سەردێڕ:

بە زمانێکی سادە ھەر لە داخی پارتی

9/16/2020 7:57:41 PM
41942 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ھەرکارێک بەرجەستەبووی ڕقوکینە بێت کارەسات دەخوڵقێنێت. دۆخ و ململانێی ناڕەوای پارتە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک ناتەندروستە کە دەرفەتی بۆ کێبڕکێ و چالاکی سیاسی نەھێشتووەتەوە، ئەمەش لە غیابی ئەقڵ و حیکمەتەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئیدارەی ململانێکاندا بۆیە کۆمەڵگا تووشی دڕدۆنگی و سەرلێشێوان ھاتووە.

بڕوانن ئێستا پارتە کوردییەکان لە چ دۆخ و قەیرانێکدان. بەڵام لەبری بیرکردنەوە و گەڕان بەشوێن ڕێچارەی گونجاودا، ھەر کامیان سەرقاڵی تەوھین و تۆمەت دروستکردنە بۆ ئەوی دی و کەموکورتییەکانی خۆیان دێنن بەعەلاگەی ئەویتردا ھەڵی دەواسن . لە دوا جاردا میللەت باجی ھەموو ئەوانە دەدات. 

بڕوانن ھەرچی ڕوودەدات، دەڵێن: پارتی لێی بەرپرسە. بە دڵنیاییەوە پارتی بێ کەموکورتی نییە، ھاونیشتیمانیانیش مافی خۆیانە ڕەخنەی جدی  لێبگرن. بەڵام بە لۆژیک نەک جوێن و سووکایەتیکردن. ھەر لایەنێکیش دەخوازێت پارتی تێپەڕێنێت با بە ئەرگۆمێنت و تەحەدا کێبڕکێ لە تەک پارتیدا بکات نەک بە ئیستیفزاز، چونکە ئیسیتیفزازکردن دەرفەت بۆ بیرکردنەوەی دروست ناھێڵێتەوە. چ ململانێیەکی نا تەندروستە ساتێک کادری پارتێکی دیکە یاخود ڕۆشنبیرێک لەتەک پارتییەکدا وێنەیەک پۆست بکات بڵێن بووە بە پارتی. ئەمە جگە لەوەی ڕقوکینە بەرھەم دێنێت، نیشانەی بێ تواناییشە لە بیرکردنەوەدا. کەی گونجاوە وا لە ھاونیشیمانی بکەیت ڕقی لە نیشتیمانی خۆی بێت و ئینتیمای بۆی نەمێنێت! 

شوناسی کوردبوون پێش پارتیبوونە، ناکرێ و ناشێ لەبەر پارتی دژ بە ھەموو پرنسیپە نیشتیمانییەکان بیت. بۆ دەبێ ڕقت لە ئاڵا و مارشی کوردایەتی بێت ھەر لەداخی پارتی؟ چۆن دەوێری و جورئەت دەکەیت لە بەرامبەر دوژمنەکەتدا خۆت بچووک نیشان بدەیت و بڵێی لە داخی پارتی. ئەمە بچووکی نەتەوەکەت نیشاندەدات، ئەم نەتەوەیە بچووک نییە. ئەوەی بەرامبەری کراوە لە جینۆساید و تراژیدیاکانەوە، بەرامبەر شاخی پۆڵاینیش بکرایە دەتوایەوە، کەچی ھێشتا لەسەر پێ وەستاو و خۆگرتووە. 

ئایرۆنییەکە لەوەدایە ئەم کاراکتەرانە باس لە جیاوازی بیرکردنەوە و ئازادی بیروڕا دەکەن کەچی خۆیان ڕای جیاوازیان قبوڵ نییە، ئەو ھێزانەی کە لەپشتی ئەو تێزە لە بیرکردنەوەیەوەن ئێستا دۆش داماون، چونکە زەلکاوێکیان خۆڵقاندووە کە بۆن و بەرامەکەی خۆشیانی ھەراسان کردووە.  بۆیە، ئەرکی ھەموو پارتە سیاسییەکانە سەر لەنوێ بە میتۆدێکی ئەقڵانی تاک پەروەردە بکەنەوە، چونکە ئەو جۆرە لە پەروەردەی نادروست بەرەو نادیار و لێکترازانمان دەبات، کە دواجار جڤاتی کوردی بە قورسی باجەکەی دەدات. 

دوا گوتەم بۆ گەنجانی خۆشەویستیش ئەوەیە: دەزانم ئێوە پڕ گرفت و موعانات و بێکار و نەبوون لە سایەی ئەو دۆخە پڕ لە ڕقوکینەیەدا، بەڵام نیشتیمان ھی ئێوەیە و ھی حیزب نییە. ئەو دۆخەش تێدەپەڕێ، وەرن لە دەرەوەی ئەو فەزا پڕ لە بوغز و کینەیە فەزایەکی دیکە بخووڵقێنین، بەڵکو دیدێکی نوێ سەرڕێ بخەین کە لە ڕێیەوە توانای ھەڵکردن و قبوڵکردنی ئەوی دیمان ھەبێت بە تەواوی جیاوازییەکانیەوە. دۆخی نیشتیمانیش ئەمەمان لێدەخوازێت. وەرن با گفتوگۆیەکی زانستی و ئەقڵی سەرڕێ بخەین لە دەرەوەی ھەر ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، تا لەو ڕێیەوە بەرەو ڕووی جیھان بکرێینەوە. گرنگە بزانین داخوازییەکانمان لە بەرامبەر ئەوانیدیدا چین، منی پارتی ناکرێ ئەوی یەکێتیم قبووڵنەبێت لەبەر ئایدۆلۆژیاکەی، بە پێچەوانەشەوە. چۆن دەکرێ ڕۆشنبیر ڕایەکی ھەبوو بەدڵی حیزبێک نەبوو، ئیدی پەلامار بدرێ و ھەرچی سووکایەتی ھەیە پێی بکرێت!  تۆمەتی بوون بە پارتی بدرێتە پاڵ. 

دوا گوتەم بۆ ئێوەی بەڕێز ئەمەیە. دەمەوێت بە زمانێکی سادە عەرزتانی بکەم. مادام ڕقتە لە پارتی با ڕقت لە نیشتیمان نەبێت. ڕقبوونیشت لە پارتی بەشێکی دووریمانە لەیەک دەکرێ بەشێکی ھەڵەکە لە پارتییەوە بێت کە نەھاتبێتە ناو ئێوە بە شێکیشی پەیوەندی بە ئەو فەزای دێواندنەی پارتییەوە ھەیە لەلایەن ڕکەبەرەکانیەوە، بەشەکەی دیکەشی ئەو فەزایەیە کە حیزبایەتی خوڵقاندویەتی بەشێوەیەکی گشتی. وەرن با لەیەک تێبگەین و یەکترمان خۆشبووێت بە جیاوازییەکانمانەوە. پێدەچێت کەسانێک ھەبن دوای خوێندنەوەی ئەم وتارە لە تێنەگەیشتنەوە لە بیرکردنەوەی من، وشەی نەشیاو لە کۆمێنتدا بنووسن، بەم جۆرەش لای منەوە بووراون، بەڵام کەمێک بە سلوکەوە.