جۆردی ئەلبا: مێسی بێ هاوتایە

PM:06:11:20/11/2025

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلبا دوپاتیکردەوە مێسی حاڵەتێکی تایبەتە لە تۆپی پێدا و کەس لێشی نزیک نابێتەوە بڕیاری وازهێنانیشی پەیوەندی بە کاڵبونەوەی خولیای وەرزشی هەیە.

جۆردی ئەلبا، ئەستێرەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە و یاریزانی ئێستای ئینتەر میامی لە لێدوانەکانی بۆ بەرنامەی ڕادیۆیی ئیسپانی، ئیل لارگوێرۆ، وتی: مێسی حاڵەتێکی تایبەتە لە تۆپی پێدا، باشترینە لە مێژوودا، هەروەها سروشتییە کە کلیلی کامپ نوی بەدەستەوەبێت، پێموایە شایەنی ڕێزلێنانێکی گەورەیە دوای ئەو شێوازە سەختەی کە یانەکەی بەجێهێشت.

وتیشی: ڕۆیشتنی من و سوارێز و بۆسکێتس و میسی لە بەرشەلۆنە بڕیارێکی هاوبەش نەبوو، هەریەکەمان بە سەربەخۆیی بڕیارمان دا، بەڵام ئەوە تەنها گۆڕینی تیپەکان نەبوو، بەڵکو کۆتاییهێنان بە تەواوی قۆناغێکی ژیان بوو.

دەشڵێت: بە بڕوای من، لامین یامال یاریزانێکی گەورەیە، هەروەک پێدری و فرێنکی دی یۆنگ و ئەوانی دیکە، بەڵام مێسی بێهاوتایە، کەس لێی نزیک نابێتەوە.

سەبارەت بە بڕیاری وازهێنانی لە کۆتایی وەرز، ئەلبا دەڵێت: دەمتوانی بۆ ماوەی یەک یان دوو وەرزی دیکە بەردەوام بم، بەڵام کاتێک هەستم کرد ساتەکەی گونجاوە، چێژ لە یارییەکان وەردەگرم، بەڵام ئەو خولیایەم نییە کە لە تەمەنی 20 سالیدا هەمبوو، وتم کاتی ئەوە هاتووە وازبێنم.