پارتی رووبەڕووی دوو تۆمەتی نوێی دەستدرێژی دەبێتەوە

PM:12:01:13/02/2026

212 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پارتی رووبەڕووی دوو تۆمەتی نوێی دەستدرێژی دەبێتەوە و پێویستە لە بەردەوام دادگا ئامادەبێت.

تۆماس پارتی، یاریزانی پێشووی یانەی ئارسیناڵ کە ئێستا لە یانەی ڤیاڕیاڵی ئیسپانی یاری دەکات، رووبەڕووی دوو تۆمەتی نوێی دەستدرێژی بووەتەوە، ئەمەش دۆخی یاسایی ئەو یاریزانە 32 ساڵەی ئاڵۆزتر کردووە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری داهاتوودا لەبەردەم دادگایەکی بەریتانیا ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم تۆمەتە نوێیانە.

داواکاری گشتی بەریتانیا رێگەی داوە ئەم دوو تۆمەتە نوێیە بخرێنە سەر دۆسیە کۆنەکەی، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا بەهۆیەوە دادگایی بکرێت، ئەستێرە غانییەکە پێشتر لەبەردەم دادگادا خۆی لە پێنج تۆمەتی دەستدرێژی و تۆمەتێکی توندوتیژی سێکسی بە بێتاوان ناساندبوو.

باس لەوە دەکرێت کە ئەم تاوانانە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 روویان داوە؛ واتە لەو سەردەمەی کە ئەم یاریزانە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەی ئارسیناڵدا بووە، تۆمەتە فەرمییەکان تەنها چوار رۆژ دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانە ئینگلیزییە راگەیەندراون، ئەمەش گومانی دروست کردووە سەبارەت بەوەی ئایا یانەکە تا چەند ئاگاداری راستی بابەتەکە بووە.

لە ئێستادا پارتی بە کەفالەت ئازاد کراوە و لە خولی ئیسپانی یاری دەکات، بەڵام بەپێی مەرجەکانی دادگا، پێویستە بیست و چوار کاتژمێر پێش هەر گەشتێکی نێودەوڵەتی پۆلیس ئاگادار بکاتەوە و مافی ئەوەی نییە هیچ جۆرە پەیوەندییەک بەو کەسانەوە بکات کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.