هۆڵە داخراوەکەی ڕانیە هەر بەنوێیى کۆنبوو

PM:05:48:24/04/2022
4260 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

بەداخەوە ئەوە بۆ چەندەمین جار دەچێت وتار لەسەر ئەم هۆڵە داخراوە دەنوسم کە جێگەی داخە، چەند ساڵێک بەر لەدروستکردنی ئەم هۆڵە وەک داواکاری بۆ دروستکردنی هۆڵێکی داخراو بۆ وەرزشکارانی شارەکە، لە دوای ئەوەشدا وتارێکمدا ئاماژەم بە وەرنەگرتنی هۆڵەکە کردوو، لەبەر خراپ دروستکردنی.

ئەم هۆڵە دروستیشکرا ! دواتر وەرنەگیرا! لەپاشان کۆن بوو! ئێستا بەهەموو کەم و کوڕیەکانیەوە سودی لێوەردەگیرێت بۆ یاری تۆپی دەست و باسکە ئەویش بەناچاری، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئاگاداری ئەوەبین هەریاریەکی تێدا ئەنجامبدرێت، دەبێت پێش کاتژمێر چواری دواینیوەڕۆ کۆتایی پێ هاتبێت، چونکە لەدوای ئەوکاتەوە هەست بەخۆرئاوابوون دەکەین و بینایی چاو کەم دەبێتەوە، ڕووناکیەکانیشی بوون بەفانۆز.

بەداخەوە.. حکومەت بەگشتی لەڕێگەی خەڵکیەوە، هێندە گرنگی بەدروستکردنی یاریگای بچوکی چیمەنی دەستکرد دەدات بۆ یاری تۆپی پێ ، تائێستا لەخەم نۆژەنکردنەوەی ئەم هۆڵە داخراوەدا نیە، با حکومەت هەرنەبێت؛ کاتێک بڕیاری دروستکردنی هەر یاریگایەکی چیمەنی دەستکرد بۆ وەرزشکاران دەدات، خۆ دەتوانێت بارتەقای تەنها نیو ئەوداهاتەی کە خاوەن یاریگایەک بۆ دروستکردنی پڕۆژەکەی خۆی تەرخانی دەکات، لەخزمەت نۆژەنکردنەوەی ئەم هۆڵە داخراوە بەکاری بهێنێ و پێویستیەکانی پڕبکاتەوە. کە بێگوومانین بە بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر لەوە، پێداویستیەکانی ئەم هۆڵەو نمونەکانیشی پڕ دەکرێنەوە کە ئەمە لەتوانای حکومەت بەدەرنیە.

دڵنیام ئەگەر ئەو هۆڵە داخراوە هاوشێوەی یاریگا بچووکەکانی تۆپی پێ، وەک هەمیشە یاری لەناودا ئەنجامدرابا، ئێستا حەوت زامان بوو نۆژەن کرابۆوەو گرنگی پێدرابوو.

جیا لەوە گرنگیدان بە هۆڵە داخراوەکان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، هۆکاری سەرەکی دەبوو بۆ گرنگیدانی وەرزشکاران بە یاریە جیاجیاکان جگە لە تۆپی پێ و، حەوت زەمانیش بوو شارەکەمان لەیاریەکانی تر لە ناو ڕیزی یانە باشەکانی کوردستاندابوو، نەوەک چاومان تەنها لەسەر یەک بەش بێت، چونکە ئەو هۆکارانەی کە بە چاوی ناگرنگەوە تەماشایان دەکەین و بە پێویستیان نازانین بۆ کایەکە، دواتر دەبینین چ زیانێکی گەورەی بەوەرزشکاران گەیاندوە بەگشتی و دەبینین چۆن هۆیەکی گرنگی ناو کایەکەیە بۆ پێشخستنی بواری وەرزش لە ناوچەکە پەراوێزخراوە.