سلۆت و ئارتێتا دوای یارییەکەی نێوانیان چییان وت؟

AM:12:14:01/09/2025

316 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سلۆت پێیوایە بردنەوە لە ئەرسناڵ ئەرێنییە و ئارتێتا نەیشاردەوە تا ئێستا نەیبینیوە لیڤەرپوول ئەوەندە ئازار بچێژێت بەرامبەریان.

دوای یاریی نێوان لیڤەرپوول و ئارسناڵ کە بەشکستی گەنەرز کۆتاییهات، راهێنەری هەردوولا لێدوانی خۆیان لەسەر یارییەکە خستەروو.

لە سەرەتادا ئارنی سلۆتی راهێنەری رێدز وتی: ئەگەر بەرامبەر تیپێکی وەک ئارسناڵ سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، کە وەرزی ڕابردوو خەیاڵیی بوون و لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزبوون، ئەوە زۆر ئەرێنییە، لە کۆتایی وەرزدا دەزانین ئەم ئەنجامە مانای چییە.

وتیشی: ئارسناڵ مەترسی خۆی بە یارییکردن بە شێوەی مان توو مان پیشاندا، بەڵام بەهۆی بوونی سۆبۆسلای ئەو مەترسیانەمان کەمکردەوە، لە تایمی دووەمیش باشتر یارییمان کرد.

دەشڵێت: کەمێک زیاتر لە وەرزێکە لەگەڵ سۆبۆسلای کاردەکەم، بەڵام ئەو نیشانی دەدات کە بەڕاستی لیڤەرپوول مانای چییە، ئەگەر داوای لێبکرێت وەک یاریزانی بەرگری یارییبکات، دەیکات، داوای هەر شتێکی لێبکەی لە یاریگادا وەک خۆی جێبەجێی دەکات.

لە بەرامبەردا ئارتێتای راهینەری ئارسناڵ ئاماژەی بەوەکرد، شانازی بە ئاستی یاریزانەکانیەوە دەکات، تا ئێستا نەیبینیوە لیڤەرپوول ئەوەندە ئازار بچێژێت بەرامبەریان.

دوپاتیشیکردەوە، ناتوانیت 90 خولەک لە ئانفێڵد باڵادەستبیت، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوانیان نەبوو، نائومێد بوو لە ئەنجامی یارییەکە، بەڵام دەبێت رێگا چارە بۆ بردنەوەی یاریی لەم شێوە بدۆزینەوە.