سێشەممە لە چامپیۆنز لیگ یاریی ئاگرین بەڕێوەدەچێت

PM:03:52:03/11/2025

324 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ بەهێزترین پاڵەوانێتی بۆ یانەکان بەردەوامی هەیە و لەم هەفتەیەدا چەند رووبەڕووبونەوەیەکی بەهێز ئەنجامدەدرێن.

شەوی سێشەممە لە کاتژمێر 11 و لە یاریی ئاگریندا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی.

ئەم دوو یانەیە لە مێژوودا 12 جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، ریاڵ مەدرید باڵادەست بووە بە شێوەیەک حەوت بردنەوەی هەیە و 17 گۆڵی تۆمارکردووە بەڵام لیڤەرپوڵ خاوەنی چوار بردنەوەیە و 12 گۆڵی کردووە و لە یەک یاریدا یەکسانبوون.

یانەی شاهانە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا سێ یاریی کردووە و لە سەرجەمیاندا براوە بووە، ئامانجی ئەوەیە چوارەم بردنەوەی بەدوای یەک بەدەستبهێنێت تا نزیکتر ببێتەوە لە گەیشتن بە قۆناغی 16.

یانە ئینگلیزیەکەش کە لیڤەرپوڵە شەش خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ریزبەندیی ئەم قۆناغەدایە، دەیەوێت بە پشتگیری هاندەران و یاریگای خۆی لە ریاڵ مەدرید بباتەوە و بچێتە پلەکانی پێشتری ریزبەندییەکە.

لە هەمان شەودا و لە یارییەکی تری بەهێزدا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە یاریگای ئالیانز ئارینا میوانداری پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەکات و هەردوو یانەکەش ئامانجیان بەدەستهێنانی چوارەم بردنەوەی بەدوای یەکە لە پاڵەوانیتییەکەدا.

پاریس و بایرن لە مێژوودا 15 جار بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، یانە ئەڵمانیەکە لە هەشت یارییدا بردنەوەی بەدەستهێناوە و 19 گۆڵی کردووە، یانە فەرەنسیەکەش حەوت بردنەوەی هەیە و 17 گۆڵی کردووە.

لە یارییەکانی تریشدا،یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری سانت گیلوازی بەلجیکی دەکات، تۆتنهام و یۆڤانتۆس و ناپۆلی بەرامبەر کۆپنهاگن و سپۆرتینگ و فرانکفۆرت یارییدەکەن، ئارسناڵیش لەپێناو چوارەم بردنەوەی بەدوای یەک لەدەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی سلاڤیا پراگ دەبێتەوە.

خ . ک