سەردێڕ:

​ مێژوومان پڕە لە تاریکی

11/22/2019 12:47:10 PM
2788 جار خوێندراوەتەوە
هەورامان سەجادی
+ -

کاتێک بە مێژووی خۆمان ڕادەمێنم و دەبینم جگە لە ناشیرینی مرۆڤە ناشیرینەکان ناتوانیت چاو ببڕیتە ئەو تۆزقاڵە جوانیەی کە دەکرێت ھەندێک مرۆڤی پاک لەو مێژووەی کە نازانیت چۆن خۆتی لێ دەربازبکەیت و ناتوانیت شەرمداتنەگرێت و دڵخۆشبیت بەو کەسانەی ئەکرێت لەو مێژووە ڕۆڵی باشیان ھەبووبێت لەتاو بۆنی ناخۆشی ئەو مرۆڤانەی وەک کارگەی بەرھەمھێنانی خراپی و پیسی جگە لە پیسایی ھیچی تریان نەڕشتووەتە ناو ئەو ڕابردووەی ئێمە تا لانیکەم بتوانین جارجار کە باسی مێژوو دەکەین دڵمان پێی خۆشبێت. 
ئەم دۆخەی ئێستا ئێمەی تێکەوتووین خوڵقێنەرەکانی ئەو مرۆڤانەن دوونیابینیان تەنھا لە گیرفانیانا دەبینن و ڕوئیای دروستکردنی دونیایەکی جوانیان نییە بۆ خەڵک ئەو پرسیارەش زۆر جار دێت بەمێشکماندا کە بۆچی ئەم سیاسیانە ناتوانن وەک سەرکردەیەک ڕۆڵی چاکە بگێڕن ببنە پاڵەوانی خەڵک ؟ 
لەڕاستیدا ئەمانەی ئێستا سیاسی دەسەڵاتدارن زۆربەیان ڕۆڵیان لە مێژووی کورد ڕۆڵێکی واخراپبووە  کە ئەتوانین بڵێین داھێنەری خراپی و ھۆکاری ھەموو بەدبەختیەکانی ئەو کاتەبوون بۆ خەڵک و ھەمیشە شوبھێنراون بە ڕێگر و چەتە بەو پێیەی کاری چەتە و ڕێگر ئەوەیە ناتوانێت عەقڵێکی بونیادنانی ھەبێت و لەشوێنێک بمێنێتەوە و ھەمیشە سەودا بەھەموو بەھاو قیەموو دەستکەوتێکەوە دەکات کە لەدەستی بێت ھەربۆیەش لەمێژووی ئەمانە وڵاتفرۆشی کاری ڕۆژانەیان بووە و خەڵک کوشتن تینوێتیان شکاندون و زوڵم و زۆریش ئاسودەی کردوون بۆیە نەیانتوانیوە  عەقڵی  ئیدارەدانی ناوچەیەکیان ھەبێت و ھەمیشە ئەو سەروەت و سامانەی بەدەستیان ھێناوە  لە ئەشکەوتێکی دوور و لە دوورگەیەکی فەرامۆشکراو شاردویانەتەوە تەنھا ڕۆڵیان ئەوەیە سەروەت و سامانی خۆیان زیادبکەن و بەلایانەوە گرنگ نەبێت  ئەو شوێنەی ئەو داھاتەی لێبەدەست دێنێن چ خزمەت گوزاریی یان ئاسودەیی ژیانیتێدابێت  بۆ خۆی و ئەو شوێنەی تێیدا دەژی.
گرفتی سەرەکی ئەوان ئەوەیە کاتێک بیر لەو ھەموو تاڵانی و کوشتن و خۆفرۆشیەی کردوویانە دەکەنەوە ترسێک دایان دەگرێت و شەوان بە جۆرەھا ماددەی ھۆشبەر و خواردنەوەی کحولی لەبیری خۆیانی دەبەنەوە و تۆزێک مێشکیان ئاسودەدەکەن  لەو ترس و خەمەی کە ڕۆژانە لەگەڵیاندا دەژیێت. 
گرفتەکەی ئەوان ئەو خاڵەیە نازانن لەکوێ و لە چ کاتێک دەتەقێتەوە تا فریای خۆیان و خێزانەکەیان بکەون و دەربازیان بێت، بەڵام ھەموو ئەو کەسانە چارەنوسیان یەک جۆرە و کۆتایەکەیان وەک باقی ھاوڕێ دیکتاتۆرو زاڵمەکان دەبێت .