سەڵاح: سەردەمانێک بیرم لە وازهێنان دەکردەوە

PM:12:32:16/10/2025

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەڵاح دوپاتیکردەوە سەردەمانێک بیری لە وازهێنان لە یاریکردن کردووەتەوە و هەرگیزیش رابردووی خۆی لەبیرنەکردووە.

لە گفتوگۆییەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەی لیڤەرپول، محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی تیپەکە باسی لە دەستپێکی یاریکردنی تۆپی پێی کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەر لەگەڵ دەستپێکدا باوکی پشتگیری کردووە و رێگای بۆ ئاسان کردووە تا دەست بە وەرزشەکە بکات.

سەڵاح باسی لە سەختترین ساتەکانی ژیانی یاریکردنی کرد و وتی: بیرمە کاتێک بچووک بووم، دەبوو هەموو رۆژێک گەشت بکەم بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی یاری بکەم، چەند کاتژمێرێک رێگام دەبڕی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبووم و هەمیشە لە خۆمم دەپرسی، بۆچی ئەمە دەکەم؟ بەڵام باوکم هەمیشە پشتگیری دەکردم و هانی دەدام.

روونیشیکردەوە کاتێک ئاستی خراپ بێت، ئەوە دەڕواتەوە لەگەڵ منداڵەکانیدا یاری دەکات و موبایلەکەی هەڵناگرێت، لە ئێستادا لەوە تێگەیشتووە ئاست خراپیش بەشێکە لە تۆپی پێ و دەبێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە یاریزانانی تۆپی پێ لە دۆخێکدا بیر لە وازهێنان دەکەنەوە، ئەویش سەردەمانێک بەوجۆرە بووە، بەڵام پێویستە زۆر هەوڵ بدەیت بۆ مانەوە تێیدا، وە ئەو هەمیشە سوپاسگوزارە و رابردووی خۆی لەبیرە کە لەکوێوە گەیشتووە بە کوێ.