وەرزشکار و مێدیای وەرزشی

PM:04:38:02/09/2021
47324 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

ئێستاش کەسانێکمان هەن لە ناو بواری وەرزشدا پێیان دەڵێن، وەرزشکار! کە بە ڕەخنە و پێشنیار و تیبینیەکان لەسەر هەردەیاردەیەکی نامۆی ناو بواری وەرزش دەڵێن، زمان درێژی، دەکرێت بڵێین، لە نەشارەزایی و هەژاری بەرچاو ڕوونیانە کە نازانن مێدیای وەرزشی بە نوسراو بیستراو بینراوەوە، بەشێکە لە وەرزش و خزمەتی بواری وەرزش.

بەگشتی لەوڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری وەرزشدا، ئەوەتا ئەگەر لە ڕێگای مێدیای وەرزشیەوە نەبێت، هەرگیز ناگەین بە کەمترین زانیاری لەسەر پاڵەوانێتیەکان و یاریزانان و شوێن و جێگە و مێژوویان هتد.. بۆئەوەشە ئەو خواروخێچیانە نەهێڵێت کە دونیای وەرزشیان پڕکردووە لە جەنجاڵیەکی ناشیرین و نامۆ.

سەرەڕای جوانکردنی هەموو کایەکە هەر لە بڵاوکردنەوەی چالاکیەکان و پاڵەوانێتی و کێبڕکێکان، دڵنیام ئەگەر مێدیای وەرزشی نەبێت بۆ گرنگی دان بە کایەکە بەگشتی، لەهەر شوێنێک کە گۆڕەپانی کێبڕکێ و ململانێی وەرزشی بێت، وەرزشکاران بەو حەزەوە وەرزش ناکەن و بڵاو نەکردنەوەی چالاکیەکانیان لە ڕاگەیاندنەوە، گرنگی و قورسایی کێبڕکێکانیشیان کەمتر دەبێتەوە.

ئەو دیاردەیە تاوانی کەس نیە، تەنها هەژاری و داماوی ئەو جۆرە بیرکردنەوانەیە کە وەرزش گیرۆدەیان بووەو، وادەزانن بواری وەرزش تەنها ئەو پانتایە بچوکەیە کە خۆیانی تێدان.

هەربۆیەش کەدەبینین لەکوردستان هەموو ئەوانەی بە قینەوە تەماشای مێدیا دەکەن، دەبینین لە کێبڕکێیەکی سادەشدا، ئارەزووی زەقکردنەوەی ناوی خۆیان دەکەن و بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان لە ڕێگەی مێدیای وەرزشیەوە گرنگی بە شتەکانیان بدرێت و بەدونیای وەرزش و دەرەوەی وەرزشیان بناسێنن.

پێویستە وەرزشکار، جا هەر کەسێک بێت، چۆن ئارەزووی وەستان لەبەر دەمی زوومی کامێراکان دەکاو، دەیەوێ باس لە پاڵەوان بوون و یان باس لە سەرکەوتن و کارە باشەکانی بکرێت، یان ئارەزووی ئەوە دەکات لەڕێگەی نوسراو بیستراوەوە باس لەسەرکەوتنەکان و کارەکانی بکرێت، ئاوهاش بەسنگێکی فراوانەوە ڕەخنە و پێشنیارەکان وەربگرێ.