چیتر جوانیەکان مەشێوێنن!

PM:03:03:23/05/2023
2952 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

ئێوارەی یەکشەممە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری یاری کۆتایی جامی کوردستانی لە باوەشگرت، یارییەک کە لە کۆتاییەکەیدا پاڵەوان نەیتوانی جامەکە بەرز بکاتەوە! یارییەکەی دهۆک و پێشمەرگەی هەولێر بە هەموو پێوەرێک یەکێک لە تراژیدیترین و ناشیرنترین یاری تۆپی پێ بوو، هەروەها پەڵەیەکی رەشیشەو بۆ چەندین ساڵ بە نێو چاوانی وەرزشی کوردستان و فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەمێنێتەوە، گۆڕەپانی یارییەکە لە جیاتی نمایشی جوانی تۆپی پێ، لە مەیدانی جەنگی دوو لایەن دەچوو کە خوێن کەوتبێتە نێوانیان!

جەماوەری هەردوو تیپیش لە جیاتی هاندانی یاریزانەکان، بە دروشمی ناوەرزشی و گوتنەوەی چیس چیس و جنێودان، ختوکەی یەکتریان دەدا!

توخوا شەرم نیە ڕۆڵەی هەولێرو دهۆک لەسەر تۆپی پێ سەنگەر لە یەکتر بگرن و بە چاوی دوژمن سەیری یەکتر بکەن؟! باشە هەر دهۆک و خەڵکەکەی نەبوون لە کاتی سزادانی هەولێر دەرگای یاریگەی خۆیان بۆ یانەکەی پایتەخت کردەوەو بە هەموو شێوەیەکیش پشتیوانیان کردن؟!

ئەی لە یارییەکانی پلەی ئۆفیش جەماوەری هەولێر شانبەشانی هەڵۆکان لە بەغدا هانی دهۆکیان نەدەدا؟ باشە چی روویدا؟ بۆچی لەناکاو دۆخەکە بۆ پێچەوانەکەی گۆڕاو ڕق شوێنی رێزو خۆشەویستی گرتەوە؟!

زۆر مایەی دڵتەنگی منە بەهۆی ئەم دۆخەوە دەبینم لاوانی ئەو دوو شارە ئازیزە سەنگەریان لەیەکتر گرتووەو دوژمنایەتی و رکابەری یەکتر دەکەن، کارێک کە دوژمنانی کورد بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە، کەچی ئێستا ئێمە بە دەستی خۆمان ئامانجەکەیان بۆ دەپێکین!

ئاشکرایە ساڵانە ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە لە یاریگەکانی کوردستان روودەدەن، ئەو دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بە شێوازو قەبارەی جیاواز بوونی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەریکە شەڕو ئاژاوەگێڕی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان، لە دیاردەوە دەبێتە کەلتوور، بە جۆرێ وەک شێرپەنجە بە جەستە شەکەت و ماندووەکەی وەرزشی کوردستان بڵاودەبێتەوەو هێواش هێواش کایەکە بەرەو مەرگ پەلکێش دەکات، بەداخەوە دوای ئەو هەموو ساڵەو دەبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانەش، تا ئێستا هیچ میکانیزمێک بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە ناشارستانیە نەخراوەتە روو!

جێگای داخە کاتێک دەبینم ئاستی رۆشنبیری و گیانی وەرزشی تاکی کورد بەو ئەندازە لاوازە، ئەم قسەیەم تەنانەت کارگێڕی و بەرپرسانی یانە وەرزشیەکانیش دەگرێتەوە، ئاخر کاکی پێنەگەیشتوو کاتێک تۆ گلەییت لە ناوبژیوان هەیە، بۆچی کورسی یاریگە هەڵدەتەکێنی و گڕی تێبەردەدەی، ئایا بەو شێوازە مافەکەت وەردەگریەوە؟!

لە کۆتاییدا نایشارمەوە کە خودی یەکیەتی تۆپی پێی کوردستانیش هۆکارێکی سەرەکی دروستبوونی ئەو دۆخە بوو، چونکە هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوشەکەو ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەو یارییە گرنگ و هەستیارە وەک پێویست نەبوو، منێک کە پێشتر دەمزانی کێشە دروست دەبێ، چۆن دەشێ و دەکرێ فیدراسیۆنێکی گەورە نەزانێ ئاقیبەتی ئەم یارییە خێر نابێ، لە کاتێکدا چەند رۆژێک بوو پەیجەکانی ئەمبەرو ئەوبەر زۆر نابەرپرسانە باوەشێنیان لە ئاگرەکە دەکرد!