PM:02:49:04/11/2025
240 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یارییەکانی جەولەی چوارەمی چامپیۆنز لیگ
بەردەوامی دەبێت و شەوی چوارشەممە چەند یارییەک بەڕێوەدەچن.
لە کاتژمێر 11ی شەودا، یانەی بەرشەلۆنەی
ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یارییەکی گرنگدا رووبەڕووی کلوب بروجی
بەلجیکی دەبێتەوە.
بەرشەلۆنە لەمێژوودا چوار جار رووبەڕووی
کلوب بروج بووەتەوە، لە سێ یارییدا بردنەوەی بەدەستهێناوە و حەوت گۆڵی کردووە،
یانە بەلجیکیەکەش بردنەوەی نەبووە و سێ گۆڵی تۆمار کردووە و لە یەک یارییشدا
یەکسانبوون.
بەرشەلۆنە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ خاوەنی
تەنها شەش خاڵە لە سێ یارییدا و ئامانجی ئەوەیە بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی ئەم
یارییە بچێتە هەشت پلەی یەکەمی ئەم قۆناغەی پاڵەوانێتییەکە.
یانە ئیسپانیەکە بۆ ئەم یارییە بەرامبەر
کلوب بروج لە تواناکانی چەند یاریزانێک بێبەش دەبێت کە گرنگترینیان رافینیا و
پێدری و شتیگن و کریستنسن و گاڤی و خوان گارسیان.
لە یارییەکانی تریشدا، یانەی مانچستەر
سیتی ئینگلیزی لەپێناو بەدەستهێنانی سێیەم بردنەوە لەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەدا
میوانداری یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات.
ئەم دوو یانەیە لە رابردوودا شەش جار
رووبەڕووی یەکبونەتەوە، مان سیتی لە سێ یاریدا براوە بووە و حەوت گۆڵی تۆمارکردووە
بەرامبەر بردنەوەیەک بۆ دۆرتمۆند کە پێنج گۆڵیشی هەیە، لە دوو یارییشدا
یەکسانبوون.
لە هەمان شەودا، یانەی ئینتەر میلانی
ئیتاڵی لەپێناو بەدەستهێنانی چوارەم بردنەوە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ میوانداری
کایرات ئەلماتی دەکات، چێڵسیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی کاراباگ ئەگدام
دەبێتەوە و ئامانجی سێیەم بردنەوەی بەدوای یەکە.
خ . ک