وەرزش و کۆمەڵگە

PM:05:03:14/03/2022
6364 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى
+ -

ئەم نووسینە پوختەى لێتوێژینەوەیەکى فراوانترە دەربارەى ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانى وەرزش، بەڵام لەبەر تازەیی باسەکە لەنێو کایەى وەرزشی کوردی، پێم باش بوو دەروازەى بابەتەکە بڵاوبکەمەوە.

ڕیشەى وشەکە

ڕیشەى وشەى وەرزش لە زمانى کوردی و بە ڕاى مامۆستا جەمال نەبەز لە (وەزین)ەوە هاتووە کە ماناى "کەوتنە جووڵان و بزووتن" دەدات. سپۆرت(Sport)ی ئینگلیزیش لە (Dispor)ەوە هاتووە و ماناى "گۆڕین" دەدات. واتە مرۆڤ لەناو ئەو جووڵە دووبارە و بێمەعنایانەى ژیانى ڕۆژانەى، جووڵەیەکى جیاواز بکات.

وەرزش، وەک چالاکیی جەستەیی

سێ چەمکی سەرەکی هەن کە دەکرێ بە شێوە کۆمەڵایەتییانەییکەى چالاکیی جەستەیی دابنرێن، ئەوانیش: یاری، گەمە و وەرزشن. کە جۆن ویڵسن لۆی(John Wilson Loy) چوارچێوەیەکى سەرەکی بۆ داناون، لۆی پێی وایە

"یاری، جەوهەری وەرزشە"،

"گەمەش لەنێوان وەرزش و یارییە" و

"وەرزشیش شێوە فەرمی و یاسادارەکەى یارییە."

لە نموونەکانى خوارەوە، ئەو سێ چەمکە سەرەکییە ڕوون دەبێتەوە:

یاری: چالاکییەکە تاک بەوپەڕی ئازادی خۆی بەشداردەبێت، هیچ یاسایەکى نییە و پاداشتیش ناکرێت. وەک: دارەوانى، شاخەوانى، یاری نێو قوڕ/ئاو.

هەرچی گەمەیە، تۆزێک فەرمیترە، یاساگەلی ئاسانى هەیە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر دەگۆڕێت. وەک: یارییە میللیەکان، ڕاوەماسی، هەڵپەڕکێ، تۆپانێ و ..هتد.

وەرزش یارییەکى ڕێکخراو و یاسادارە، یەکێتیی تایبەتى هەیە و لیژنەکان سەرپەرشتی دەکەن، مەراسیمی تایبەتى بۆ دەکرێت و سەرمایە و قازانجی هەیە. وەک: ئۆڵۆمپیاد، خوولە ناوخۆیی و جیهانییەکان. تەنانەت ئەمڕۆ وەرزش زۆر لە سەرچاوەکەى دوورکەوتووەتەوە و بنەما ئەخلاقی و مرۆییەکانى خۆی لەدەستداوە.

جەیمس مانگان پێیوایە وەرزش دراوێکە، سرووت و دراماش ڕووەکانی ئەو دراوەن. سرووتییە چونکە مەراسیمى کردنەوە و کۆتاییهاتنی هەیە و یاسا و ڕێساى خۆی هەیە و خەڵاتیشی تێدایە. هەروەها درامییە، چونکە هەستى جەماوەر دەجوڵێنێ و تەکنیکى جوان و ویستراو پێشکەش ئەکات. کۆمەڵناسێکى وەک هاری ئێدوارد(1942 -)، پێیوایە جەماوەری وەرزشی تەنیا بۆ چێژ سەیری یارییەکان ناکەن، بەڵکوو باوەڕێکی وەرزشی هەیە کە بە (Sport Creed) ناوى دەبا هانیان دەدات. هەرچی ئێدواردس وۆڵە پێی وایە وەرزش لە ئەنجامی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست بووە، بەتایبەتى سەدەى حەڤدە و دەرکەوتنى چینى ئەرستۆکرات کە چینێکى بێبەرهەم بوون. ئەم بۆچوونەى وۆڵ دەکرێ پەسەند بکرێت، چونکە ئەگەر بڕوانینە مێژووى درووستبوونى زۆربەی یارییە وەرزشییەکان، دەبینین لەناو چینە خانەدانەکان دروست بوون، بۆ بەسەربردنى کاتە بەتاڵەکانیان. هێربەرت سپنسەر(1820-1903) دەڵێ مرۆڤ جگە لەو وزەی بۆ کارەکانى خۆی بەکاری دەهێنێ، وزەیەکى زیادەى هەیە، بۆئەوەى ئەو وزە زیادەی جەستەى دەربکات، هەڵدەستێ یاری دەکا، ئەمەشی ناو نا "تیۆری زیادەوزە - surplus energy theory ". ستانلی هۆڵ (1844-1924) لەژێر کاریگەریی چارلس داروین دەیوت: منداڵ لەڕێگەى یارییەوە ئەو جووڵانە دووبارە دەکاتەوە کە باپیرانى کردوویانە و ئەم هەر ئاگاشی لێ نییە، واتە ئەو گۆڕانە بایلۆژییەی بە ماوەى چەندین سەدە بەسەر مرۆڤدا هاتووە، کاریگەری بەسەرەوە ماوە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى تر، بە شێوەى جیاجیا دەردەکەوێت.

کەواتە پێش باسکردنى وەرزش پێویستە بزانین مەبەستمان کام چەمکە و لە چ ڕوویەکەوە باسی دەکەین، چونکە وەک لاى خۆمان باوە، وەرزش هەر "شەقـتێهەڵدان" نییە و چەندین ڕەهەندی هەیە.

وەرزشی جیهانیی و کوردستانییش بووەتە وەرزشێکى وشک، تاک لە قاڵب دەدات و ئازادی لێ دەستێنێتەوە، جگە لەوەى تاکە ئامانجی زیادکردنى سەرمایەی یانەکانە و یاریزان و ستافی یانەکان ناچارن بە سیاسەتى وڵات و خاوەنى یانەکە بجووڵێنەوە، تەنانەت بە ئارەزووى خۆیان نەتوانن پاقلاوەیەک بخۆن! ئەمەش ڕێگەى داوەتە کارڵ دیم کە وەرزش بە چالاکییەکى بێسوود بزانێت. یان ئەرنۆ بلاک پێیوابێت وەرزش چالاکییەکى شەڕانگێزانەیە و ئەگەر زیانیشی نەبێت، کاریگەریی لەسەر نەستى وەرزشوان هەیە، بەشێوەیەک بۆ بردنەوە دەبێت بنەما ئەخلاقییەکانی وەلا بنێت.

کۆمەڵگە چۆن مامەڵە لەگەڵ وەرزش دەکات؟

کۆمەڵگە لە سادەترین پێناسەیدا: خەڵکانێکی سەر جوگرافیایەکى دیاریکراون. هەر کۆمەڵگەێکیش بارگاوییە بە چەندین باوەڕی کەلتووری، ئایینى، ئەفسانەیی و نەتەوەیی و ..هتد. وەرزشیش هەم بەو باوەڕانە کاریگەر دەبێت، هەم جێ بە باوەڕ یان باوەڕۆکەى تر لەق دەکات. بۆ نموونە وەرزشە ئۆڵۆمپییە دێرینەکان لە 776ی پێش زاینییەوە ئەنجام دەدرا تاکوو 393ی زایینى لەلایەن ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی، سیەدۆسییەسی یەکەم (347-395) وەستێنرا، ئەمەش بەهۆی برەودانى زیاتر بوو بە مەسیحییەت. لە لایەکەى ترەوە کەم نین ئەوانەى تا نیوەى شەو بەدیار یارییەکەوە دادەنیشن، بەڵام ئامادە نین بە هەمان نیوەشەو سرووتێکی ئایینى ئەنجام بدەن. ئەمەش واى لە هاری ئێدوارد کردووە بڵێت: وەرزش باوەڕە!. بێگومان ئەمەش بە تێپەڕبوونى کات گۆڕانکارى بەسەرهاتووە و لە هەر کۆمەڵگەێکیش مامەڵەى تایبەتی لەگەڵ کراوە. ماناى وەرزش پێش چەمکی وەرزش دەکەوێت، بەڵام بە ئامراز و ئامانجى جیاواز. ئامانجی سەرەکى وەرزش لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان زیندوو هێشتنەوەى مرۆڤ بووە، ئەمەش لە شێوەى مەلەکردن، ڕاوکردن، ڕاکردن و ...هتد دەرکەوتووە. دواتر بووەتە نەریتێک و لە شێوەى سەما و هەڵپەڕکێ خۆی نیشان داوە. لاى میسرییەکان خانمان و منداڵان وەرزشیان کردووە، بەڵام لاى یۆنانییەکان تەنانەت ڕێگە بە خانمان نەدراوە سەیری یارییە ئۆڵۆمپییەکانیش بکەن. ئامانجی سەرەکی وەرزشیش لە هەردوو کۆمەڵگەى یۆنانى و میسری بە پلەى یەکەم سەربازى بووە، دواتر وەک نەریت و سرووتێک سەیر کراوە و لە سەماکانیان دەرکەوتووە. لە شارستانییەتى ئیسلامیش، وەرزش بۆ خۆشباری و سەربازى بەکارهاتووە، چونکە وەک زۆربەى شارستانییەتەکانى پێش خۆی، مانەوەى بە هەبوونى تاکی بەهێزەوە بەند بووە، لە چەندین فەرموودەشدا باسی گرنگیى وەرزش کراوە و ستایشی تاکی بەهێز کراوە. واتە دەمارێکى شەڕانگێزانە بەدرێژایی مێژوو لە جەستەى وەرزشدا هەیە.

لەناو کۆمەڵگەى کوردیش هەڵپەڕکێ، جوانترین وەرزشە کە تا ئێستا مابێتەوە، جگە لەوەش لە حوجرەکان چەندین گەمەى جیاواز هەبووە و فەقێیەکان کاتە بەتاڵەکانیان پێ بەسەر بردووە.

ئەنجام:

پێویستە چەمکى وەرزش لەو دیدگا تەسکەوە سەیر نەکرێت کە بە دەستکەوت و شکاندنى ژمارە پێوانەییەکانەوەی دەبەستێتەوە، بەڵکوو دەبێ وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لێی بکۆڵدرێتەوە.
No description available.