بەیڵ ترسی لە مایەپووچ بوون هەیە

AM:09:03:16/10/2025

256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەیڵ روونیکردەوە نایەوێت وەک شاهانە بژیت و پارەکانیشی بۆ وەربەرهێنانی جیاواز تەرخان دەکات.

گەیشتن بە ئاستی پیشەیی تۆپی پێ پێویستی بە هەوڵ و خۆبەخشییەکی زۆر هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە تەنها چەند یاریزانێکی تۆپی پێ دەگەنە لوتکە و ملیۆنان یۆرۆ کۆدەکەنەوە، بەڵام کاتێک دەگەنە ئەو خاڵە ڕووبەڕووی خانەنشینی دەبنەوە، هەندێکیان پارەکەیان لە بوارە جیاوازەکاندا دەخەنە وەبەرهێنانەوە و هەنێکیشیان مایەپووچ دەبن یاخود ناتوانن داهاتەکەیان زیاتر بکەن.

گاریس بەیڵ کە ئێستا تەمەنی 36 ساڵە و دوای مۆندیالی 2022 وازی لە یاریکردن هێنا سەرەڕای ئەوەی بەپێی ماڵپەڕی وێڵز ئۆنڵاین سامانەکەی بە 150 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت بەڵام ترسی ئیفلاس بوون قورسایی لەسەر دروستکردووە.

ئەستێرەکەی پێشووی تۆپی پێ لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فرۆنت ئۆفیس سپۆرتس باسی لەوەکرد، زۆر بابەت دەخوێنێتەوە دەربارەی ئەوەی یاریزانە پیشەگەرانەی خانەنشین دەبن و نازانن چۆن پارەکانیان بەڕێوەببەن و چۆن ڕووبەڕووی ژیانە نوێیەکەیان ببنەوە، هەمیشە لە مێشکیدا بووە کە ژیان دوای تۆپی پێ چۆن دەبێت، بەڵام نەیویستووە وەک زۆرێکیان ژیانێکی لوکسی هەبێت و شاهانە بژیت.

سەبارەت بە بەرێوەبردنی سامانەکەشی وتی: هەر لەسەرەتاوە هەوڵمدا وەبەرهێنانەکانم هەمەچەشن بکەم، هەمیشە ئەم بنەمایەم لەبەرچاو بوو: دەبێت پارەکەم لە کەرت و بوارە جیاوازەکاندا وەبەربهێنم چونکە ئەگەر یەک پایە داڕمێت و بە باشی کار نەکات، ئەوا تەواوی بیناکە ناڕووخێت.