PM:05:35:15/09/2025
548 جار خوێندراوەتەوە
+
-
چامپیۆنز لیگ بەهێزترین پاڵەوانێتی لەسەر
ئاستی ئەوروپا وەرزێکی نوێی دەستپێدەکات و چاوەڕێ دەکرێت کێبڕکێیەکی بەهێز لە
نێوان یانەکاندا ببینرێن.
لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا هاوشێوەی وەرزی
رابردوو 36 یانە بەشداری دەکەن و هەر یانەیەکیش لە قۆناغی یەکەمدا هەشت یاریی
ئەنجامدەدات.
لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ، پریمەر لیگ
زۆرترین یانەی بەشدارە کە شەش یانەیە، پێنج یانەی خولی ئیسپانیاش بەشدارن، چوار
یانەی خولەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیاش لە پاڵەوانێتییەکەدان، سێ یانەی فەرەنسی و
چەند یانەیەکی خولەکانی تریش بوونیان هەیە.
سێشەممە چەند یارییەک ئەنجامدەدرێن و لە
کاتژمێر 10ی شەودا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی
مارسیلیای فەرەنسی دەکات.
ریاڵ مەدرید لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا
چوار جار رووبەڕووی مارسیلیا بووەتەوە و لە سەرجەم یارییەکاندا بردنەوەی
بەدەستهێناوە و 12 گۆڵی تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا مارسیلیا سەرجەمیان دۆڕاندووە
و تەنها چوار گۆڵی کردووە.
یانەی شاهانە لەم وەرزەدا ئامانجی ئەوەیە
جارێکیتر بە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنز لیگ شادبێتەوە و 16یەمین نازناوی خۆی لە
مێژووی پاڵەوانێتییەکە بەدەستبهێنێت.
خ . ک
لە هەمان کاتدا، یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی
لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێتەوە
ئەو دوو یانەیە لە مێژوویاندا نۆ جار
بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، خانمە پیرەکە شەش بردنەوەی هەبووە و 20 گۆڵی
تۆمارکردووە، یانە ئەڵمانیەکەش دوو بردنەوەی هەبووە و 11 گۆڵی کردووە، لە یەک
یاریشدا یەکسانبوون.
لە یارییەکانی تریشدا، یانەی ئارسناڵی
ئینگلیزی لە یارییەکی بەهێزدا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ئەتلەتیک
بلباو، یانەی تۆتنهامیش کە پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپا لیگ بوو میوانداری
ڤیاریاڵ دەکات.