PM:01:36:26/08/2026
136 جار خوێندراوەتەوە
+
-
برۆنۆ و ئۆڕایلی خەڵاتە گەورەکانی سەندیکای
یاریزانانیان درەوشاندەوە و ئارسناڵیش باڵادەستە لە تیپی ساڵدا.
برۆنۆ فێرناندێزی کاپتنی تەمەن 31 ساڵی مانچستەر
یونایتد لە 53یەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی سەندیکای یاریزانە پیشەگەرەکانی
ئینگلتەرا لە شاری مانچستەر بە فەرمی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی بەدەستهێنا
دوای ئەوەی لە کێبڕکێکردنی بەسەر داڤید ڕایا و دێکلان ڕایس و ئێرلینگ هالاند و
گابریێل ماگالایش و ڕەیان شەرقیدا سەرکەوت.
فێرناندێز کە پێشتر خەڵاتی ئەنجومەنی
ڕۆژنامەنووسانی تۆپی پێی ئینگلتەرا و باشترین یاریزانی وەرزی پریمەرلیگی بردبووەوە
بە تۆمارکردنی 21 ئەسیست ڕیکۆردی مێژووییی تیێری هێنری شکاند و بە تۆمارکردنی نۆ
گۆڵیش هاوکاربوو لە گەیشتنی مان یو بە چامپیۆنز لیگ.
لە هەمان
ئاهەنگدا نیکۆ ئۆڕایلیی یاریزانی تەمەن 21 ساڵی مانچستەر سیتی بە دەنگی ڕاستەوخۆی
یاریزانان و دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی ساڵی
سەندیکای یاریزانانی ئینگلتەرای بردەوە.
هەروەها تیپی هەڵبژێردراوی ساڵی سەندیکای
یاریزانانی ئینگلتەرا ڕاگەیەندرا کە دابەشبووە بەسەر پێنج یاریزانی ئارسناڵ،
ئەوانیش داڤید ڕایا و یورین تیمبەر و گابریێل ماگالایش و ویلیام سالیبا و دێکلان
ڕایسن، لەگەڵ چوار یاریزانی مانچستەر سیتی کە بریتین لە، نیکۆ ئۆڕایلی و ڕەیان شەرقی
و هالاند و ئەنتوان سێمێنیۆ، دوو یاریزانەکەی تریش بریتیبوون لە برونۆ فێرناندێز
لە مان یونایتد و ئیگۆر تیاگۆ لە برێنتفۆرد.