AM:11:22:13/02/2026
380 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە سەرقاڵی ئامادەکردنی سکاڵایەکە لە ناوبژیوانی
یارییەکەی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید و پێیوایە ستەمیان لێکراوە.
بڕیارەکانی مارتینز مونوێرا و تێکچوونی سیستەمی
دیاریکردنی ئۆفسایدی نیوە ئۆتۆماتیکی لە یاریی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید،
شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە ناو یانەی بەرشەلۆنە دروست کردووە و کار گەیشتووەتە
ئەوەی یانەکە خەریکی ئامادەکردنی سکاڵایەکی فەرمی بێت بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی
ئیسپانیا سەبارەت بەو رووداوانەی لە یارییەکەدا روویان دا.
هانسی فلیک پێشتر بە توندی رەخنەی لە ئاستی
ناوبژیوان گرتبوو و جەختی کردبووەوە کە دەبوو جولیانۆ سیمیۆنی هەر لە سەرەتای
یارییەکەدا کارتی زەردی وەربگرتایە، ئەوەی بۆ بەرشەلۆنە سەرسوڕهێنەر بوو ئەوە بوو
کە ئەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە لە نیوەی دووەمیشدا بەهۆی توندوتیژییەکی تر بەرامبەر
هەمان بەرگریکار، لە وەرگرتنی کارتی سووری راستەوخۆ رزگاری بوو.
جگە لەمانە، دەستەی کارگێڕی و ستافی تەکنیکی و
یاریزانانی بەرشەلۆنە تووشی شۆک بوون کاتێک بینییان پشکنینی ئەو دیمەنەی گۆڵەکەی پاو
کوبارسی، شەش خولەک و نیوی خایاند، پاش رەتکردنەوە و وەستانی یارییەکەش هیچ روونکردنەوەیەکیان
لە ناوبژیوان و یاریدەدەرەکانەوە پێنەدراوە.
لە ئێستادا، ئەو روونکردنەوەیەی کە لە لایەن
لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانانەوە درا، بە هیچ شێوەیەک یانەی بەرشەلۆنەی قایل نەکردووە
و هەر بۆیە، بڕیارە یانەکە ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە
سکاڵایەکی فەرمی پێشکەش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بکەن بۆ ناڕەزایەتی
دەربڕین بەرامبەر ئەو نادادییەی لەو یارییە هەستیارەدا رووی دا.