سەردێڕ:

بۆ مێژوو، بارزانی نەوتراوەکانی وت

10/20/2020 9:16:23 PM
21133 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

فەلسەفەی نووسینەوەی مێژوو فێربوونە لە مێژوو، خۆ ئامادەکردنە بۆ ئایندە و بۆ گەشەی کۆمەڵ یان بۆبەھێزکردنی پێگەی ھەر نەتەوەیەک بەسوود وەرگرتن لەخاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی مێژوو، مێژووش ھەمیشە دوو جۆرە. وەک گەورە کەسایەتی جاسوسی فەڕەنسی کانت دمارانشی دەڵێت: ( دوو جۆر مێژوو ھەیە، یەکێکیان ئەو مێژووەیە کە دەبینرێت کە مێژووی رەسمییە، ئەوی دیکەیان مێژووی نھێنییە یان رووداوێکە لە پشتی پەردەوە) ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین مێژووییەکی ماندوو، شەکەت، مێژووییەکی غەمگین، مێژووییەکی شێوێنراو، وەک دەڵێن مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە. بۆیە مێژووی کورد لە زۆر جێگادا پێویستی بە ساغکردنەوە ھەیە، چونکە بەبیرکردنەوەی کوردی و قەڵەمی کوردی نەنووسراوەتەوە، دەکرێ بڵێن مێژووی کورد و دەسەڵاتەکانی ھەر لە میرەکان تا شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان کەمترین نووسراویان لێ بەجێماوە یان نیمانە یاخود کەمترین نووسینمان ھەیە، زۆربەی مێژووی کورد یان بیانییەکان نووسیوویانەتەوە یاخود قەڵەمەکانی وڵاتانی دەوروبەر، ئەم نووسینەوەش لە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەستە، ئەو کوردانەش مێژووی کوردیان نووسییووەتەوە بەرمەبنای مێژوونووسانی بیانی نووسیویانەتەوە. ئەوانەش مێژووی نوێی بزوتنەوەی کوردستانیان نووسیوەتەوە نەیانتوانیووە بێلایەنی خۆیان بپارێزن، بەڵکو بەشێکی بۆ یەکترشکاندن تەرخان کراوە. لێرەدا مەبەستمە قسە لەسەر نوێترین کتێبی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بکەم بەناوی (بۆ مێژوو).

سەرەتا ئەگەر لە بەرگی کتێبەکە وردببینەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە تێدەگەین، دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە مێژووی سەدەیەک زیاتری مێژووی کوردە لە پوختەیەکدا، کە لە دابەشکردنی کوردستانەوە دەسپێدەکات ھەتا ئەم چرکەساتە کە بەڕێزیان یاریزانێکی سەر راستی بەشێک لە رووداوەکانی ئەم مێژووە بووە. کتێبەکە لە چرکە ساتەکانی دابەشکردنی کوردستان و بەرژەوەندی زلھێزەکانەوە باسێکی راستگۆیانەی مێژووی کورد دەکات، ھەتا دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق. لەو ماوەدا باس لە بەریەککەوتنەکان و شەڕ و گفتوگۆی نێوان کورد و ئەوانی دیکە دەکات و ئامادەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەو قۆناغەدا.

دواتر باس لە راپەڕین و کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەکات کە قسەکردن بووە لەسەر پێناسەی نوێی عێراق دوای روخانی بەعس، لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا باس لە شەڕی داعش و چۆنییەتی پەلاماردانی بۆ سەر کوردستان و ھۆکارە گوماناوییەکان لە پشتی ئەم پەلامارە، رۆڵی ھاوپەیمانان و ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێم، لە بەشێکی دیکەدا باس لە جوڵەی دیبلۆماسی کوردی دەکات، چۆنییەتی گەشتە دیبلۆماسییەکان و دیداری ئۆباما و بایدن، باسکردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم لەتەک ئۆباما و بایدن و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا. لە ھەمانکاتدا سەردانی ئەوروپا و گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم دواتر باس لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات لەتەک حکومەتی عێراق و ھێزە عێراقییەکان لەسەر بنەمای (یاخود جێبەجێکردنی دەستور و ھاوبەشی راستەقینە، یان وەک دوو دراوسێی باش پێکەوە بژین) بۆ باسکردن لە دۆخی کورد و چەوسانەوەی کورد لە عێراقدا داوای پشتگیری و تێگەیشتن لە جیھان و ناوچەکە و عێراق دەکات بۆ سەربەخۆی کوردستان لە رێگای ریفراندۆمەوە. دواتر قسە لەسەر رای نێودەوڵەتی بەرامبەر ریفراندۆم دەکات لە ناڕوونی ھەڵوێستیان بۆ ئایندەی کوردستان، لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان کۆبوونەوە لەتەک سەرکردەی حزبەکان گرێ دەدات و باسی ھەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا و گفتوگۆکان لەتەک حکومەتی عێراقی بۆ کردوون. لە باسکردنی کۆبوونەوەدا ئاماژە بە پرسیارێکی بەڕێز عەلی باپیر دەکات، کە دەڵێت:
ئەم ئەرکە زۆر قورسە بەڕێزت دەتوانی گرەنتی جێبەجێکردنی بکەی؟
بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ئەگەر لە ناوخۆ تێکی نەدەن بەڵێ، واتە سەرکەوتنی پڕۆسەکەی گرێدا بە یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە. لە بەشێکی دیکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی ریفراندۆم دەکات و دواترسەرکەوتنی ریفراندۆم، لەلایەکی دیکەوە باس لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکات. دوای دێتە سەر پەلامارەکانی حەشدی شەعبی بە ھاوکاری وڵاتێکی دراوسێ و حزبوڵڵای  لوبنان، لەھەمان کاتدا ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان جەنابیان و مەلیکی ئوردن دەکات. لە کۆتاییدا لە بەشی پاشکۆ و بەڵگەنامەکاندا باس لە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا لە سەردەمی حکومەتەکانی ئەیاد عەلاوی و مالیکی و جەعفەری و عەبادی دەکات و قسە لەسەر پێشێلکارییە دەستوورییەکان دەکات و بە دیکۆمێنت دەیانخاتەڕوو، دواتر باس لە رەھەندە دەستووری و یاساییەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان دەکات. بۆیە دەرئەنجام دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە زۆر شتی نەوتراوی وت. واقیعی رووداوەکانی بەو شێوەیە گێڕاوەتەوە کە روویداوە، نەک لەژێر کاریگەری سۆز و ئایدۆلۆژیای حزبی. مێژووییەکە بە مانای فەلسەفەی مێژوو، بۆیە پێویستە بخوێنرێتەوە. دەشتوانین بڵێین کتێبی بۆ مێژوو دەبێتە راستترین و راستگۆترین مێژوو بۆ نەوەکانی داھاتوو. لە کۆتاییدا پێشنیاز دەکەم ئەم کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فارسی، کردنی بە ئینگلیزی بۆ تێگەیشتنی ناوەندە ئەکادیمییەکانی بیانی لە مێژووی ریفراندۆم، وەرگێڕانی بۆ فارسی و عەرەبی و تورکی بۆ ئەوەی رۆشنبیرانی ئەو نەتەوانە لە حەقیقەتی ویست و داواکاری گەلی کورد تێبگەن، لەلایەکی دیکەوە لەو سێ پارچەی جەستەی نیشتیماندا خوێندنی زمانی دایک قەدەغەیە و گەنجانی کورد بە زمانەکانی ئەو نەتەوانە دەخوێننەوە، کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە بۆیە بۆ ئاشنابوونی گەنجانی کورد لەو پارچانەی دیکەی نیشتیمان بە حەقیقەتی مێژووی وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر زاکیرەی سیاسی گەنجانی کورد دروست دەکات. دوا قسەم لەسەر کتێبی بۆ مێژوو پێویستە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو بخوێنرێتەوە. داواشم لە خوێنەران ئەوەیە ھەر چۆن، کتێبی بۆ مێژوو بە چاویلکەی حزب نەنووسرا ئاواش بە چاویلکەی حزبیی نەیخوێننەوە.