هەڵسوکەوتە نامۆو نادیارەکانی ئەودیو چاوی ناوبژیوان

PM:12:20:27/05/2023
1924 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

هەموومان لەساتی شەڕوئاژاوەی ناویاریگاکان، چاومان دەکەوێتە سەرئەو کەسانەی سەرەداوی پشێوی و ئاژاوەکانن، دەشتوانین بڕیار لەسەر خەتاکارەکان بدەین کە بەهۆیەوە یاریگاکان بەجارێک دەشێوێنن و کەشی یاریکردن و یاریگا دەگۆڕن بۆ کەشێکی نائارام و ناخۆش.

بەڵام زۆرجار کەشی یاریەکان و یاریکردنی یاریزانان هەر وەکوو خۆیەتی و بەبێ ئەوەی هیچ ئاڵۆزیەک ڕوو لەنێو یاریگا بکات و ببێتە هۆی تێکچوونی یاری، ئەگەرچاوەکان وردتر بڕوانن بینەری دیمەنە شاراوەکانی ئەودیو چاوی ناوبژیوان بین، بەداخەوە دەبینین هەر لەگەڵ جوڵانەوەو یاریکردنی هەندێک لەیاریزانان، بەرامبەر بەتیپی ڕکابەر دوور لەچاوی ناوبژیوان هەڵسوکەوتی ئەوپەڕی ناوەرزشی و دوور لەگیانی وەرزشی بەرامبەر بەیەکتری ئەنجام دەدەن و وەک هاندەر دەیانبینین، لەڕێگەی جنێو سوکایەتی بەیەکتری و تێهەڵدانی بەئەنقەست و هتد...ڕەنگە لە وڵاتانی ئەوروپاش ئەم دیاردەیە بونی هەبێت و کاریگەری تەواو لەسەر یاریزانان دروست بکات، بەڵام ئەوان دۆخەکان تێدەپەڕێنن، جا یان بەسزای بکەران دوای لێکۆڵینەوە لەپاش تەواوبوونی یاری، یان بەئیدانەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لەلایەن زۆرینەی وەررزشکاران و شەقامی وەرزشی، تا دووبارەبونەوەیان ئەستەم بێت.

جاریواش هەیە لە کوردستان تافیکەی کۆتایی ناوبژیوان لێنەدرێ و وتەی هەندێک لەیاریزانان و جێ تێهەڵدانی بەئەنقەستی هەندێکیان نەبیننین، بۆمان دەرناکەوێت تا چ ئاستێک هەندێک لەیاریزانان سەردەکێشن بۆ دووژمنایەتیەکی کوشندە بەرامبەر بە تیپی ڕکابەریان و، تەنانەت لەنێو یاریگاداو لە ساتی جموجۆڵەکاندا و، دور لەچاوی ناوبژیوان چ گوزەراوە! هەر لە وتەی نەشیاو بگرە تا جنێو هەموو هەڵسوکەوتێکی ناوەرزشی و توندوتیژی لە ڕادەبەدەریش کە ئەمانە دەبنە هۆکاری شکاندنی دەروونی یەکتری، بەداخەوە ئەم هەڵسوکەوتانە کاتێک دەبنە کاری یەکەمینی هەندێک لە یاریزانان، ئەم ڕۆحیەتی برایەتیە لەناو دەبات کە هەموو ئارەزوومەندانی لەناو یەک لاکێشەدا کۆکردۆتەوە.

ئەو هەڵسوکەوتانەی کە ناکەونە پێش چاوی ناوبژیوانان بەهۆکاری سەرقاڵیان لەناو یاریگادا، هەر لەجنێو هەڵسوکەوتی دور لەگیانی وەرزشی و توندوو تیژی لە ڕادەبەدەر دور لەچاوی ناوبژیوان، دەکرێت لێرەدا ناوبژیوان ئاگاداری هەموو وردیاتی نێو یاریگا نەبێت کە بەپێش چاویەوە ئەنجام نادرێن، بەڵام دەکرێت یاریزان وەک خۆی هەستی ئەوەی لەدڵدا بێت کە پێویستە هەموو بەهاجوانەکان بپارێزێ و لەسەرووی چاو و بڕیاری ناوبژیوان، بزانێ کە ئەوەی (دەیپەرستێ) چاودێرە بەسەر هەموو هەڵسوکەوتێکیەوە، مادام وەک موسوڵمان هەموومان دەمانەوێ خۆمان لەهەرشتێک لادەین کە دەبێتە تاوان بەسەرمانەوە، ئەی بۆچی خۆمان لە دڵشکان و هەموو ئەو هەڵسوکەوتە نابەجێیانەی کەلە ناو یاریگاکاندا ڕوودەدەن لانادەین؟

چونکە هەریاریزانێک کە دەچێتە نێو یاریگا بۆ چێژی کێبڕکێ و، چێژی ئارەزووەکەی، یاری دەکات، چ گرنگە تۆ بێی ئەم چێژە بگۆڕی بۆ شەڕە جنێو ململانێیەکی ناتەندروست کە لەوەرزشدا بوونی نیە؟

وەک وەرزشکار ڕۆژانە لەدەرەوەی یاریگادا ڕەنگە ئازاری مێرولەیەک نەدەن، چونکە هەست بەتاوانەکەی دەکەن، ئەی خێر لەناو یاریگادا هەندێک لەیاریزاناندڵی یەک تیپی بەرامبەریان دەڕەنجێنن! بیریان نیە ئەوەش هەر تاوانە.

ڕەنگە ئەوە بۆ هەموو وەرزشکارێک ڕاست بێت، ئەگەر لەناو یاریگاشدا نەبێت، کە هەوڵبدات لەپشتەوە قاچ و قولی ڕکابەرەکەی بە ململانێیەکی ناشەریفانە بشکێنێ و هەرئەم دیاردەیەش بکاتە هەوێنی کارەکانی جێگەی داخە، چۆن بیرلە قیامەتی ناکاتەوە؟

هەمووشمان ڕۆژانە لەهەوڵداین کە خوای گەورە لە خۆمان ڕازیبکەین و کاری چاک و عیبادەتەت بکەین، تا تێشووی قیامەتمان جوان و باش بێت، بەڵام بێئاگاین لەوەی کە لەسەر یاریکردنی فڵان یانەی بیانی و فڵان یاریزانی بیانی و هەر لەنێو یاریگاکانی خۆشمان ، بەجۆرەها شێوە سنورەکانی دڵی یەکتر دەبەزێنین و دەشکێنین، دەچینە ئەودیو بەزاندنیهەستی یەکتریش!

وەک موسوڵمان لەپێناو خوا کە چەندین چاکە دەکەن، ئەی بۆ نا، وەرن ئەوەش بکەن، چیتر بۆ ئارەزووەکەتان کە وەرزشە مەبنە هۆکاری تاوانباریتان و، ململانێ نەتەندروستەکان بخەنە ئەولا.

لەسەرووی هەموو ئەمانەوە وەک موسوڵمان دینەکەت پاکترینەو، هیچ خڵتەیەکی تێدا نیە، کەوایە پێویستە لەناو یاریگاکانیش وەک موسوڵمان پەیڕەوی شتە جوانەکان بکەین و دورکەوینەوە لە هەموو هەڵسوکەوتێکی نامۆ و ناشیرین.