PM:06:39:09/02/2026
320 جار خوێندراوەتەوە
+
-
گرینلاند سەرەڕای ئەوەی وەک وڵاتێک دانیپێدا
نانرێت و ململانێی زۆر هەیە بۆ داگیرکردنی بەڵام وەرزش بۆ خەڵکەکەی زۆر گرنگە.
کاتێک باس لە یاریزانە ناودارەکانی گرینلاند
دەکرێت، یەکسەر ناوی یەسپەر گرۆنیێر دێتە پێشەوە کە بە ئەنجامدانی 80یاری نێودەوڵەتی بۆ دانیمارک بووەتە شانازیی ئەو خاکە، بەڵام چیرۆکی تۆپی پێ لەوێ
تەنها ناوەکان نییە، بەڵکو عەشقێکی بێسنوورە کە لە ناو سەرمایەکی جەمسەریدا دەژی.
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی مۆندیالی 2026دەکات کە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵێک تەحەدای سیاسی وەک
توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری لە ئەمریکا و هەروەها چاوچنۆکیی دۆناڵد ترەمپ بۆ
کڕینی گرینلاند، سێبەری خستووەتە سەر ئەم رووداوە مێژووە وەرزشییە بەڵام ئەگەر لە
سیاسەت دوور بکەینەوە، دەبینین لە گرینلاند تۆپی پێ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر باوە
و نزیکەی سەدا 10ی دانیشتووانەکەی کە دەکاتە پێنج هەزار و 500 کەس وەک یاریزان
تۆمارکراون.
ئەم یاریزانانە کە زۆربەیان لە ڕێگەی ماسیگرییەوە
بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، کورتترین خولی تۆپی پێی جیهان لە وڵاتەکەیان ئەنجام
دەدەن کە تەنها هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ لە وەرزی هاویندا دەخایەنێت و هەموو
یارییەکانیش لە تاکە یاریگای ستانداردی پایتەخت لەسەر چیمەنی دەستکرد بەڕێوەدەچن.
سەرەڕای
ئەوەی فیفا گرینلاند وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناناسێت و داواکارییەکەیان بۆ چوونە ناو
کۆنکاکاف رەتکراوەتەوە، بەڵام ئەوان کۆڵ نادەن و لە رێگەی یاری دۆستانە و
پەرەپێدانی فووتساڵ لە هۆڵە ناوخۆییەکاندا بەردەوامن لە وەرزشکردن.
هەرچەندە ئێستا لە تیمی نیشتمانی دانیمارکدا
یاریزانی ئەو ناوچەیە نابینرێت، بەڵام میراتی گرۆنیێر وەک ئەستێرەیەکی پێشووی
چێڵسی و ئەتلەتیکۆ مەدرید هەمیشە هاندەری گەنجانی ئەو دوورگە سەهۆڵینەیە بۆ ئەوەی
خەونەکانیان لە نێو هۆڵە ساردەکانەوە بگەیەننە یاریگا گەورەکانی جیهان.