دی برۆین لە ناپۆلی دەمێنێتەوە؟

PM:09:40:07/01/2026

120 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دی برۆین و ناپۆلی بەرەو کۆتایی دەڕۆن و پێکانی ئەستێرە بەلجیکییەکە پلانەکان دەگۆڕێت.

بەپێی میدیا جیاوازەکانی ئیتاڵیا، دۆخی کیڤن دی برۆین لە یانەی ناپۆلی گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و بەپێی دوایین زانیارییەکان، پێکانەکەی ئەم یاریزانە بەلجیکییە زۆر لەوە سەختترە کە پێشبینی دەکرا.

ئەستێرەکەی پێشووی مانچستەر سیتی کە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 34 ساڵ، پێناچێت تا پێش کۆتایی مانگی شوبات بتوانێت بگەڕێتەوە ناو یاریگاکان، ئەمەش وای کردووە بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ چاکبوونەوەکەیدا بکات، چونکە نایەوێت هیچ سەرکێشییەک بە دوایین مۆندیالی ژیانی وەرزشییەوە بکات کە هاوینی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەم پێکانی درێژخایەنە تەنیا بۆ یاریزانەکە کێشە نییە، بەڵکو یانەی ناپۆلی و ئەنتۆنیۆ کۆنتی راهێنەریشی خستووەتە دۆخێکی ناچارییەوە؛ چونکە گەڕانەوەی دی برۆین بۆ ئاستی جاران و بەدەستهێنانەوەی متمانە، پێویستی بە چەندین مانگ هەیە نەک تەنیا چەند هەفتەیەک.

هەر بۆیە کارگێڕی ناپۆلی لەگەڵ کرانەوەی دەرگای گواستنەوەکان، بە جدی بیر لە فرۆشتنی دی برۆین و تاوتوێکردنی ئەو پێشنیازە گەورانە دەکاتەوە کە لە خولی سعوودییەوە بۆی هاتوون.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، خودی یاریزانەکەش ئارەزووی خۆی نیشان داوە بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ و جیاواز لە دۆخی ئێستای، ئەمەش ئەگەری جیابوونەوەی لە یانە ئیتاڵییەکە لەم زستانەدا زیاتر کردووە.