جامی عەرەب.. سبەینێ عێراق رووبەڕووی جەزائیر دەبێتەوە

PM:02:30:08/12/2025

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ لە جامی عەرەب عێراق رووبەڕووی جەزائیر دەبێتەوە و میسر و ئیمارات و کوەیتیش دەیانەوێت بگەن بە قۆناغی داهاتوو.

یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی عەرەب بەردەوامی هەیە و سبەینێ لە کۆمەڵەی چوارەمدا و لە کاتژمێر هەشت، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگای خەلیفەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر یارییدەکات.

عێراق کە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر کردووە، دەیەوێت بە یەکسانبوون یان بردنەوە ئەو یارییە کۆتایی پێبهێنێت تا بە پیشەنگی کۆمەڵەکەی کۆتایی بەم قۆناغە بهێنێت.

لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی جەزائیر کە چوار خاڵی هەیە بە یەکسانبونیش راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و لە ئەگەری بردنەوەشدا دەچێتە پێشەنگ و عێراقیش دادەبەزێنێت بۆ پلەی دووەم.

لە یارییەکانی تریشدا و لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەی ئوردون بەرامبەر میسر یارییدەکات و هەردوو هەڵبژاردەی ئیمارات و کوەیتیش رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

لەم کۆمەڵەیەدا، هەڵبژاردەی ئوردون گەیشتووەتە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەڵام هەڵبژاردەکانی میسر و ئیمارات و کوەیت شەڕ دەکەن لەپێناو ئەوەی یەکێکیان گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو مسۆگەر بکات.

خ . ک