سەردێڕ:

هەرچی گۆڕانکاری و شۆرشە، سەرەتا بچوک و کەمینە بوون

1/22/2020 10:45:07 PM
12931 جار خوێندراوەتەوە
شاسوار عەبدولواحید
+ -

مێژووی ئەوروپا، بە کلاسیک و مۆدێرنیەوە پڕە لە نموونەی ئەو هێز و حیزبانەی کە لە سەرەتاوە تەنها کەمینەیەک بوون و بەڵام دواتر نەک هەر بەهێزبوون و بوون بە زۆرینە، بەڵکو دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست.

بۆنموونە، سەرەڕای سەرنج و تێبینیی وەک کارە قێزەونە نامرۆڤایەتیەکەی، بەڵام ئەزمونی سیاسی پیاوێکی وەکو هیتلەر و حیزبی نازیەکان لە ساڵی ١٩٢٤ کە لە زیندان هاتە دەرەوە و لە هەڵبژاردندا بەشدارییکرد و تەنها رێژەی %٣ی هێنا.

دوای ٤ ساڵ لە هەوڵی بەردەوام و ماندووبوون، کە بە تیکڕا خۆی و پارتەکەی رۆژی ٣ سیمیناریان دەبەست (واتە هەزار سیمینار لە ساڵێکدا)، بەڵام دوای چوارساڵ لە هەوڵدان لە هەڵبژاردنی ١٩٢٨دا رێژەکەی لە (%٣ دابەزی بۆ %٢.٦).

دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٣٠دا رێژەکەی بوو %١٨، دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٣٢ رێژەکەی بوو بە %٣٧، دوای هەموو ئەمانە و لە کۆتایی هەمان ساڵدا فشاریانکرد و هەڵبژاردنی پێشوەختە سازکرا، بەڵام نەک رێژەکەی زیاد نەکرد، بەڵکو بوو بە %٣٣، بەڵام لە ئەنجامدا و لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٣٣ رێژەی %٤٤ی بەدەستهێنا و بوو بە حیزبی یەکەم لە ئەڵمانیا.

لینین کە گەرایەوە بۆ روسیا و لەگەڵ پارتەکانیتر گفتوگۆیان دەکرد و خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکرد، هەمیشە دەیگوت ئێمە لوتکەی دەسەڵات دەگرینە دەست، بەڵام کاتێ لە ساڵی ١٩١٢ هەڵبژاردنکرا حیزبەکەی لینین یەکەم بوو لە دوای دواوە (واتە بچووکتریین و خراپتریین حیزب بوو)، بەشێوەیەک تەنها ڕێژەی %٢ی بە دەستهێنا و هەموان گاڵتەیان پێدەکرد، بەڵام دوای پێنج ساڵ شۆرشی بەلشەفیەکانی لە ١٩١٧ی بەرپاکرد و ئیمپراتۆریەتی قەیسەری روسیایان ڕووخاند.

پارتیەکان کە سەرەتا لە کوردستان دەستیان بە سیاسەت کرد، کەمینەیەکی زۆر بچووک بوون لەچاو شیوعیەکاندا، بەڵام دواتر شیوعیەکان بوونە کەمینە و پارتییش بوو بە زۆرینە.

یەکێتیەکان کە لە پارتیی جیابوونەوە، لە سلێمانیی خەڵک بەردبارانی دەکردن و جێگایان نەدەبۆوە، تا دواتر لە بەکرەجۆ و لە پاڵ حکومەتی عێراقیی جێگیر بوون، بەڵام سەردەمانێک لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان یەکێتیی هەموو کوردستانی لەژێر رکێفدا بوو، شەڕی لەگەڵ ئێران، عێراق، بەرەی جود (پارتیی و شیوعیی و سۆسیالیست)، پاسۆک و هەمواندا دەکرد و بەو هەموو وڵات و حیزبەوە دەرەقەتی یەکێتیی نەدەهاتن، تا حکومەتی عێراق ناچاربوو لە ساڵی ١٩٨٤ مفاوەزاتی لەگەڵ بکات.

بەکورتیی دەمەوێ ئەم دیدگایە جێکەوت بکەم، ئەوەی بڕیار دەدات تۆ گەورە دەبیت یان نا، تەنها ئیرادەی خۆت و کۆڵنەدانت و پشودرێژیتە، هەرچی شۆرشی گەورە و گۆڕانکاریی گەورە لەمێژوودا هەن، تەنانەت پێغەمبەرانیش کە هاتوون، سەرەتا کەمینە بوون، دواتر بوون بە زۆرینە، کەواتە لەبری ئەوەی بە قۆشمە و پێکەنینەوە لەوە بڕوانین کە جوڵانەوەیەکی سیاسیین و گوایە بچوکین و چەند پەرلەمانتارێکمان هەیە، لەبری ئەوە پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەوەبێ لەگەڵ ئەم چەند گەنجەدا چۆن ئەو هەموو حیزبەمان ئیحراج کردووە و نمونەیەکی جوان و جیاوازمان پێشکەشکردووە، لە خۆنەویستی و رەتکردنەوەی ئیمتیازات و بەرژەوەندی و هەروەها دروستکردنی کێبڕکێ، لە کاتێکدا ئێمە دوو ساڵە کاری سیاسی دەکەین و ئەوان زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە کایەکەدا بونیان هەیە و گوایە سیاسەت دەکەن.


‌بەپەلە