PM:01:49:16/10/2025
224 جار خوێندراوەتەوە
+
-
بەرشەلۆنە لە لیڤاندۆڤسکی توڕەیە و تا ئێستا روون
نییە لە یانەکە دەمێنێتەوە یاخود دەڕوات.
یەکێک لەو یاریزانانەی بەرشەلۆنە دەبێت لە وەرزی داهاتوو
ئایندەی رۆشن بکاتەوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییە، هێرشبەرەکە وەرزی پێشوو بەهۆی ئەوەی
گەیشتە ئەو ژمارە یارییەی لە گرێبەستەکەیدا ئاماژەی پێکرابوو، مانەوەی لە بەرشەلۆنە
درێژکرایەوە.
بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە لە ئێستادا بەنیاز نییە
گرێبەستی لیڤا نوێبکاتەوە و بارودۆخ و ئاستی لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵدەسەنگێنن،
دیکۆی بەڕێوبەری یانەکەش بەروونی باسی لەوەکردووە مەرج نییە پێویستیان بە هێرشبەری
ژمارە نۆی کلاسیک هەبێت.
یەکێک لەو هۆکارانەی وا لە بەرشەلۆنە دەکات
گرێبەستی یاریزانە 37 ساڵانەکەی نوێنەکاتەوە پێکانەکانێتی، چونکە لە دوو مانگی
دەستپێکی ئەم وەرزە دووجار تووشی پێکان بووە، ئەوەش وای لە یانەکە کردووە دوودڵ
بن.
هەروەها یانە ئیسپانییەکە لە یاریزانەکە توڕەیە
چونکە پێیانوایە دەبوو لە یاری هەڵبژاردەی پۆلەندا بەرامبەر لیتوانیا لەنێوان
تایمەکان گۆڕانکاری پێبکرایە، بەڵام لیڤا درێژەی بە یاریکردندا بە باندجێکەوە کە
لەسەر رانی بوو.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم بارودۆخانە،
درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی بۆ ئێستا راگیراوە، لەلایەکی دیکەوە
هەواڵەکان باس لە ئۆفەری یانەکانی سعودی دەکەن، بەڵام بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکە،
ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و دەڵێت: هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی دانوستان لەگەڵ یانە
سعودییەکان نییە، گرێبەستەکەی لیڤا لەگەڵ بەرشەلۆنە تا هاوینی 2026 بەردەوام دەبێت
و تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی دەبێت.