لە یارییەکانی قۆناغی پالاوتنەکانی گەیشتن بە جامی جیهانی، ئەڵمانیا و ئێرلەندای باکور بەیەکگەیشتن.
تایمی یەکەم، ئاستی هەردوولا لەیەکەوە نزیکبوو، بەڵام مانشافت بە گۆڵێکی ڤۆڵتمادا پێشکەوت کە لە خولەکی 31 تۆمارییکرد، ئەو تایمەش بەو تاکە گۆڵە کۆتایی هات.
لە تایمی دووەم، یارییەکە هاوسەنگی زیاتری بەخۆیەوە بینی و هیچکامیان هەلی زۆر مەترسیداریان نەبردە سەر گۆڵی یەکتر، یارییەکەش بە تاکە گۆڵەکەی ڤۆڵتمادا لە سودی ئەڵمانیای میوان کۆتاییهات.
تیپەکەی ناگلیسمان بە نۆ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە و ئێرلەندا سێیەمە بە شەش خاڵ.
لە یارییەکی دیکە و لە کۆمەڵەی دووەم، سوید بەرامبەر کۆسۆڤۆ تووشی شکستبوو، سوید تەنیا یەک خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی چوارەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، کۆسۆڤۆش دووەمە بە حەوت خاڵ.