دۆخی ریاڵ شێواوییەکی زۆری درووست کردووە

PM:07:04:09/02/2026

400 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆژنامەنووسێکی ئیسپانی دۆخی ریاڵی بە خراپ ناوبرد و بێزاری کارڤاخاڵیشی لە بڕیارەکانی یانەکە ئاگادارکردەوە.

رائول ڤارێلای رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە بەرنامەی لاتریبۆ لە رادیۆی مارکا، شیکردنەوەیەکی وردی بۆ دۆخی ئێستای ریاڵ مەدرید کرد و پێی وابوو دۆڕانەکەی تیپەکە بەرامبەر بێنفیکا، لەو جۆرە شکستانە بوو کە لە کۆتاییدا سوودی بۆ یانەکە هەبوو، چونکە بووە هۆی دەرچوونی کۆمەڵێک بڕیاری ناوخۆیی گرنگ.

ڤارێلا ئاشکرای کرد کە پەیامی توند دراوە بە ئەلفارۆ ئاربێلۆا بۆ ئەوەی دەستبەرداری تاقیکردنەوە و داهێنانە تەکتیکییە بێسوودەکان بێت و وەک ڕاهێنەرە کلاسیکییەکانی پێشووی یانەکە مامەڵە بکات، بە جۆرێک هەر یاریزانە و لە شوێنی سروشتی خۆی یاری بکات.

سەبارەت بە دۆخی دانی کارڤاخال، ڤارێلا هۆشدارییەکی توندی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە لە دوو هەفتەی داهاتوودا کێشەیەکی گەورە لەو بارەیەوە بتەقێتەوە، چونکە یاریزانەکە سەرەڕای چاکبوونەوەی لە پێکان و ئامادەیی بۆ یاریکردن وەک باشترین بەرگری کاری ڕاست، هێشتا پشتگوێ خراوە و ئەمەش وایکردووە بەتەواوی بێزاربێت.

لە لایەکی ترەوە، ئەم رۆژنامەنووسە سەرنجی خستە سەر بابەتێکی سەیر لە ئاستی تیمەکەدا؛ ئەو پێی وایە ئەم تیپەی ئێستای ریاڵ مەدرید بێڕەنگترین و بێهێزترین ئاستی یانەکەیە لە دە ساڵی رابردوودا، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی حەوت سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک لە لالیگا بەدەستبهێنێت و تەنها یەک خاڵ لە بەرشەلۆنەوە دوور بێت.

ڤارێلا هۆکاری ئەمە بۆ لاوازیی خولی ئیسپانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت ڕکابەرەکان هێندە بێهێزن تەنانەت ناتوانن مەترسی بۆ سەر گۆڵەکەی کۆرتوا دروست بکەن.