سەردێڕ:

ھۆکاری خۆپیشاندانەکان دەستی لەپشتە یان پشکی شێر و چۆلەکەیە

10/27/2019 4:34:02 PM
5208 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ئەو دەستەواژەیەی (دەستی لە پشتە) ئەو قسەیە ھەموو ڕژێمە ستەمکارەکان لەبەرامبەر ھەر ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەسەڵاتەکەیان دەبێتەوە دەیکەن بۆ گومان خستنەسەر داواکاری خەڵک بێ گەڕانەوە بۆ ھۆکاری ئەو ناڕەزایەتیانە، ئەم ھۆکارە وای کردووە کە ھەموو دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی ئیسلامی ھەمیشە لەڕێگای کودەتای سەربازی یان خۆپیشاندانی خوێناوی کۆتایی بەدەسەڵاتیان بێت و سەرکردەکانیش بکوژرێن و ببنە پەندی زەمانە، بەڵام بێ ئەوەی سەرکردەکانی پاش ئەوان پەندی لێ وەربگرن. لەدوای بەھاری عەرەبییەوە، زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە (یەمەن، لیبیا، سوریا و میسڕس) ڕویدا. ھەموومان چارەنووسی سەرکردەکانیانمان دی و دۆخی ئێستای نالەباری وڵاتەکانیشیان دەبینین لەچی ئاژاوەو قات و قڕییەکدایە.

لێرەدا مەبەستمە لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق قسە بکەین. لەدوای ڕوخانی بەعس و کۆتایی سەدام بەو شێوەیەی کەبینیمان، چەمکی عێراقی نوێ ھاتە کایە، بەڵام بۆچی لەعێراقی نوێدا بەردەوام زنجیرە لەدوای زنجیرە خۆپیشاندان ڕودەدا؟ ئایا ڕاستە وەک دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن دەستی لەپشتە؟ یاخود دابەشکردن وەک پشکی شێرو چۆلەکەیە؟. ئەگەر سەیری دروست بوونی دەوڵەتی عێراق بکەین، لەسەرەتاوە تا ئەم چرکەساتە، عێراق لە ھیچ ڕویەکەوە ئارام نەبووە، عەدالەتی تێدا نەبووە. زەمەنێک سوننە حوکمی کردووەو شەڕی سڕینەوەی لەگەڵ کورد وشیعە کردووە ئێستاش شیعە حوکم دەکات ئەوە حاڵەکەیەتی، بۆچی؟ لەبەرئەوەی دەسڵاتداران پرسیارەکانی فەلسەفەی سیاسیان لەبیر چووەتەوە، لەسەر حوکمڕانی پرسیاری فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە کێ حوکم دەکات چۆن حوکم دەکرێ؟. سەبارەت بەپرسیاری یەکەم کێ حوکم دەکا واتە ئەو کەسەی کە حوکم دەکات دەبێت، بۆ حوکمڕانی پەروەردەکرابێت و لەفەسەفەی حوکمڕانی تێگەشتبێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق لەکۆنەوە تائەمڕۆ، سیستمی سیاسی عێراق خۆی دور لەو پرسیارە جەوھەریە گرتووە، بەڵکو پرۆگرام کراو، ئاڕاستەکراو پەروەردە کراوە بەئایدۆلۆجیا ئەویش بەئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیستی عەرەبی و تێکەڵەیەک لەسۆسیالیستی ستالینی. ئێستاش پڕۆگرام کراوە بەئایدۆلۆجیای ئیسلامی مەزھەبی، بۆیە ئەوە دەرەئەنجامی دۆخی عێراقە. بەو شێوە حوکم دەکرێ کەدەبینین لەفەسادی سیاسی و ئابوریدا غەرق بووە، ئیستغلالی ئابوری لەلایەن بەشێکەوە خەڵکی تەواو ماندوو کردووە، لە کاتێکدا (ئیستغلالی ئابوری ھیچی لە ئیستیبدادی سیاسی کەمتر نیە)، جیاوازیەکان لەژیانی خەڵکیدا وایلێھاتووە عێراق ئێستا دابەش بووە بۆ دوو ناوچە، ناوچەی سەوز و ناوچەی خەزان. سیاسیەکان پیاوانی ئاینی خۆیان لەبورجێک و خەڵکی لەبورجێکی تر، منداڵەکانیان لەدۆخێکدا دەژین بەھەشتیان بۆ سازکراوە، منداڵی خەڵکی لەدۆزەخ. ئەگەر گوێ لەھەندێ لێدوانی خۆپیشاندەران بگرین دەڵێن: ئێمە کارمان دەوێ، نانمان دەوێ، تەندروستی باشمان دەوێت، خۆڵ و خاشاک و بۆنی ناخۆش کوشتینی، ناعەدالەتی تاسەر ئێسک چووە.

بەتێگەشتن لەدواکاری ئەم خۆپیشاندەرانە وەڵامی ئەو پرسیارە وەردەگرین ئایا خۆپیشاندانەکان دەستی لەپشتەوەیە یاخود دەسەڵاتداران لەکاتی دابەشکردنی داھاتی عێراق پشکی شێر بۆ خۆیان و دەوروبەریان دەبەن و پشکی چۆلەکەش بۆ خەڵک؟ وەڵامەکەی بۆ خوێنەر جێدەھێڵم. لەلایەکی دیکەوە لەوەش دەگەین بەرژەوەندی دەوڵەتانی دەوروبەر دەستوەردان لەعێراق بکەن، بەڵام لەھەمانکاتدا ڕێگا خۆشکردنی حوکمڕانانی عێراق وادەکات مەجالی دەستێوەردان بۆ دەوروبەر بڕەخسێت. ئەگەر عێراق لەدوێنێوە تا ئەمڕو مافی کوردی بسەلماندایە، جیاوازی مەزھەبی نەکردایە، ناعەدالەتی کۆمەڵاتی نەکردایە، دەرفەتی دەستێوەردان بۆ ھیچ دەوڵەتێک نەدەبوو. ئەم ترازان ونایەکانگیرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ڕووی نەدەدا. گەلان لەسەر دوو بنەما پێکەوە ھەڵدەکەن، ئەویش بریتیە لە(عەدالەت و شەرم) کە عەدالەت نەما شەرم نامێنێ، ئەوکاتە بەریەککەوتن تائاستی فەوزا دەڕوات، خەڵک توڕە دەبێت، خۆئەگەر میللەتان لەداگیرکاری و ناعەدالەتی توڕە نەبن، دەکرێ پێی بڵێین میللەتی گەمژەو حۆل.

چارەسەری ئەم دۆخە چۆن دەکرێت؟ 

دەبێ دەسەڵاتداران و پیاوانی ئاینی لێگەڕێن فەرمانڕاوەیی لەدەرەوەی ئایدۆلۆجیا کاری خۆی بکات، ئەمەش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو تێۆریەکەی ڕاوڵز (حجاب الغفلە) کە قسە لەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات واتا (گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی سروشتی خۆی) بۆ دۆخێک کە بەژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پڕۆگرام نەکردبێت، ئەگەر سیاسیەکان بۆ ساتێک بگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخە سەرەتاییەی مرۆڤ لەبڕیارداندا ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن. ھەرچەندە بۆ ئێستای عێراق ئەمە مەحاڵە، بۆیە بەردەوام نائارام دەبێت. کەواتە ئەم خۆپیشاندانانە لەسەر دابەشکردنە، دابەشکردنێک پشکی شێر بۆ بەشێک وپشکی چۆلەکەش بۆ زۆرینەی خەڵک!