنەوەیەشدا پێشینانی خۆی خوڵقاندووە، بیرکردنەوەیەک کە لەمڕۆدا ناوێکی تریشی ھەیە: ڕەخنە.
ئەمڕۆ ھەژدە ساڵ بەسەر مردنی مەسعود محەمەددا تێدەپەڕێت. لەم ھەژدە ساڵەدا دەشێ یەکێک چەندین جێگیر و چەندین گۆڕاو لە مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەدا دیاری بکات، بەڵام لەژێر حوکمی ناونیشان و بابەتی ئەم وتارەدا، من خۆم بە پرسی خوێندنەوەی پێشینان و بیرکردنەوە-لە-خۆمانەوە پابەند کرد. کۆی ئەو پەرەگرافانەی سەرەوە، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش باس لە کارەکانی مەسعود محەمەد ناکەن، بەو ئومێدەوە نووسراون کە وێنای پەیوەندییەکی دوولایەنە بکەن لەنێوان مەسعود محەمە(خوێنەرەوە/ڕەخنەگر) و نالی و حاجی قادر(شاعیر)دا. خوێندنەوەی سێ بەرگەکەی "حاجی قادری کۆیی" و ھەردوو کتێبی "چەپکێک لە گوڵزاری نالی" و "دەستەودامانی نالی"، نەک تەنیا بە حاجی و نالی تەواو ئاشنامان دەکات، بگرە نامۆیشمان دەکات: نامۆمان دەکات بەو مانایایەی کە مەسعوود محەمەد دیسانەوە نالی و حاجی وەک دوو شاعیر لەنێو زمانی خۆیدا، وەک خوێنەرەوەیەکی پێشینانی، دادەھێنێتەوە.

مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە مەسعود محەمەد کێ بوو؟ چی کرد؟ بەوەش کە لەپشت ناوەکەیەوە نووسیومە(خوێنەرەوە/ڕەخنەگر)، مەبەستم نییە ئەو لە ڕەخنەگرێکی ئەدەبی، یان خوێنەرەوەیەکدا کورت بکەمەوە. بەڵام بڕوام وایە، لەپاڵ ھەر کارێکدا کە کردبێتی، مەسعوود محەمەد باشترین و داھێنەرانەترین مۆدێلی ڕەخنەی ئەدەبیی لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا خستووەتە ڕوو. ڕەخنەی ئەدەبی، کە داھێنانەوە و خوڵقاندنەوەی خۆمان و پێشینانمانە لە یەک جەستەی مەعریفیی نووسراودا.لەم ھەژدە ساڵەدا، ئەوەی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە ناوی ڕەخنەوە بەرپا دەکرێت، لە تێگەیشتنە تەقلیدیەکەی ڕەخنە تا ڕادەیەک دوورکەوتووەتەوە، کە "جیاکردنەوەی باش و خراپی دەقەکانە"؛ بەڵام گەیشتووە بە ھەڵدێرێکی مەترسییدار کە ڕەدکردنەوە یان پیرۆزکردنی نووسەران و دەقەکانیانە لەسەر ئاستی حەز و بەدڵبوونێکی شەخسیی پەتی، لەوەش ترسناکتر: ڕەدکردنەوە و پیرۆزکردنی نووسەران و دەقەکانیان لەژێر کۆمەڵێک پێوەردا کە گوایە لە ڕەخنەی خۆرئاواییەوە وەرگیراون. لە ماوەی ئەم ھەژدە ساڵەدا بە دەیان دەق ڕەدکراونەتەوە لەسەر ئەوەی شۆڕشگێڕانە نین، لەسەر ئەوەی وجوودیانە نین، لەسەر ئەوەی لەگەڵ دێڕی ئەم فەیلەسووف یان ئەو فەیلەسووفی خۆرھەڵات یان خۆرئاوادا تەبا نین و وێکنایەنەوە. لە کاتێکدا دەقی ئەدەبیی داھێنەرانە و ڕاستەقینە ھەندێک جار پێ دەنێتە ئاستێکەوە لە نوێگەری کە کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنی ھەرچی تێز و بیرۆکەی ھەرچی فەیلەسووف و ڕەخنەگری بیانیی خۆرھەڵات و خۆرئاوا ھەیە، کۆمەکمان ناکات لە شیکردنەوەیدا؛ ھەندێک جار ڕەخنەگر ڕووبەڕووی دەقێک دەبێتەوە کە مل بۆ ھیچ پێوەرێک کەچ ناکات، ھیچ بیرۆکە و گوتراو و ڕێسایەک نییە ئەم ڕەخنەگرە لە جیاوازیی بێڕەحمانەی ئەم دەقە ڕزگار بکات ... لەم حاڵەتانەدا تەنیا خۆمان و دەق دەمێنینەوە، ئەوەی ڕوودەدات جەنگێکە لە نێوان ڕەخنەگری بەھێز و شەیتانەکاندا، ئەو شەیتانە میلتۆنییانەی لە بەھەشت بەردەبنەوە و دەکەون، ئەوانەی پێشینانیان، یان خوداکانیان، بە جۆریکی تر داھێناوەتەوە و خۆشیان لەلایەن ڕەخنەگرە بەھێزەکانیانەوە دادەھێنرێنەوە.

لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەدا، من بە ھیچ جۆرێک بانگەشەی ئەوە ناکەم کە مەسعوود محەمەدم وەک ڕەخنەگرێک داھێنابێتەوە، ھەروەھا بانگەشەی خستنەرووی مۆدێلێکی پراکتیکیانەی ڕەخنەی ئەدەبییش ناکەم؛ بەڵام بە شەرمنییەوە -شەرم لە مەسعود محەمەد، نالی و ھەموو ئەوانەی لەم وتارەدا ناویان ھات- ئەو ئومێدەم ھەیە کە توانیبێتم لایەنی کەم، لە باسکردنێکی کورتی مەسعوود محەمەد و شەیتانەکانیدا(نالی و حاجی قادر)، ھێڵکارییەکی کاڵ بۆ پەیوەندیی نێوان ئەدیب و پێشینان، ڕەخنەگری بەھێز و ئەدیبانی پێشینانی بکێشم؛ لەپێناو درووستبوونی ڕۆشنبیرییەکدا، کە لایەنی کەم، ڕۆژێک لە ڕۆژان توانای بەرگەگرتنی ئەو نووسەرە داھێنەرانەی ھەبێت کە دەشێ لە داھاتووی زۆر دووردا، پاش چەندەھا نەوەی تر، بێن و ڕووبەرووی ببنەوە ... چونکە لەو بارودۆخانەدا ڕەدکردنەوەی کوێرانە و ستایشی کوێرانەتر کۆمەکمان ناکات، بەڵام ڕەنگە خوێندنەوەی وردی ھەڵوێستەکەی مەسعوود محەمەد بەرامبەر نالی و حاجی، سەرەداوێک بێت.

سەرچاوەکان:


1- Bloom, Harold. The Anxiety of Influence: A Theory of Poetry. New York: Oxford University Press, ١٩٩٧. P١٩
2- بەیتەکان لەم نوسخەیەی دیوانی حاجی قادرەوە وەرگیراون: سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا سارەزا. دیوانی حاجی قادری کۆیی. ئینتیشارات کردستان. ١٣٩٠
3- ئەلیگیری، دانتی. کۆمیدیا: بەرزەخ. و. عەزیز گەردی. سلێمانی. دەزگای سەردەم.٢٠١٥
4- Borges, Jorge Luis. Selected nonfiction. Ed: Eliot Weinberger. New York. Vking. ١٩٩٩. P٣٦٥