تۆمەتەکانی سەر مانچستەر سیتی جددین

PM:12:02:25/02/2026

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تۆمەتەکانی سەر مانچستەر سیتی هێشتا یەکلانەبووەتەوە و یانەکە ئەگەری هەیە خاڵێکی زۆری لێ کەمبکرێتەوە.

تۆمەتەکانی پەیوەست بە خراپ بەڕێوەبردنی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە و دوای لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن، سێبەرێکی قورسی خستووەتە سەر یانەی مانچستەر سیتی و یاریگای ئیتیحاد.

هەرچەندە دانیشتنە سەربەخۆکانی دادگا لە کۆتایی ساڵی 2024دا تەواو بوون، بەڵام ئێستا کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە، هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دەرنەچووە.

ئەم دۆخە ناڕوونە زیانی بۆ هەموو لایەک هەیە، چونکە لە لایەک سیتی جەخت لە بێتاوانی خۆی دەکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە ئەگەری ئەوە هەیە وەرزێکی تری خولەکەش کۆتایی بێت بێ ئەوەی ئەنجامەکە رابگەیەنرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە تیپەکەی پپ گواردیۆلا خەریکی ململانێیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوە گەورەکان.

کیێران مگوایەر، کە شارەزایەکی ناسراوی بواری دارایی تۆپی پێیە، دەڵێت هۆکاری درێژەکێشانی ئەم پرۆسەیە بۆ قەبارەی یەکجار زۆری بەڵگەکان دەگەڕێتەوە، کە نزیکەی نیو ملیۆن بەڵگەی جیاواز لە نێوان دادگا و تیمی بەرگریدا ئاڵوگۆڕ کراوە، جگە لەوەش، بوونی سێ دادوەری زۆر باڵا لە دەستەی بڕیاردەردا کە هەمیشە هەماهەنگی کاتەکانیان کارێکی قورسە، بووەتە هۆی درەنگکەوتنی حوکمی کۆتایی.

مگوایەر پێشبینی دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە یەکلایی بێتەوە، بەڵام هۆشداری دەدات کە ئەگەر بڕیارەکە تەنها هەفتەیەک پێش کۆتایی هاتنی وەرز دەربچێت، ئەوا دەرەنجامێکی کارەساتباری دەبێت.

سەبارەت بە سزاکانیش، باس لەوە دەکرێت کە مانچستەر سیتی ڕووبەڕووی 115 تۆمەت بووەتەوە، ئەگەر یانەکە تەنها بەهۆی هاوکاری نەکردن لەگەڵ لێکۆڵینەوەکان تاوانبار بکرێت، ئەوا ڕەنگە تەنها سزایەکی دارایی قورس بکرێت، بەڵام ئەگەر تۆمەتە سەرەکییەکان بسەلمێنرێن، سزا وەرزشییەکان زۆر توند دەبن.

مگوایەر ڕوونی دەکاتەوە کە پریمەر لیگ ناتوانێت سیتی بۆ خولەکانی خوارتر دابەزێنێت، چونکە ئەو دەسەڵاتەی نییە، بۆیە تاکە ڕێگە کەمکردنەوەی خاڵە.

بەو پێیەی تۆمەتەکانی سیتی ماوەی نۆ ساڵ دەگرێتەوە، پێدەچێت کەمکردنەوەی خاڵەکان زۆر لەوە زیاتر بێت کە پێشتر لەسەر ئێڤەرتۆن و نۆتینگهام فۆڕێست جێبەجێ کرا، بە جۆرێک کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان 40 بۆ 60 خاڵ لە یانەکە کەم بکرێتەوە و ئەمەش سیتی بۆ کۆتایی ریزبەندییەکە دەباتە خوارەوە.