AM:08:59:17/10/2025
92 جار خوێندراوەتەوە
+
-
رۆناڵدۆ و مێسی لە پێشەنگی پڕداهاترین یاریزانانی
تۆپێ پێ ماونەتەوە و لامین و بێلینگهامیش ناویان چووە لیستەکەوە.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربێس، کریستیانۆ
رۆناڵدۆ لە پێشەنگی لیستی پڕ داهاتترین یاریزانانی تۆپی پێ دایە لە وەرزی 2025 بۆ
2026، کۆی داهاتەکەشی دەگاتە 280 ملیۆن دۆلار، لەو بڕە 230 ملیۆن دۆلاری لە یانەی نەسڕی
سعودیە و 50 ملیۆن دۆلاری دیکەشی لە گرێبەستە ریکلامی و سپۆنسەرییەکانەوەیە.
رۆناڵدۆ لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەردەوامە لە
سەرکردایەتیکردنی تیپەکەی لەناوە و دەرەوەی یاریگا و دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی،
رۆڵێکی دیار لە یانەی نەسر دەبینێت.
لە پلەی دووەمدا لیۆنێل مێسی بە بڕی 130 ملیۆن
دۆلار دەبینرێت کە لە ریزەکانی ئینتەر میامی یاریدەکات، کەریم بنزیمە، هێرشبەری
فەرەنسی یانەی ئیتیحادی سعودیەش، بە داهاتی 104 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمدا دێت.
کیلیان مباپێ لە ریاڵ مەدرید بە داهاتی 95 ملیۆن
دۆلار، ئێرلینگ هالاند لە مان سیتی بە داهاتی 80 ملیۆن دۆلار، وە ڤینیسۆسی
بەڕازیلی و هێرشبەری ریاڵ مەدرید بە 60 ملیۆن دۆلار پلەکانی چوارەم تا شەشەمیان
گرتووە.
محەمەد سەڵاح و سادیۆ مانێ بەبڕی 56 ملیۆن دۆلار
لە پلەکانی حەوتەم و هەشتەم دێن.
ئەوەی جیاوازە لە لیستەکەی ئەمجارە دوو ناوی نوێ
دەبینرێن، ئەوانیش جود بێلینگهامی ئەستێرەی ریاڵ مەدرید و لامین یاماڵی ئەستێرەی
بەرشەلۆنەیە، بە جۆرێک جود داهاتی 44 ملیۆن دۆلارە و لامینیش داهاتی 43 ملیۆن
دۆلارە.