سبەینێ دوو یاری بەهێزی چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدرێن

PM:08:16:14/04/2025

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی کرانە دەرەوەدایە و ئەم هەفتەیە ناسنامەی چوار یانەی گەیشتوو بە قۆناغی پێش کۆتایی ئاشکرادەکرێن.

سێشەممە لە کاتژمێر 10 دوو یاری بەڕێوەدەچن لە یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی.

بەرشەلۆنە بەڕێژەیەکی زۆر گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا کە لە یاریگای خۆی ئەنجامیدابوو بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا.

یانە کەتەلۆنییەکە لەم یارییەدا بە هەموو بردنەوە و یەکسانبونێک دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی، تەنانەت لە کاتی شکستهێنان بە جیاوازی سێ گۆڵیش دەگاتە هەمان قۆناغ، هەروەها شکست بە جیاوازی چوار گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان هەمان ئامانج بەدەستدەهێنێت.

لە بەرامبەردا یانە ئەڵمانییەکە ئەرکی زۆر قورسە و چاوەڕێی موعجیزە دەکات تا بتوانێت بگات بە قۆناغی داهاتوو چونکە پێویستی بە بردنەوەیە بە جیاوازی زیاتر لە چوار گۆڵ تا بگات بە قۆناغی پێش کۆتایی یان بە جیاوازی چوار گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان کە ئەوەش ئەستەمە.

لە هەمان کاتدا و لە یارییەکی تردا، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئەستۆن ڤیلای ئینگلیزی.

یانە فەرەنسیییەکە ئەگەری گەیشتنی بە قۆناغی پێش کۆتایی زیاترە بەهۆی ئەوەی یاری چوونی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سوودی خۆی کۆتایی پێهێنابوو، لەم یارییەشدا بە هەموو بردنەوە و یەکسانبونێک دەگات بەو قۆناغە، تەنانەت لە ئەگەری شکست بە جیاوازی گۆڵێکیش هەمان ئامانج بەدەستدەهێنێت.

ئەستۆن ڤێلاش لەم یارییەدا لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە، دەبێت جیاوازی دوو گۆڵ بردنەوە بەدەستبهێنێت دواتریش بە لێدانە یەکلاکەرەوەکانیش براوە بێت تا بگاتە قۆناغی داهاتوو، یان بە جیاوازی زیاتر لە دوو گۆڵ براوە بێت، لە کاتیهەر ئەنجامێکی تردا ماڵئاوایی دەکات.

پاریس سان جێرمان بە راهێنەرایەتی لویس ئینریکی لەم وەرزەدا بە باشترین ئاستەوە دەرکەوتووە و لە ئێستاشدا یەکێکە لە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ.
خ . ک