سەردێڕ:

ئاژاوەگێڕەکانی ھەولێر کێن؟

6/1/2020 2:07:39 PM
8885 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار عوسمان
+ -

ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانی، ئەوانەن کە داھاتەکەی فەرھوود دەکەن و کرێی کرێگرتەکانیان نادەن و لەکاتی داواکردنیشی، شەق لە ناوگەڵی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی ھەڵدەدەن، ئەوانەن دەستدرێژیکارانی سەر منداڵی حەوت ساڵان و تاوانباران لە دادگا دەرباز دەکەن، ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن، ئەوانەن پایتەخت دەکەن بە مۆڵگەی دەزگا سیخوڕییە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، ئەوانەن زانکۆکەی بێ کاریگەری و ئیفلیج دەکەن و وەکو ناوەندێکی حزبی چاوی لێدەکەن، ئاژاوەگێڕەکانی شار ئەوانەن لەسەر داھاتی خەڵکەکەی نەخۆشخانەیان بۆ خۆیان چێکردووە و کەرتی گشتییان بەفەرامۆشی سپاردووە، ئەوانەی بڕوایان بە قوتابخانە گشتییەکان نییە و بۆ منداڵ و نەوەکانیان قوتابخانەی تایبەتیان دروستکردووە و منداڵی زۆربەی خەڵکەکەشی چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانن بەسەریاندا، ئەوانەن پیر و پەککەوتەی شارەکە لە بێ کارەبایی و نەبوونی ئاودا رادەگرن و خۆشیان ئاو و کارەبای فول و بەردەوامیان ھەیە.

ئاژاوەگێڕەکان و تێکدەرەکان ئەوانەن، زەوییە روکن و شوێنە ستراتیژەکان بەسەر خۆیان و دەوروبەرەکەیان تاپۆ دەکەن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەشی بەدیار کرێی خانووەوە کۆتایی مانگ دۆش دادەمێنێت، ئەوانەن مەرجی دەستکەوتنی کار و وەزیفە دەبەستنەوە بە تەسکیە و وەلائی حزبی، ئەوانەن رۆژانە نامەی ھەڕەشە بۆ خەڵک دەنێرن و لەھەوڵی ناشرینکردنی کەسایەتیەکاندان، ئەوانەن پیاسەیەک و ژوانێک بۆ کچ و کوڕە گەنجەکان رەوا نابینن و رێگای ئیجەیان نیشان دەدەن، ئەوانەشن رۆژانە وانەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەریمان بۆ دەڵێنەوە و خۆشیان بە بێدەنگی لە دیمەنی تۆپبارانەکان و لاشەکان رادەمێنن.

ئاژاوەگێڕەکان ئەمانەن، کە کارگەی جگەرە و مافوری ھەولێر و کارگەی شیری ئەلبان و ھەرچی کارگە و کارخانە بوو  لەکاریانخست، دەرفەتی کار و بەرھەمیان نەھێشت و لەشکرێک لە خەڵکیان کردە مووچە خۆری بندیوار و خانەنشینی نایاسایی .
ھەموو ئەو ئاژاوەگێڕ و تێکدەرانە بگرن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن کە ئەو وەزعیەتەیان بەسەر ئەو خەڵکە ھێناوە، لایەکی شارەکە لە نانی بەیانی منداڵەکانی دڵنیا نییە.

بێدەنگ کردنی خەڵک و لە جوڵە خستنی ھەموو جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی لە شارەکە و ھەڕەشە و تۆمەت و سیناریۆ دروستکردن بۆ کەسانی ناڕازی بەو وەزعیەتە پڕ نەھامەتیە، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، دروستکردنی ژینگەی پڕ لە ترس و تۆقاندن و سەپاندنی عەسکەرتاریەت بە شەقامەکانی، لەگەڵ دڵفراوانی و ھێمنی خەڵکەکەی نامۆیە .

ھەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک رەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و راونان و دەرکردنی خەڵکانێکی شارەکە، تەنھا لەبەر ئەوەی جیاواز بیردەکەنەوە، ناعەدالەتی ئازاریان دەدا، لەبەرامبەر ستەمکاری دێنە دەنگ، مۆرێکی ناشرینە بۆ ھەموو شوێن و جێگا و دەسەڵاتێک، مێژوو لە بکەرانیان خۆش نابێت و باجەکەی دەبێت بدەن.
ھەولێر ئەگەر بە بێدەنگیش بێت، رۆژانە قسە دەکات و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەھەموو دنیا دەگەیەنێت .