دۆریڤاڵ بووە راهێنەری یانەیەک

PM:07:34:29/04/2025

128 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دۆریڤاڵ بە فەرمی بووە راهێنەری یانەی کۆرێنتیانزی بەڕازیلی و جێگەی رامۆن دیازی گرتەوە.
بە فەرمی دۆریڤاڵ جونیۆری راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل وەک راهێنەری یانەی کۆرێنتیانز دیاریکرا و تا ساڵی 2026 لە راهێنەرایەتی ئەو یانەیە بەردەوام دەبێت.
دۆریڤاڵ لەلایەن پێگەکانی یانەکەی بەڕازیلەوە بە فەرمی وەک راهێنەر ناسێنرا و جێگای سەرنجە شوێنی رامۆن دیازی گرتەوە کە ڕاهێنەرێکی ناسراوی ئەرجەنتینییە و پێشتر ئەزموونی راهێنەرایەتی یانەی هیلالی سعودیەی هەبووە.
دۆریڤاڵ جونیۆری تەمەن 63 ساڵ، دوای دۆڕانێکی قورس بەرامبەر ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، لە کارەکەی دوورخرایەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل و دەوترێت کارلۆ ئەنیچلۆتی جێگەکەی دەگرێتەوە.
کۆرێنتیانز دوای کۆتایی هاتنی هەفتەی شەشەمی خولی بەڕازیل تەنها حەوت خاڵی هەیە و لە پلەی 12یەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، کارگێڕی یانەکەش هیوادارن لەگەڵ دۆریڤاڵ کە ئەزموونێکی زۆری لە خولی بەڕازیل هەیە بگەڕێنەوە سەر ئاستی پێشوویان.