PM:03:21:15/04/2025
344 جار خوێندراوەتەوە
+
-
قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ لە
کۆتا ساتەکانیدایە و ناسنامەی دوایین دوو یانەی گەیشتوو بە قۆناغی پێش کۆتایی
ئاشكرادەکرێن.
چوارشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا و لە
یارییەکی ئاگریندا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ
میوانداری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی دەکات.
یانەی ریاڵ مەدرید لەم یارییەدا ئەرکێکی
زۆر قورسی هەیە تا بتوانێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنێت بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا بە
ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر تووشی شکستبووە بەڵام هاندەرانی ئەو یانەیە دڵنیان
لەوەی کە یانەکەیان لە توانایدایە ریمۆنتادا بکات
ریاڵ لەم یارییەدا پێویستی بە ئەنجامی
گەورەیە تا بتوانێت ئامانجەکەی بەدیبهێنێت، ئەو یانەیە ئەگەر بیەوێت بگات بە
قۆناغی پێش کۆتایی پێویستە بە جیاوازی چوار گۆڵ بردنەوە بەدەستبهێنێت یان بە
جیاوازی سێ گۆڵ و دواتر بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان چونکە لە هەر ئەنجامێکی
تردا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە دەکات تەنانەت بە بردنەوەش بە جیاوازی گۆڵێک یان
دوو گۆڵ.
لە بەرامبەردا، ئارسناڵ ئەگەرەکانی
گەیشتنی بە قۆناغی پێش کۆتایی زۆرن و بە هەموو بردنەوە و یەکسانبونێک، شکست بە
جیاوازی گۆڵێک یان دوو گۆڵ، تەنانەت شکست بە جیاوازی سێ گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە
یەکلاکەرەوەکان ئەو ئامانجەی بەدی دەهێنێت بەڵام لە کاتی شکست بە جیاوازی چوار گۆڵ
یان زیاتر وە شکست بە جیاوازی سێ گۆڵ و دۆڕان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ماڵئاوایی
دەکات.
لە یارییەکی تریشدا، یانەی بایرن میونشنی
ئەڵمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لەکاتێکدا لە
یاری چووندا یانە ئیتاڵییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر براوە بووە.
ئینتەر کە لە یاریگای خۆیدا یاریدەکات بە
هەموو بردنەوە و یەکسانبونێک گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی مسۆگەر دەکات تەنانەت لە
کاتی شكست بە جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان هەمان ئامانج
بەدەستدەهێنێت.
لە بەرامبەردا بایرن میونشن پێویستی بە
بردنەوە هەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ تا بتوانێت بگات بە قۆناغی داهاتوو یان بردنەوە
بە جیاوازی گۆڵێک و دواتر بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بەڵام هەر ئەنجامێکی
تری هەبێت ئەوا ماڵئاوایی دەکات بەتایبەت لە ئەگەری یەکسانبوون یان شکست
هاندەرانی ئەو دوو یانەیە چاوەڕێی
یارییەکی گەورە دەکەن و بایرن میونشن متمانەی بەوە هەیە بتوانێت تۆڵەی یاری چوون
بکاتەوە، ئینتەریش بە راهێنەرایەتی ئینزاگی ئامانجیان ئەوەیە لەسەر ئەنجام و ئاستە
نایابەکانیان بەردەوام بن.
خ . ک