باشترینەکانی ئاسیا خەڵاتکران

AM:10:37:17/10/2025

76 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سالم دەوسەری بەباشترین یاریزانی ئاسیا و لی کانگ ئینیش بەباشترین یاریزانی ئاسیا لە دەرەوەی کیشوەرەکە دیاریکران.

لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ ساڵی 2025 کە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، سالم دەوسەری یاریزانی یانەی هیلال و هەڵبژاردەی سعودیە، خەڵاتی باشترین یاریزانی کیشوەرەکەی پێدرا بۆ دووەمجار لە دوای ساڵی 2022ەوە.

ئەستێرە 34 ساڵانەکە، وەرزی پێشوو لەگەڵ هیلال بەشداری لە 51 یاریدا کرد و تێیدا توانی 27 گۆڵ و 18 ئەسیست تۆماربکات، گۆڵکاری چامپیۆنز لیگی ئاسیاش بوو بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ.س

سالم بووە یەکەمین یاریزانی سعودیە لە مێژوودا کە دووجار ئەو خەڵاتەکەی پێدراوە، شەوی رابردووش کێبڕکێکەی لە ئەکرەم عەفیفی ئەستێرەی قەتەری و عارف ئەیمەنی ئەستێرەی مالیزی بردەوە.

هەروەها لە ئاهەنگەکەدا، لی کانگ ئینی یاریزانی کۆریای باشور و یانەی پاریس سان جێرمان بەباشترین یاریزانی ئاسیا لە دەرەوەی کیشوەرەکە دیاریکرا پاش ئەوەی لەگەڵ پاریس بووە پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ.

ئەلێکسی بادولاتۆی ئوسترالی و یاریزانی مڵبۆرن سیتیش خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی پێبەخشرا، یۆ سیۆنگ هوی راهێنەری تیپی ژنانی خوار 20 ساڵانی کۆریای باشوریش بەباشترین راهێنەر دیاریکرا.

لە خەڵاتەکانی تریشدا، عەلیڕەزا فەغانی ناوبژیوانی بەناوبانگی بە بنەچە ئێرانی و هاوڵاتی ئوسترالی بەباشترین ناوبژیوانی ئاسیا دیاریکرا، سالار ئاغایی یاریزانی فوتساڵی ئێرانیش بەباشترین یاریزانی فوتساڵ هەڵبژێردرا.