داهاتووی کەریم بنزیمە لە مەترسیدایە

AM:10:01:25/02/2026

344 جار خوێندراوەتەوە

+ -

داهاتووی کەریم بنزیمە لە مەترسیدایە و پزیشکێک کۆتایی کاروانی وەرزشیی ئەو یاریزانە رادەگەیەنێت.

دوای ئەوەی کەریم بنزیمە لە گواستنەوەیەکی کتوپڕدا لە یانەی ئیتیحادەوە پەیوەندی بە یانەی هیلال کرد، ئێستا گومانێکی زۆر لەسەر توانای جەستەیی و بەردەوامبوونی ئەو ئەستێرە فەڕەنسییە دروست بووە.

هەرچەندە بنزیمە لە یەکەم یاریدا بە تۆمارکردنی هاتریک سەرەتایەکی ناوازەی هەبوو، بەڵام دابەزینی ئاستی لە یارییەکانی دواتر و پاشان دوورکەوتنەوەی بەهۆی پێکان لە ماسولکەی نزیککەرەوە، هاندەرانی هیلالی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

یانەکە لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە بنزیمە بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە گەشتەکەیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی تەعاوون بەشدار نابێت تاوەکو پشکنینی وردی بۆ دەکرێت.

لەم نێوەندەدا، ڕاکان ئەلووبەل، پزیشکی پسپۆڕی پێکانە وەرزشییەکان، لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا بۆ میدیاکانی سعوودیە ئاشکرای کرد کە بنزیمە لە ڕووی پزیشکییەوە ناتوانێت زیاتر لە یەک ساڵی تر لە ئاستی بەرزدا بەردەوام بێت.

ئەم پزیشکە ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی دوورودرێژی پێکانی ماسولکەیی بنزیمە کە گەیشتووەتە نزیکەی 150 رۆژ دوورکەوتنەوە، لەگەڵ فاکتەری تەمەن کە ئێستا 38 ساڵە، وایکردووە تەمەنی وەرزشیی ئەو یاریزانە بگاتە کۆتایی و جەستەی بەرگەی فشارە بەردەوامەکان نەگرێت، بەتایبەت کە پێکانە نوێیەکەی کاریگەری لەسەر ناوچەی حەوزیش دروست کردووە.