فلیک: یارییەکی بەهێزمان لەپێشە

PM:07:38:08/12/2025

424 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فلیک دوپاتیکردەوە یارییەکی بەهێزیان لە پێشە و سەرنجیشی تەنها لەسەر بەرشەلۆنەیە.

پێش رووبەڕووبوونەوەی ئینتراخت فرانکفۆرت، هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، بەرامبەر تیپیکی گەنجی زۆر باش یاری دەکەن و دەبێت لە باشترین ئاستی خۆیاندا بن تا بردنەوە بەدەستبهێنن، لە چامپیۆنز لیگ یارییەکان قورسە و بیر لە رابردوو ناکانەوە و ئامانجیان بردنەوەیە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەماوەی سی مانگی رابردوو تووشی کێشەی زۆر بوونەتەوە، لەوانە پێکانی یاریزانە گرنگەکانیان، لە یاری پێشووش بەرامبەر ریاڵ بیتس یاریزانەکانی هەستیان بە ماندووێتی کردووە لە 10 خولەکی کۆتایی.

وتیشی: من کاتی یارییەکەی ریاڵ مەدرید خەوتبووم و بە نامە ئەنجامەکەم زانی، یاری تیپەکانی تر بۆمن گرنگ نین و سەرنجم تەنها لەسەر تیپەکەی خۆمە، راستە چوار خاڵ لە پێشین بەڵام هێشتا لا لیگا زۆری ماوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تێر شتیگن دەگەڕێتەوە پێکهاتەی تیپەکەی بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە، خوان گارسیا گۆڵپارێزی ژمارە یەکی بەرشەلۆنەیە.

فلیک باسی لەوەشکرد، هەمیشە هەلی ئەوەیان هەیە پێشبکەون و یارییەکی باشتر ئەنجامبدەن لە پێشتر، دەشزانن سێشەممە بەرامبەر یانەیەکی بەهێز یاری دەکەن و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.