PM:02:40:17/09/2025
320 جار خوێندراوەتەوە
+
-
یارییەکانی چامپیۆنز لیگی ئەم وەرزە
بەردەوامی هەیە و کۆتا شەش یاریی لە جەولەی یەکەمی قۆناغی یەکەم بەڕێوەدەچن.
شەوی پێنجشەممە لە کاتژمێر 10، یانەی
بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یارییەکی بەهێزدا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی
یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی.
بەرشەلۆنە لە مێژوویدا چوار جار رووبەڕووی
نیوکاسل بووەتەوە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، یانە کەتەلۆنیەکە لە سێ یارییدا
براوە بووە و هەشت گۆڵی تۆمارکردووە، یانە ئینگلیزیەکەش یەک بردنەوەی هەیە و چوار
گۆڵی کردووە.
یانەی بەرشەلۆنە کە لە وەرزی رابردوودا لە
قۆناغی پێش کۆتاییدا ماڵئاواییکرد ئامانجی ئەوەیە لەم وەرزەدا بگاتە یاریی کۆتایی
و بۆ شەشەمین جار لە مێژوویدا نازناوەکە بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا کۆتا نازناوی لە
2015 بردووەتەوە.
هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە لە مێژووی
چامپیۆنز لیگدا لە 32 یارییدا راهێنەرایەتی کردووە، لە 25 یارییدا براوە بووە و سێ
یەکسانبوون و چوار شکستی هەبووە، یەک نازناویشی بەدەستهێناوە کە لەگەڵ بایرن
میونشن بووە.
لە یارییەکی تردا، یانەی مانچستەر سیتی
ئینگلیزی بە راهێنەرایەتی پیپ گواردیۆلا لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ناپۆلی
ئیتاڵی دەکات.
ئەو دوو یانەیە لە مێژوودا تەنها چوار جار
بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، مانچستەر سیتی دوو بردنەوەی هەبووە و هەشت گۆڵی
تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا ناپۆلی یەک بردنەوەی هەبووە و شەش گۆڵی کردووە، لە یەک
یارییشدا یەکسانبوون.
لە هەمان شەودا چەند یارییەکی تریش
بەڕێوەدەچن، یانەکانی سپۆرتینگ و مۆناکۆ رووبەڕووی ئەلماتی و کلوب بروج دەبنەوە،
بایر لیڤەرکوزنیش دەبێتە میوانی یانەی کۆپنهاگنی دانیمارکی.
خ . ک