شتوتگارت ئۆفەرێکی گەورەی بایرنی بۆ ڤۆلتیمادی رەتکردووەتەوە

PM:05:48:14/08/2025

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شتوتگارت ئۆفەرێکی گەورەی بایرنی بۆ فرۆشتنی ڤۆلتیمادی رەتکردووەتەوە و بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانەکەش توڕەیە

تۆڕی سکای ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، بایرن میونشن ئۆفەرێکی نوێی بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە نیک ڤۆلتیمادی، هێرشبەری شتوتگارت کردووە، بەڵام یانەکەی ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە و داوای 75 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

باڤارییەکان لەم هاوینە لیروێ سانێ و تۆماس مۆلەریان لەدەستداوە، کۆمانیش هەنگاوێک لە نەسڕی سعوودی دوورە، جەمال موسیالاش تووشی پێکانێکی سەخت بووە و یانەکە پێویستی بە هێرشبەری نوێیە.

دانی باخمان، بەڕێوبەری کارەکانی ڤیلتیمادی بەتووندی رەخنە لە هەڵوێستەکانی شتوتگارت دەگرێت و بڕوای وایە ستەم لە یاریزانەکە دەکرێت، چونکە بەبێ بەرامبەر رووی لە شتوتگارت کردووە و موچەیەکی کەمیش لەو یانەیە وەردەگرێت.

هێرشبەرە 23 ساڵانەکە لە هاوینی 2024 بێبەرامبەر لە ڤێردێر برێمنەوە پەیوەندی بە شتوتگارت کردووە، وەرزی رابردوو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 33 یاریی کرد، تێیدا 17 گۆڵی تۆمارکرد و سێ گۆڵیشیش دروستکرد، گرێبەستی ئێستاشی لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت.