ئەمشەو بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمان یارییان هەیە

PM:01:16:09/04/2025

316 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و کۆتا دوو یاری چوونی ئەو قۆناغە ئەنجامدەدرێن.

چوارشەممە لە کاتژمێر 10 دوو یاری بەڕێوەدەچن، لە یاری لوتکەدا، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی بروسیا دۆرتمۆند دەکات.

بەرشەلۆنە لە مێژوویدا پێنج جار رووبەڕووی دۆرتمۆند بووەتەوە، یانە ئیسپانییەکە لە سێ یاریدا براوە بووە و نۆ گۆڵی تۆمارکردووە، دۆرتمۆندیش بردنەوەی نییە و چوار گۆڵی کردووە، لە دوو یاریشدا یەکسانبوون.

یانە کەتەلۆنییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا 10 یاری ئەنجامداوە، هەشت بردنەوەی بەدەستهێناوە و یەک شکستی هەیە و لە یەک یاریشدا یەکسانبووە، 32 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 گۆڵی لێکراوە.

لە بەرامبەردا دۆرتمۆند حەوت بردنەوە و دوو یەکسانبوون و سێ شکستی هەیە لە 12 یاری ئەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەدا، 28 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 گۆڵیشی لێکراوە.

هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە لە رابردوودا شەش جار رووبەڕووی بروسیا دۆرتمۆند بووەتەوە لە کاری راهێنەرایەتیدا، لەسەرجەمیاندا بردنەوەی بەدەستهێناوە و هیچ شکست و یەکسانبوونێکی نەبووە.

لە یارییەکی تر و لە هەمان کاتدا، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەبێتەوە.

پاریس لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا لە 12 یاریدا حەوت بردنەوە و یەکسانبوونێک و چوار شکستی هەیە، 25 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 گۆڵی لێکراوە بەڵام ئەستۆن ڤێلا تەنها 10 یاری ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ قۆناغی یەکەمی تێپەڕاند و خاوەنی حەوت بردنەوە و یەک یەکسانبوون و دوو شکستە.

پاریس سان جێرمان لە ئێستادا یەکێکە لە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی دەکات بەتایبەت لە ساڵی 2025دا وە هەروەها تێپەڕاندنی یانەی لیڤەرپوڵ لە قۆناغی 16دا هێزێکی زیاتری بەو یانەیە بەخشیوە.

خ . ک