PM:11:12:13/02/2026
164 جار خوێندراوەتەوە
+
-
چیڤۆ رایگەیاند تیپەکەی ئامادەیە و دەیانەوێت رۆحیەتی گەورە
نیشانبدەن، سپالێتیش نەیشاردەوە بۆ بردنەوە دەچنە یاریگا و دەیانەوێت کۆنترۆڵی تۆپ
بکەن.
پێش یاریی لوتکەی نێوان ئینتەر میلان و یۆڤانتۆس لە خولی
ئیتاڵیا، راهێنەری هەردوو یانە لێدوانی خۆیان لەسەر یارییەکە خستەڕوو.
لە سەرەتادا کریستیان چیڤۆی راهێنەری نێرازۆری وتی: ئێمە
دەزانین یارییەکی چەند قورس چاوەڕێمان دەکات، بەڵام تیپەکەی من ئامادەیە،
دەمانەوێت ئەو ڕۆحیەتە نیشان بدەین کە ئینتەر هەیەتی، ڕۆحیەتی تێکۆشان تا کۆتا
خولەک.
گرنگە یاریزانەکانمان لەم جۆرە یارییە گەورانەدا گەشە
بکەن، دێربی ئیتاڵیا تەنها سێ خاڵ نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی کەسایەتی یاریزانەکانە
لەژێر پەستاندا.
چیڤۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سپالێتی مامۆستایەکی گەورەیە و
کارێکی باش لەگەڵ یۆڤانتۆس دەکات، بەڵام ئێمە لە یاریگای خۆمانین و پلانی خۆمان
هەیە بۆ ڕاگرتنیان.
لە بەرامبەردا لوسیانۆ سپالێتی راهێنەری یۆڤانتۆس دەڵێت: گەڕانەوە
بۆ ئەم یاریگایە هەمیشە هەستێکی جیاوازە، بەڵام من ئێستا لێرەم بۆ ئەوەی باشترین
ئەنجام بۆ یۆڤانتۆس بەدەست بهێنم، پێویستە بە ئەقڵێکی کراوەوە یاری بکەین.
ئینتەر لەژێر دەستی چیڤۆدا یانەیەکی ڕێکخراو و تینووی
سەرکەوتنە، ئەوان زۆر خێرا ریتمی یاریی دەگۆڕن بۆ هێرشبردن، بۆیە دەبێت لە
ناوەڕاستی یاریگادا کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین.
سپالێتی وتیشی: بۆ ئێمە، ئەم یارییە وێستگەیەکی گرنگە بۆ
سەلماندنی ئەوەی کە دەتوانین کێبڕکێی نازناوەکە بکەین، ناچین بۆ ئەوەی تەنها
بەرگری بکەین، بەڵکو دەمانەوێت یارییەکە ئاڕاستە بکەین.