سەردێڕ:

مرۆڤ و بەهاکان!

5/27/2020 6:00:34 PM
3812 جار خوێندراوەتەوە
کامەران عەزیز
+ -

بەشی یەکەم:

مێژووی مرۆڤایەتی، لەسەردەمی دروستبونی کۆمەڵگا و کولتور و باوەڕە جیاوازەکانەوە، لەو ساتەوەی دەسەڵات ‌و دەسەڵاتدارییەتی دروستبووە مرۆڤ بووەتە ھەڵگری چەندین پەیامی جیاواز، ئەم پەیامانەش ئاڵای جۆرەھا (بەھا)یان بەرزکردووەتەوە.

ھەموو جۆری بەھاکان لەلایەن مرۆڤەکانەوە داھێنراون، مرۆڤ پێناسەی کردون و ھەر لە نێو مرۆڤەکاندا بوونیان ھەیە و بەپێی عەقڵی مرۆڤەکان باش و خراپ و پیرۆزیی ‌و حەرام و بێبھایی ھەر یەکەیان لە یەکدی جیاکراوەتەوە.

ئەم بەھایانە پۆلێندەکرێن بە دوو گروپی سەرەکیەوە (بەھای وەھمی و بەھای مادی). یەکەم/بەھای وەھمی..! بەھا وەھمیەکان دەکرێن بە دوو گروپەوە:

گروپی یەکەم/ گرێدراوی باوەڕە ئەفسانەیی و ئایینیەکانن.

گروپی دووەم/ گرێدراوی باوەڕە میللی و ئایدۆلۆژی و خەیاڵە دونیاییەکانی مرۆڤن.

گروپی سێیەم/ بەھا ڕەمزی و سمبولیەکانی دەسەڵات، ئەم گروپەیان پەیوەستە بە پاراستنی بەھای کەسایەتی و پێگەی پێغەمبەر و سوڵتان ‌و پاشا و ڕابەرەکان.

 فاکتەری مانەوەی بەشێک لە بەھا وەھمیەکان ئەوەیە، دەسەڵاتداران بەشێک لەم بەھایانەیان بە زەبری (ھێز و پیرۆزیی) بەسەر کۆمەڵگاکاندا سەپاندوە، واتا (زەبر و پیرۆزی)  فاکتەری مانەوەی بەشێک لە بەھا وەھمیەکانن.

لە پێناو پاراستنی پیرۆزیی ئەم بەھایانە، جیاوازی نێوان بەھا پیرۆز و ناپیرۆزییەکان دروستبوون، نەک باشی و خراپی بەھاکان، ھەر پیرۆزییەکیش پیرۆزییەکانی ئەوانی دی نەفی کردۆتەوە و پارێزەرانی پیرۆز‌ییەکان چەندەھا جەنگ و شەڕیان لە نێو مرۆڤەکاندا دروستکردوە و بەھای مرۆڤەکانیان کردووەتە قوربانی پیرۆزییەکی وەھمی، ئەگەر خراپ و نا مرۆییش بوبن.!

دووەم/ بەھای مادی:

بەھا مادیەکان ئەو بەھایانەن کە مرۆڤەکان لەم دونیایەدا و لەسەر ئەم زەویە دایانھێناون ‌و ڕۆژانە لە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی خۆیاندا مامەڵەیان پێکردووە و بوون ‌و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیانیان پێ سەلماندوە.

بەھا مادیەکان بەپێی دیدوبڕوای مرۆڤەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکان چەندین جۆرن، وەک(بەھا خێلەکی ‌و کولتوری و کۆمەڵایەتی ‌و نیشتمانیەکان، بەھا ئایدۆلۆژی و عەلمانیەکان، بەھا ڕەگەزی ‌و نەژادیەکان، بەھا سیاسیەکان، بەھا ئابورییەکان، بەھا زانستییەکان...ھتد)، ھەرچی بەھا مادییەکانە پەیوەستبون بە پڕۆسەی مێژوویی ململانێی نێو مرۆڤەکان ‌و گەشەی بیرکردنەوە و ھوشیاری ‌و ئەزمون ‌و کار و داھێنانی مرۆڤەکانەوە، پەیوەستن بە پەیوەندی کارلێکی جیاوازی نێوان مرۆڤ و کێشەکانیانەوە.

ھەندێک لەم بەھا مادیانە بە جیاواز لە بەھا وەھمیەکان بە جێگیری نەماونەتەوە و بەپێی ئاستی ھزر و ھوشیاری کۆمەڵگاکان ‌و سەردەمەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتوە، بۆیە دەتوانین بە (بەھای سەردەمی) ناویان بێنین، بەپێی گۆڕانکارییەکان بەھا کاتی و سەردەمییەکان گۆڕاون و بەھای تری نوێ‌ی ھاوچەرخ جێگای بەھا کۆنەکانی گرتۆتەوە.

 لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەزسای، (بەھا مادی ‌و ژیانیی)کان زەبرێکی گەورەی لە بەشێکی بەھا وەھمیەکانی ئایینی ‌و خیڵەکی و باوەڕە ئەفسانەیی ‌و پیرۆزییەکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا وەشاندو بەشێک لەم بەھایانە کاڵبونەوە و ھەندێ بەھای دونیایی جێگایان گرتنەوە.

بەڵام لەوە سەیرتر ئەوەیە بەشێک لە بەھا مادییەکان کە باوەڕ و ئایدلۆژییە دونیاییەکانی مرۆڤ دروستیکردن،  ھەندێکیان لە ھزر و ھۆشی مرۆڤەکاندا ھاوتای بەھای ئاسمانیەکان پیرۆزکران ‌و بە نەگۆڕی ماونەتەوە و تا ئێستاش لە ئاستی گروپ و ڕێکخراودا لە نێو کۆمەڵگاکاندا لە دەوری ئەم بەھا ئایدۆلۆژیانەدا کۆدەبنەوە و خوێنی لە پێناودا دەڕێژن.!

لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە ئەنجامی ئەو بەربەرییەت و جەنگ ‌و داگیرکارییانە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە مێژووی مرۆڤەیاتی پێدا تێپەڕی، وە تراژیدیای بێوێنەی جەنگی دووەمی جیھانی، مرۆڤایەتی بەگشتی و فەیلەسوف و بیرمەندی سۆسیۆلۆژی ئەنترۆپۆلۆژیستەکان و ڕۆشنبیرە سیاسییەکانی بە تایبەت توشی ھەڵوێستەیەکی گەورە کرد، بۆیە فەیلەسوف و بیرمەندەکان ھەندێ چەمکی بەھایان ھێنایە نێو کۆمەڵگاکانەوە و وەک (مافی ھاوبەشی مرۆڤەکان) ناساندیان، بۆ نمونە بەھای(گەلێکی ئازاد، ھاوڵاتیبوون، ھەڵبژرادن ‌و دیموکراتی، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی ‌و کەرامەتی مرۆڤ و مافی مرۆڤ وەک بونەوەرێکی سروشتی..ھتد)، کە ھەمویان لە چوارچێوەی گشتی دیدی (بەھای مرۆڤ)دا کۆکردبووەوە.

واتا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە بەتایبەتی دوای جەنگی جیھانی دووەم و نوسینەوەی (بەیاننامەی جاری گەردونی مافی مرۆڤ)، بەھای مرۆڤ کەوتە نێو کتێب و ڕۆژنامە و ئەدەبیات و بەرنامەی سیاسی ھەندێ لە حیزبەکان، دیدی بەھای مرۆڤ وەک(بڕوایەک) لەسەر زاری بیرمەند و ڕۆشنبیران و کتێب و ڕۆژنامەکان ‌و بەرنامەی ڕێکخراوە سیاسییەکان دەھات و دەچو، بەڵام لە کەمترین ئاستدا لە ژیانی واقیعی مرۆڤەکاندا پراکتیزە دەکرا..!

"دەتوانین بڵێین ھەندێ لە دەوڵەتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا لایەنی کەمی ئەم ماف ‌و بەھانەیان کردە بنەما لە نوسینەوەی دەستور و لە نێو یاسا و دادگاکانی خۆیاندا جێگیریانکرد."!   

ئەگەر لەسەدەکانی پێشودا زۆرترین خوێن لەسەر بەدەستھێنان و سەپاندن و پاراستنی بەھا وەھمیەکانی ئیمپراتۆرییەتەکان ڕژابێت، ئەوا لە سەدەی بیستەمدا، لە نێوان ھەر دوو جەنگی یەکەم ‌و دووەمی جیھانیدا بەھەمانشێوە لەسەر بەدەستھێنانی دەسەڵات و پاوانخوازی ‌و پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری و (بەھا مادییەکان)، زۆرترین خوێن ڕژاوە و بە ملیۆنەھا مرۆڤ بوونەتە قوربانی.!

لە جەنگی جیھانی دووەمدا پاش داڕمانی ئابوری زۆربەی دەوڵەتە زلھێزەکان دوای زیانێکی گەورەی گیانی و مادی، دوای ماندوبونی میللەتەکانیان، جەنگی دووەمی جیھانی وەستا، ئاشتی و ئارامی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای گرتەوە. لەم ساتەدا زۆربەی وڵاتان گرنگیاندا بە ڕەوتی گەشەی ئابوری، بە پیشەسازی و بەرھەمھێنان ‌و بازرگانی زیاتر تا بتوانن بۆشایی گەورەی زیانە گیانی ‌و مادیەکانیان پڕ بکەنەوە و خۆیان لە تراژیدیا و قەیرانەکانی ئەم جەنگە گەورە و جیھانییانە ڕزگار بکەن.

 بەرژەوەندی ئابوری و ترسی مەرگ لە جەنگی دووەمی جیھانیدا، توانی جەنگە جیھانییە گەرم ‌و خوێناویەکان بگۆڕێ بە شەڕی سارد و شەڕە ناڕاستەوخۆکان و گەڕان بە دوای دۆزینەوە و دەرھێنانی زیاتری کانزا و کەرەستە خاوەکان، بە تایبەت (نەوت و گاز).توانی ببێتە ھۆی پێشبڕکێی بەرھەمێنانی زیاتری کاڵا و قازانجی ئابوری ‌و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و باشکردنی لایەنی زۆر کەمی ژیانی مرۆڤەکان و بەدەستھێنانی لایەنی کەمی مافەکان، بەڵام لەھەمانکاتدا بوەھۆی زیاتری  پیسکردن و وێرانکاری ‌و تێکدانی سروشت.

واتا لە سەدەی بیستەمدا، لە سەردەمی جەنگی جیھانی دووەمدا سێ گۆرانکاری گەورەی پێچەوانە و دژبەیەک لە ئاکاری مرۆڤایەتیدا بە تایبەت لە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایدا ڕویاندا:

یەکەم/ زۆرترین خوێنڕشتن ‌و توندوتیژی ‌و جینۆساید و وێرانکاری و کاولکاری ‌و داگیرکاری ‌و پێشێلکاری ‌و بەدکاری دەرھەق بە کەرامەتی مرۆڤەکان ئەنجامدرا.!

دووەم/ ھەر لەم سەردەمەدا زۆرێک لە بیرمەند و ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکان، زۆرترین قسەیان لەسەر ماف و بەھا و کەرامەتی مرۆڤ کرد و زۆرترین نوسین ‌و کتێبیان لەسەر (بەھا و مافەکانی مرۆڤ) چاپ و بڵاوکردەوە و ئەم نوسینانە بوونە (بەھایەکی نوێی فکری) لە نێو بەشێک لە مرۆڤی خوێندەوار و سیاسی و ڕۆشنبیر.!

سێیەم/ سەرھەڵدانی ڕاپەرین و شۆڕشی چەکداری بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ژیردەستە، چەندین خۆپیشاندان بۆ بەدەستھێنانی ماف و ئازادییە کۆمەڵایەتی ‌و فەردی و ڕەگەزییەکان.!

جەنگی دووەمی جیھانی شۆکی گەورەی لە دەرونی بیرمەندان و کۆمەڵگاکانی ئەو سەردەمەدا دروستکرد، بەڵام لەگەڵ ئەم شۆکە دەروونی و گۆرانکارییە فکری ‌و لافاوی خوێنەدا، (بەھای مرۆڤ) و (بەھای سروشت) نەک ھەر نەبوونە (بەھای باڵا و ڕەھا) لە نێو ھزر و ھۆشی مرۆڤەیاتیدا، بەڵکو بەھای مادی و بەرژەوەندی ئابورییەکان بونە بەھای(ڕەھا)ی دەوڵەتەکان ‌و (پێوەری) ھەموو بەھا کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان.

ماویەتی..