پاریس ماوەیەک پشوو دەبەخشێتە عوسمان دێمبێلی

PM:03:16:26/08/2026

144 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاریس ماوەیەک پشوو دەبەخشێتە عوسمان دێمبێلی و کاتی گەڕانەوەشی دیاری دەکات.

یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگیی تەواوی نێوان دەستەی هونەری بە سەرپەرشتیی لویس ئێنریکی و کارگێڕیی وەرزشیی یانەکە بڕیار دراوە ماوەیەک پشووی زیادە ببەخشرێتە عوسمان دێمبێلی فەرەنسی.

ئەم هەنگاوەی یانە پاریسییەکە بە مەبەستی پاراستنی ئامادەییی جەستەییی یاریزانەکەیە تاوەکو دووربێت لە هەر ماندووبوونێک لە سەرەتای وەرزی نوێدا.

دێمبێلی کە لە یاریی پێشووی بەرامبەر ڕێن لە کۆتایی تایمی یەکەمدا بەهۆی پێکانەوە یاریگەی جێهێشتبوو لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنساش بەشداریی جامی جیهانیی کردبوو، ئەمەش وایکردبوو پشووی پێویست وەرنەگرێت.

کارگێڕیی یانەکە هاندەرانی دڵنیاکردەوە کە ئەم پشوودانە زۆر ناخایەنێت و دێمبێلی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە تەواوی دەگەڕێتەوە ناو ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکە تاوەکو ئامادەبێتەوە بۆ یاریکردن.