سەردێڕ:

لەم دۆخەدا ھاوڵاتیەک دەتوانێ ھەرێم کاولبکات

3/17/2020 2:26:33 PM
14165 جار خوێندراوەتەوە
پەروا عەلی
+ -

 لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا، کەسێک لە ڕووی تەندروستی و ئابورییەوە دەتوانێت وڵاتەکەی کاولبکات.
دوای ئەوەی لە رۆژی ٤ی ئازار ڕاگەیەندرا مامۆستایەکی ئاینی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام خێزان و زۆرێک لە ھاوڕێ و ھاوەڵانی مزگەوت و خەڵکی گەڕەک ڕەتیانکردەوە کە توشی ئەو نەخۆشییە بوبێت، وەک ئەوەی ئەم نەخۆشیە یان ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەفرەتێک بێ و شەیتان بیکات لە ئیمانداران و موسوڵمانان، (لەکاتێکدا دو ڕۆژ پێش کۆچی مامۆستا ئاینیەکە، لیژنەی فەتوای ھەرێم رایگەیاند ھەرکەس بە کۆرۆنا بمرێت شەھیدە). دواتر دەرکەوت کە ئەم مامۆستایە بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیلەدەستداوە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ھەرێم و بەغداوە پشتراستکرایەوە.

ئەوەی لەم بابەتەدا گرنگ و ھەستیارە ئەوەیە کە رادەی ھۆشیاری زۆرینەی ئەم کۆمەڵگایە لە نزمترین و ھەژارترین ئاستدایە، ئایا ئەگەر کۆچکردو مامۆستایەکی ئاینی نەبوایە و فەرمانبەرێک یا کاسبکارێک بووایە، پەرچەکرداری خێزان و ھاوڕێیانی بەھەمان شێوە دەبوو؟ یان بڕوابوون بەوەی کە مامۆستای ئاینی و باوەڕدارانی پلەیەک ناکرێت بەر ئەم نەفرەتی کۆرۆنایە بکەون؟

گەر لە ڕووی داراییەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین، دەبینین کە تێچوی پشکنینی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ئەندامانی خێزان و گەڕەک و ھاوڕێیانی مامۆستا، زیاد لە  ٢٠٠ ھەزار دۆلار بووە. بۆ ھەر پشکنینێک کە بە "تکت" دەنێردرێت بۆ سەنتەری ھەرێمایەتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە میسر، بڕێکی زۆر تێچوونەکەیەتی، ھەر تکتێک لەسەر حکومەتی ھەرێم ٣٣٠ دۆلار دەکەوێت، کە دەدرێت بە رێکخراوی تەندروستی جیھانی.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارە (١٩)ی ١٥ی ئازاری ٢٠٢٠، ژمارەی ھاوڵاتیان کە لە کەڕەنتینەکان بوون (٣٩٨٨) ھاوڵاتین و پشکنینیان بۆ کراوە تێچونەکەی ( ٣٣٠* ٣٩٨٨ = ١٣١٦٠٤٠ ) دۆلارە. ئەمەش بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆرە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی ھەرێم.
ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو ھاوڵاتیانە نەک تەنیا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ھەموو تێبینیەکانمان لەسەر ئەدای حکومەت.

بۆیە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و کەرەنتینە بۆ خزمەتی خۆمانە، رەنگە ترس و خەمساردی لە گرنگی کەرەنتینە تەنیا لای کەسانی سادە نەبێت، چونکە ژمارەیەک لە بەرپرسان کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە ناچنە کەرەنتینە و پابەند نابن. (تۆبڵێی ئەمانیش لەو نەفرەتە بترسن؟ یان پۆستەکانی ھەرێم گەورەترن لە وەزیری رۆشنبیری فەرەنسا و سەرۆکی بەرازیل و ھاوسەری سەرۆکوەزیرانی کەنەدا؟). ئاخۆ ئێمەی خەڵکی ئەم ھەرێمە لەبەر نەبوونی متمانە بە حکومەت و کار و خزمەتگوزاریەکانی بۆ ھاوڵاتیان، وایکردووە کە لەھەستیارترین پرسیشدا بەقسەی نەکرێت؟ ئاشکرایە حکومەت لەکاتی ئەم کارەساتە نەخوازراوەدا بەرپرسیارێتیەکی گەورەی لەسەرشانە و ھاوکاری پێویستە، ھەڵبەت پشتبەستن بە وەزارەتی تەندروستی ناوەند و خەمخۆران و خێرخوازانی ناوخۆ، جگە لە ڕۆڵی گەورەی پزیشک وکارمەندانی تەندروستی و ھێزەکانی ناوخۆ.

ئەگەر ھاوڵاتیان ھاوکار و پشتیوان نەبن لە خۆکەرەنتینکردن و ڕێگری بڵاوبونەوەی ژمارەیەکی زیاتری نەخۆشییەکە، خۆمان دەبینە کاولکەری ھەرێم، بەدڵنیایی ئەو تیمە ماندونەناسەی تەندروستیش توانایان نابێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ژمارە زۆرە و شکستدەھێنن، لە ڕووی ئابوریشەوە قەیرانی دارایی قووڵتر دەکاتەوە و ھەرێم بەرەو ئیفلاسبوون دەبات، ئەوکاتە ھیچ مانایەک بۆ ئەم ھەوڵانەی ئێستا نامێنێت.